فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەمەنی سەرپێچیکردنی منداڵان

فەهمی کاکەیی
نووسەر، سويد

…………….

 

لە ڕاستیدا منداڵان چەند تەمەنێکی سەرپێچییان هەیە، بەو مانایەی لەگەڵ گەورەبوون و گەشەکردنیان بۆ تاکێکی سەربەخۆ, بە چەند قۆناغێکی جیاوازی سەرپێچیکردندا تێدەپەڕن. تەمەنی بەرخۆدان بەشێکی سروشتیی گەشەکردنە و هەر بۆیە شتێک نییە پێویست بکات هەوڵی سەرکوتکردنی بدەیت یان وەک قۆناغێک ڕەتی بکەیتەوە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی تواناکانی، منداڵ ئازادی زیاتر و بڕیاردانی زیاتریشی دەوێت. ئەوەی کە سەختە سەبارەت بە سەردەمێکی نوێی سەرپێچیکردن ئەوەیە کە سەردەمە نوێیەکەی سەرپێچیکردن لە پڕ سەر هەڵدەدات. بەو مانایەی هێدی هێدی سەرهەڵنادات کە هەستی پێ بکەین.
دایکان و باوکان لەگەڵ گەشەکردنی منداڵەکە دید و بۆچوون و مامەڵەکردنیان گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکوو وا مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەدا دەکەن کە هێشتا بچووک بێت. ئەمەيش وا دەکات کاتێک منداڵ لە قۆناخی ئارامی تەمەنی ساوا پێ دەنێتە قۆناغی منداڵی بچووکی چەند ساڵییەوە، ببێتە شۆکێک بۆ دایک و باوکان.

تەمەنی سەرپێچیکردن چییە؟
دەکرێت ڕەفتاری سەرپێچیکارانە لە هەر کاتێک لە کاتەکانی پەروەردەکردنی منداڵدا ڕووبدات، یان دەکرێت هەر بە تەواوی ڕوو نەدات. هەروەها چاکە دایک و باوک ئەوە بزانن کە تەنیا منداڵ نییە هۆکاری سەرپێچییەکە بێت، چونکە سەرپێچی لە ئەنجامی مامەلەکردن لەگەڵ گەورەکەدا سەرهەڵدەدات. بەڵام خەتای کێیە، هیچ پێویست بە مشتومڕکردن لەسەر ئەم مەسەلەیە ناکات. ئەمە لە هەموو پەیوەندییەکاندا بە تەواوی ئاساییە. لە کۆتاییدا، سەرپێچیکردنەکە ئامانجیەتی منداڵەکەت ئامادە بکات بۆ ژیانێکی سەربەخۆ بە توانای جەختکردنەوە لەسەر خۆی و پێداویستییەکانی. شتێک کە هەموومان وەک دایک و باوک لە ڕاستیدا هانی دەدەین.

ئایا هەموو منداڵان بە تەمەنی سەرپێچیکردندا ڕەت دەبن؟
زۆربەی دایک و باوکان ئەزموونی تەمەنێکی سەرپێچیکردنیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەبێت، بەڵام لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت.
منداڵ لە ماوەی گەشەکردنیدا، لە چەند کاتێکی جیاوازدا بە تەمەنی سەرپێچیدا ڕەت دەبێت. ڕەنگە دایک و باوک زیاتر باسی ئەو سەرپێچییانە بکەن کە زیاتر دیار و دژوارن. سەرپێچیی ڕۆژانە دەکرێت لە هەموو قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵدا ڕوو بدات.
یەکەم تەمەنی سەرپێچیکردن بەزۆری کاتێک ڕوو دەدات کە منداڵەکە تەمەنی لە دەوروبەری دوو ساڵە و پێی دەگوترێت سەرپێچی دوو ساڵە. جارێکی تر کە تەمەنێکی سەرپێچی دەردەکەوێت کاتێکە کە منداڵەکە تەمەنی لە دەوروبەری ٦ ساڵە و دواتر کاتێک منداڵەکە لە دەوروبەری ٩ ساڵە. سەرپێچییە سەرەکییەکە کاتێکە کە منداڵەکە لە تەمەنی هەرزەکاریدایە.
منداڵەکە خۆی ئاگاداری ئەوە نییە کە لە تەمەنی سەرپێچیدایە. بۆ منداڵەکە تەنها هەستکردنە بە “من دەتوانم” یان “من دەمەوێت”. وەک دایک و باوکێک ڕەنگە باش بێت ئەگەر ئامادە بیت بۆ ئەم گۆڕانکارییە و بزانیت چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکەیت. زۆرجار غافڵگیر دەبیت و بە تووڕەییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت، ڕەنگە چەند جارێک سەرزەنشتی منداڵەکەت بکەیت و لێی تووڕە ببیت. لە ڕاستیدا ماوەیەک دەخایەنێت تا تێدەگەیت کە ئەمە تەمەنێکی سەرپێچییە منداڵەکەت پێیدا تێدەپەڕێت.

منداڵەکان سەربەخۆ دەبن و گەورەکان سەرپێچیکار دەبن
کاتێک منداڵەکە لە تەمەنێکی تەحەدادایە، ئەوە ئەرکی دایک و باوکە سەربەخۆیی زیاتر بە منداڵەکەیان بدەن و لەگەڵیدا کراوە بن، بەڵام بەداخەوە ئێمە بە دەگمەن وا زوو ئەم کارە دەکەین – لەبریی ئەوە خۆمان”سەرپێچی”ی گەشەکردنی سروشتیی منداڵەکەمان دەکەین.

سەرپێچیی منداڵی دوو ساڵان
پێ دەچێت منداڵی دووساڵە یەکەم تاقیکردنەوەی دایک و باب بێت، کە لە ناکاو هەست دەکەن منداڵەکەی خۆیان ناناسنەوە.
منداڵ لەو تەمەنەدا ئیرادەی خۆی دەدۆزێتەوە و زمانیشی بە باشی گەشەی کردووە. لەم تەمەنەدا منداڵ بۆی دەردەکەوێت کەسانی تر ویستیان هەیە و ڕەنگە وا ڕوو بدات ئەو ویستەی ئەوان پێچەوانەی ویستی ئەم بێت، لێرەدا ڕەنگە دۆخێکی سەرپێچیکردن بێتە کایەوە. بە تایبەتی لەم تەمەنەدا منداڵ فێری زۆر شت دەبێت و تێدەگات شتەکان چۆن بە یەکەوە گرێ دراون. لە تەمەنی دوو/ سێ ساڵیدا ڕۆژانە منداڵ فێری شتی نوێ دەبێت پەیوەست بە پەیوەندیی خۆی بە جیهانی دەرەوە.

لەم تەمەنەدا دەکرێت ناکۆکی لەنێوان منداڵ و دایک و باوکیدا سەر هەڵبدەن. بۆ نموونە منداڵ خواردنەکەی فڕی دەدات، جلەکانی دادەکەنێت و نایەوێت لەبەریان بکات، لە دوکان و بازڕدا وڕک دەگرێت و خۆی فڕی دەداتە سەر زەوی، شتگەلێکی دەوێت کە دایک و باب نایانەوێت بۆی بکڕن. دەقیژێنێت یان دەگریت، بۆ ئەوەی بارێکی نەخوازراو بۆ دایک و باوک دروست بکات. لەم حاڵەتەدا نابێت بە قسەی منداڵەکە بکرێت تەنێ لەبەر ئەوەی بێدەنگ بێت و دایک و باوک لەبەردەم خەڵکی تردا شەرمەزار نەبن. ئەگەر ئەم کارە بکرێت ئیتر منداڵەکە بۆی دەچێتە سەر و ئەوەی بڕیار دەدات مندالەکەیە نەک دایک و باوکی.

ئەوە دایک و باوکن دەبێت سنوور بۆ منداڵەکە دابنێن، نەک منداڵەکە سنوور بۆ ئەوان دابنێت. لە هەمان کاتدا دەبێت دایک و باوک دڵی منداڵەکەیش ڕاگرن، ئەمە کارێکی ئاسان نییە. بەڵام ئەگەر وا نەکەن ئیدی کۆنترۆڵیان بەسەر منداڵەکەدا نامێنێت.

لەم تەمەنەدا نابێت زۆر لەگەڵ منداڵدا بڵێیت، پێت وا نەبێت ئەو هەموو شتێک تێدەگات، بە کورتی قسەی لەگەڵدا بکە و بە کردار نیشانی بدە کە پێویستە چی بکات و چی نەکات. منداڵ هێندەی تەماشای کردار دەکات هێندە گوێ لە قسە ناگرێت.

 

 

سەرچاوە:
psykologiguiden.se, vimedbarn.se, föräldrarochbarn.se, petrakrantzlindren.se, Jesper Juul – Ditt kompetenta barn, babyvarlden.se, Leach, Penelope: Allt om barnet. De första sex åren. 1999, Ulvund, Stein Erik: Förstå ditt barn 0–2 år. Cappelen 2004.