ڕووناک ئاڵتوون
شاعیر، سلێمانی
………………..
لە(وەرین)دام،
(کۆش)ت بگرەوە
تا…نەڕژێمە سەر زەوی
بە زەحمەت کۆ بکرێمەوە.
.
ئێوەم بیرە
خۆمم لەبیر نییە!
خۆم داناوە
بۆ سەفەرێکی
کت و پڕ،
کە ھەموو شتێکم لێ بکەوێت
دڵم نەبێت..!
ھەست بەزڕەی حەرفەکانت دەکەم
لە “گوێمدا”
تا.. تۆ دەگەیت
مردوو شۆر
دەڕوات.
بەشی ئەوەم پێوە ماوە،
یەک پینەی” دڵ “بکەم
داوی ڕۆح .
سەرەیەکم بۆ بنووسە،
دەمەوێت بمرم
لەئامێزی” تۆدا”
،
شریخەی دێت،
ھەوری تەنیاییم
چاوەڕێی بارینم..
بڕیارە چەند بژیم؟
وا بە بێ دەنگیت
ئازارم دەدەیت!
ئازادیم ناوێ،
چێژ دەبینم
کۆیلەت بم !
دارو دیوار وێنەی” تۆن”
ڕوو بە ھەر لایەکدا دەسوڕێنم
تا…درگای دڵت ڕێ دەکەم
بێ( عەسا) بێ چاو ساغ
نابیناش بم.
پابەند نیم بەیاساوە،
دەستگیرم بکە،
ووتت : لەبیرم بکە
نەم توانی!!
دەنگی بایەقوش دێت
من …
لەچ وێرانەیەکم؟
بەلەمی بێ چارۆکەم،
تۆفان ھەر جارەو
دەمدات بەکەنارێکدا.
گرفتارم،
توانای دۆزینەوەی
تەرمی خۆشم نیە!
گوێم لەتەپڵی سەرکەوتنە،
تۆ براوەیت..
لەکۆتاییدا.

