فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە

…………..

بنووسی شێعر و وەیخوێنی نەوێری
وەخت بێ خۆ لە پێنووسیش وەشێری
دڵت پڕ بێ وڕک بخزێتە قوڕگت
ڕقت هەستێت و نەگری چونکە مێری
یەخەت بگرێ ستەم تۆ پێی نەوەستی
ددان بکرۆژی بجنی لێو لە ژێری
بجۆشێ خوێن و دەستت پێی بلەرزێ
پەرەستارت بە قورسێ ڕاسپێری
بدا تەم گێژ و بگرێ دەوری دیدەت
نەبێ پەیدا شەماڵی گەرمەسێری
بسووڕێ ئاسمان و هەر سەرنجت
بەرەو درزێکی ئاسۆت ڕابدێری
ئیتر بێدەنگ ببی بڕژێیە نێو خۆت
کەسیشت گوێ نەداتێ چونکە فێری
بە تەنیایی بدەی شانت وەبەرخەم
بنووسی، بۆچی؟ بۆ کێی جا بنێری