فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمانی دایک

ڕۆژا ناسر کاکەمەد
نووسەر، فەڕەنسا

………………
بە دڵێکی پڕ لە خۆشحاڵییەوە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئەم وتارەم دەنوسم کە تایبەتترین ڕۆژی ساڵ و تەمەنە بەلامەوە وەکوو کەسێکی خاوەن قەڵەم و نووسەرێک،، چونکە هەست ئەکەم لە ماوەی تەمەنی ژیانم، ئێستا زۆر ویژدانم ئاسودەیە و دڵخۆشم بەوەی کە دڵسۆزانە و بە هەنگاوی پڕ لە جورئەت و چاونەترسییەوە هەوڵ و چالاکیم هەبوون لە پێناوی باشترکردن و بەهێزکردنی زمان و نووسین و وشەی کوردی و زاراوەکان لە پێناوی پاراستنی کوردییەکی ڕەسەن و مانەوەی دا.
وەکوو خۆم کە ماوەی شەش ساڵ کاتێک کارمەندی کتێبی دەنگی بووم لە شاری ستۆکهۆلم،، چ لە بواری هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنم وەکوو پەیامنێریم و ڕۆژنامەوانیم، بابەتی دیکیۆمێنتار و ڕێپۆرتاژ، هەموو نووسینەکانم لە بواری ئەدەبیات وەکوو شیعر، وەرگێڕان، نووسینەوەی کتێب و هەر بابەتێکی دیکەی نووسین، هەمیشە یەکەم هەوڵم بۆ ئەوە بووە کە زمانی کوردی پارێزراو بێت، و زۆرترین هەوڵم لەم پێناوەدا بوو. بۆ من بەر لەوەی کاری خوێندنەوەی کتێبێک و پێداچوونەوە و خوێندنەوەی چەندێک گرنگ بوایە، پێش هەموو شتێک ئاستی نووسینەوەی کتێبەکە لە ڕووی داڕشتنەوە و نووسینەوەی وشە کوردییەکان زۆرتر جێی بایەخ و گرنگتر بووە لای من. ئەمە دەچێتە چوارچێوەی زمانەوانی و ئاستی پاراستنی زمانی دایکییەوە. هەر بۆیە هەموو کات پێش دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە و تۆمارکردنی کتێبێکی کوردی لە ناو ستۆدیۆ،، بە وردی کاری پێداچوونەوەی ورد و باشم بە پێویست دەزانی کە پێم وابووە نابێت وشەی کوردی بە نووسراوی هەڵە، یاخود وشەی بێگانەی وەکوو فارسی و عەرەبی لە نێو دێڕەکان دا هەبێت و دواتر بکەوێتە بەر دید و گوێگری کتێبەکە دەنگییەکە. مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە هەموو ئەو بابەت و کتێب و کتێبی دەنگییانە بەر لە وەشان و چاپ و بڵاوکردنەوەیان، زۆر پێویستە بە سەرنجێکی تایبەتەوە پێداچوونەوەیەکی زۆرباشیان بۆ کرابێت لە پێناوی پاراستن و مانەوەی زمانی کوردی لە هەموو قۆناغێک. پێم وایە ناکرێت و گونجاو نییە کاتێک کتێبەکانمان بابەتەکانمان بڵاودەبنەوە، لەگەڵ ئەوەیش دا لە ڕووی زمانی دایکییەوە ڕەچاوی ڕێنووسی زمانی کوردی نەکرابێت لە پێناوی پاراستن و پارێزراوی،، کە ئەمەیان خاڵی بە هێزی هەموو بڵاوکردنەوەیەکە… چونکە گەر ئێمەی نووسەران و ئەدیبان و خاوەن قەڵەم خۆمان بە بەرپرسیار و کاریگەر بزانین لەم ڕووەوە، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە ناو کۆمەڵگە و نەوەکان، زمانی دایکی و ڕێنووسی کوردی لە ئاستی پارێزراوی بمێنێتەوە.
لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە کارمەندی کتێبی دەنگی بووم، بەداخەوە هەموو کاتێک لە نێو دێڕی کتێبەکان شاهێدی ئەوە دەبووم کە دەیان وشەی کرچ و کاڵ و هەڵە بە داڕشتنی لاواز دەکەوتنە پێش چاوەکانم،، ئایا گەر ئێمەی خەمخۆران و دڵسۆزانی بواری زمانی کوردی هەوڵی جدی و زۆرباش نەدەین بۆ چاککردنەوە و بەهێزبوون، ئەی کێی دیکەن ئەوانەی هەڵدەستن بەم کارە؟؟!!!
هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی هەر نووسەرێک و خاوەن قەڵەمێک بەر لە هەموو شتێک چاکسازی و بەهێزکردن و پاراستنی زمانی کوردی دایکییە بە هەموو زاراوەکانییەوە لە هەموو قۆناغێک. جیا لەوەیش مەرج نییە چینی نووسەران و ئەدیبان بن،، هەموو تاکێکی کوردی دڵسۆز کە خەمخۆری پاراستنی زمانی کوردییە پێویستە هەموو کات، بیری ئەوەی هەبێت زمانی دایکی بەر لە هەموو زمانێکی دیکەیە لە ڕووی قسەکردن و نووسینەوە و بەکارهێنان.
ئێمە لە نێو خێزانەکانمەوە لە پەروەردەی منداڵەکانمانەوە دەتوانین زمانی دایکیمان پارێزراو بکەین. بەدەر لەمە ئاخافتن و دواندن بە زمانی بێگانە، خاڵی لاوازی هەر کەسێکە کە زمان و کولتووری خۆی پێ کەمە و دڵسۆز نییە بۆ فەرهەنگ و زمان و زاراوەی نیشتیمانەکەی.
هەڵبەت ئەکرێت گەشبین و دڵخۆش بین بەوەی سەردەمی ئێستامان زۆرتر بایەخ و گرنگی بە زمانی کوردی دەدرێت بە هەموو زاراوەکانییەوە. کە ئەمەیش هۆکاری ئاست بەرزی و هۆشیاری نەوەکانی ئێستایە، لەگەڵ ئەوەی زانینی زمانی بێگانەیش لە فراوانی و زانین دا بووە. مەرج نییە وەکوو تاکێکی کورد هەر کاتێک رانین و فێربوونی زمانەکانی بێگانە ڕوو لە زیادبوون بوون، ئەمە هۆکار و هەڕەشەیەک بێت بۆ کاڵ بوونەوە و لاوازبوونی زمانی دایکی، کە ئەمەیان خاڵێکی هەرە گرنگی بە تایبەت هەر تاکێکی کوردە. چونکە ئێمەی کوردمان بەدەر لەوەی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تا ئێستا یەخەی پێگرتووین، بەڵام گرنگترین خاڵی بەهێز ئەوەیە فەرهەنگی زمان و زاراوەی کوردی بپارێزین کە مۆرکی شوناسی ئێمەیە.
هیوادارم لەم سەردەمەی ئێستای زمانی دایکیمان کە زمانی شیرینی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە شوناسی گەلی کوردە، زۆرتر هەوڵی پاراستنی بۆ بدرێت، چ لە ڕووی قسەکردن، نووسین لە ناو ژیانی ڕۆژانەمان… بەسە بۆ ئەوەی لە هەنگاوەکانی خۆمان و لە نێو خێزان و پەروەردەی منداڵ و نەوەکانمانەوە دەست پێبکەین.
وەکوو پرسی بابەتێک کە لە بیرکردنەوەی من دا دەخولێتەوە زۆرجار،، کە ئایا هەستی نەتەوە پەرستی پێویستە بۆ برەودان و بەهێزمانەوەی زمانی دایکی؟!….
بەڵێ بە هەموو شێوەیەک پێویستە و بنەمای پاراستن و بەهێزبوون و مانەوەی زمانی دایکییە، کە ئێمەی کورد وەکوو نەتەوەیەک پێویستە ڕەچاوی بکەین لە هەموو قۆناغێک وەکوو دیوێکی باش و ئەرێنی کە لە بەرژەوەندی پاراستن بێت نەوەک وەکوو دیوێکی دژایەتی لە سنووری کولتوورەکانی یکەی بێگانە. لەبەرئەوەی تا هەستی نەتەوەپەرستی بەهێز نەبێت و کاری خۆی نەکات لەو پێناوەدا، ئەستەمە فەرهەنگی زمانی دایکی و کولتووری میللەت لە خاڵێکی وەرچەرخانی بەهێزدا بمنێتەوە بە هەموو ڕەهەندیێکەوە.