فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خاک باوەش ئەکاتەوە بۆ چارەنووسێک کە ”با” ئەینووسێ

سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە
– – – –

من ئازاری گەڵام ئەشێلا
کە تۆ
پرسیاری سەوزت دابوو لە ئێخەی بێخەمیت
گوێت ئەگرت بە بیابان دا بۆ باران
وادەی کە گەیشت
خاک منەتی بەکەس نییە؛ لە کۆچ
کە وەرز گۆڕا؛
شەقام ئەکاتە باوەشی و چرا هەڵ ئەکا بۆ شار
کاغەزێک ئەنووسێ بۆ شاخ
جوگەلەیەک وەرئەگرێ لە ڕووبار
و
خەونی زەریایی ئەگێڕێتەوە بۆ وەچەکانی باخ
ڕێگا لە دوێنێی قەرز ئەکا
و ئوتووبانێک بەرەو بەیانی ڕائەکێشێ
تۆ؛ هەر یەخەت گرتووە بە ئاسمان و چاو ئەگێڕی بۆ هەور
کە ببارێ جوامێر
جارێک دێڕێکت لە من وەرنەگێڕایەوە بۆ کوێستان
کە نە بە هیوای ڕۆنیشتنی مانگ بێ و
نە ڕاخوشینی هەسارۆک

چۆم لە گەڵم دەیڵێتەوە جوانتر
خۆی داوە لە ئەستێرە و
تریفەی دزیوە لە مانگ و
بریقەی بەخەت کردووە لە پووڵەکە
ئەو ماسی کردووە بە گۆبەرۆک
لاسایی کاکێشان ئەکاتەوە ڕوون!

ئەی ئەوانەی کە بە هیوای بەربەستن لە ڕووبار
لە گەڵ ئێوەمە
ئەوە هەورە کە نەخشە بۆ زێ ئەکێشێ نە کانی
دەنا
کێ هەیە چاو هەڵگڵۆفێ بۆ کانی
نەرمتر لە من
کە ناز هەڵ ئەگرم لە نەمام
هەتا چرۆیەک دەر ئەکا شێوەی بچێ لە خۆم
تۆ؛
سەوزەڵانی ئەکێشی
سەوز ئەپۆشی
دەستت ناچێتە ڕووناکی
دەست ئەخەیتە ئاوەدانیش
هیچ ئەزانی؟
بەیانی، متمانە بە کەس ناکا؛
هەتا شووخاڵێک نەکێشێ بە ڕوومەتی شەوەزەنگا، گزینگ

خۆر پێ ناکەنێ بۆ دار
هەتا خۆی نەکێشێ بۆی، سوورەپەل بە ڕووتی
من هەر ئازار ناشێلم؛
گوێ ئەگرم لە خشپەش هێواش
گەڵا ئەڵێ: چارەمان با ئەینووسێ ئەو دەمەی کە دڵ دەدەین بە هەڵفڕین
کەچی هەر خاک ئەمانگرێتەوە باوەش!
گەڵا
کە دەفتەرێکە لە ڕابردوو
لاپەڕەیەکی ئەگاتەوە بە دمدم
بە تاجێکەوە لار کە لێی ڕامابێ ”ئەمیر خان”
کام ”زێڕین”
لەبێک کە سیسە لە سیاساڵ
لەپێک کە بەتاڵ بووبێ بە خیانەت!
دەفتەرێکی قەبەی لە بن هەنگڵیدایە دارستان
لاپەڕەیەکی تری
لە چەشنی ”بەردەقارەمان” بێ متەق
کە دامابێتە دەربەند
بە ناونیشانێکەوە لە ”شێخ”، یاسین ئەخوێنێ بۆ خۆی

لاپەڕەیەکیش پڕیەتی لە بریقە
لە چرا
کە ئەشەوقێ بە هەر چوار قولینچکی دەربەندا
وەک مێزەرەکەی ”پێشەوا”
کە بردبێتی ”با”
بە ناڕەوا!

ڕەنگ بەڕوویەوە نەمابوو نیشتمان
پێش ئەوەی
من پێشکەشی بکەم لە شێعر
توێ توێ لە واتا
ڕەنگاوڕەنگ لە خەون
پشوو پشوو لە هەناسە
بەرلەوەی کۆپلەیەکی بەرامبەر دابنێم لەبری ئاوێنە
من کە خۆم دابووە بەر ئاوێنە گەڵایەکم ئەبینی مەیلەو زەرد

نیشتمان نە خۆی دۆزیوتەوە شارەزا
نە هێشتا دەستی هەڵهێناوە بڵیند،
کە بیگەیەنم بە هەتاو
بە وشەیەک کە بچێ لە زەیتوون
بە ڕێکەوەندێک کە بکەوێتەوە لە دەلاقە
بە کۆپلەیەک؛ کە کچ بتوانێ بیکا بە ڕووبان:
– سپیتر لە شکۆفە
– سوورتر لە هەڵوێست
– خاکیتر لە گریلا

نیشتمان چاوی بڕیوەتە من:
– بە مەشخەڵێکەوە لە هەنار
– بە شێوەزارێکەوە شین
کە نەچمە دوئێلی هیچ وتووێژێکەوە کەمتەر خەم
بە زمانی ئاو ئەدوێ بۆم:
خز و خلیسکە سەهۆڵ
بە داوێنی ”ڕندۆڵەوە” بێ یان ”ئاڵپ”
کە بیخەنە بەر پێت؛ لووسترە لە سابوون!

ڕائەمێنم لە دار
پڕ بە بەژنی پاییزیی خۆی کە سەما ئەکا
بۆ با
ناز ئەکا بۆ باران
ئەچێتە
باوەشی بەفرەوە بۆ خەون
شێعرێکی بەسەردا بدەم دەبێ لە خوازە
بۆ سەرخەوێک لە سەر مان،
دێڕبەدێڕی ئاگر!

ساڵ درەنگە
دەفتەر بە دەفتەر ئەبڕم
ڕێگایەک لە دەربەند کە تەسکتر ئەبێتەوە و باریک
ناونیشانی تۆ ئەبێتە پەڵەیەکی پیس بە تەوێڵی دەفتەرێکەوە تاریک
بگەڕێ بۆ دۆزینەوەی دروشمێکی نوێ لە زستان

با من هەناسەیەک هەڵبکێشم لە خەڵک
کە نایەوێ واز بێنێ لە خەڵووز
پشوو بدا نزار
کە نایەوێ لیژنەیەک لە درۆ هەڵپەردێوێ لە ڕاستی
لاپەڕەیەکی دەبێ لێ وەسڕم بۆ پشوو
بە سێ نوختە و تەقەڵ لە دوای تەقەڵەوە حیکایەت لە سیخوار
هی قەدی دار و
باخەڵی کانی
( کە لە سڕبوون تێپەڕیوە و لە گۆ چووە زمانی)
بەستەڵەک نایەوێ خاو وەبێ
سڵ ئەکا لە نەورۆز
نوختە سەری دێڕ!
من ئەبێ لە ”ئا” وە بیدەمە بەر تیشک
هەتا ”یا”
ئەم ڕێنووسە بڵێی گەرم دابێ بە بزوێن
لە ڕابوون
لە چرۆ
لە ڕۆژێکی نوێ!

تا ئیتر ئازارێک شک نەبەم؛
– نە لە گەڵا
– نە لە دار
– نە لە شەقام، بۆ شێلان؟
شەقاوێکی پێدەوێ ئەم نزارە شارەزاتر لە جاران!