فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گەڕان بەدوای نیوە ڕاستەقینەکەی تردا

ئارام سدیق

نووسەر، سلێمانی

………………….

چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە هێزی خۆشەویستی

(پێشکەشە بە نیوەکەی تری ڕۆحم، کە سروەکەی بەسەرمەوە دەشنێتەوە)

لە ڕۆمانی “منداڵی سووتاو”ی ستیگ داگەرمان-دا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە سەبارەت بە هێزی خۆشەویستی، لەوێدا یەکێک لە کاراکتەرەکان دەڵێت “خۆشەویستی ئەو شتەیە ناتوانین نەیکەین.” ڕۆمانەکە گەلێک قووڵ باس لە خۆشەویستی و لێکەوتە جۆراوجۆرەکانی دەکات لەنێو ژیانی مرۆڤدا (کە لێرەدا نامەوێت بچمە وردەکارییەکانییەوە). خۆشەویستییەک، کە قووڵ دەچێتە ڕۆحی ئینسانەوە و هاتنە دەرەوەی مەحاڵە، یان مرۆڤ بە ویستی خۆی نییە کاتێک عاشق دەبێت. دەشێ بپرسین مرۆڤ بۆ خۆشەویستی دەکات؟ ئایا کاتێک مرۆڤ خۆشەوستی دەکات بۆ نیوەکەی دیکەی دەگەڕێت؟ یان چی دیکە؟
مرۆڤ بەهەردوو ڕەگەزەوە بوونەوەرێکە پێویستی بە خۆتەواوکردن هەیە. واتە بەبێ ئەوی تر بوونێکی ناکامڵ (هەڵبەت ئەگەر ئەم چەمکە گونجاو بێت)، یان دروستترە بڵێین ناتەواوی هەیە و لەڕێی ڕەگەزەکەی ترەوە بوونی خۆی تەواو دەکات. لای بوونگەراکان مرۆڤ بە پرۆژەکانی بوونی خۆی تەواو دەکات. بەڵام ئەو پێناسەیەی بوونگەراکان بۆ تەواوکاریی مرۆڤ دەچێتە خانەی مەعریفییەوە، نەک ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە، کە تەواوکاریی ڕۆحی مرۆڤە.
لە فیلمی “The Notebook”دا خۆشەویستی چەشنی ڕۆمانەکە ستیگ کاراکتەری “نوح” ناتوانێت خۆشەویستی لەگەڵ “ئێڵی” نەکات، کاتێکیش تووشی شکست دێت تا ساڵێک هەر بە ئومێدی زیندووبوونەوەی ئەو خۆشەویستییە دەژی و هەموو ڕۆژێک نامەیەک بۆ “ئێڵی” دەنووسێت، بەڵام ڕێگرییە کۆمەڵایەتییەکان خەونەکەی لەبار دەبەن و نامەکان ناگەنە ئێڵی، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئێڵی خۆشەویستێکی تر دەگرێت و دەشیەویێت هاوسەرگریی لەگەڵدا بکات، بەڵام هەمیشە هەست بە بۆشاییەک دەکات و هەست بەوە هەستە دەکات کە خۆشەویستی نوح تێکەڵی ڕۆحی بووە و لێی نایەتە دەرەوە. واتە خۆشەویستە نوێیەکەی “نیوەکەی تری نییە”، بەڵکو ئەوەی نیوەکەی تریەتی “نوح”ـە، هەر لەویشدا هەست بە بڵێسەی ڕاستەقینەی خۆشەویستی دەکات و یەکەم عاشقبوون و یەکەم کردەی شێتانەی لەگەڵ ئەودا تاقیکردووەوەتەوە، کە ویستوویەتی دژ بە لۆژیک کاربکات و لە شەوێکی درەنگوەختدا لەسەر شەقامێکی ڕابکشێت، کە ئۆتۆمبێلی خێرا پێیدا گوزەر دەکات و رۆحی بخاتە مەترسییەوە تەنها بۆئەوەی هاوڕۆحی خۆی بۆ نوح بسەلمێنێت. ئەم یەکەم سەرکێشییە دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەستکردن بەوەی نوح نیوەکەی تریەتی، نەک خۆشەویستە نوێیەکەی.
هەر لە ڕۆمانی “منداڵی سووتاو”دا ڕستەیەکی دیکەی سەرنجبەر هەیە بەمشێوەیەیە “ئەوەی لەگەڵ ژنێکدا شکستی هێنابێ، نایەوێ ئاقڵ بێت.” نوح ئەو کەسەیە، کە لەگەڵ شکستەکەشیدا بەڵام عەقڵ لای میوان نییە، چونکە ئەویش چەشنی “ئێڵی” هەستی بەوە کردووە، کە نیوەکەی تری خۆی دۆزیوەتەوە و ئەوەی نیوەکەی تری ئەوە هیچ خانمێکی تر نییە جگە لە ئێڵی.
مرۆڤەکان لە ئەزموونەکانی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییدا بۆ نیوەکەی تریان دەگەڕێن، نیوەیەک کە تەواوکاریی ڕۆحی و جەستەیی و سۆزداریی بێت. خۆ ئەگەر نیوەکەی تر تەنها تەواوکاریی یەکێک لەو سیانە بێت، ئەوا نیوەیەکی دروست نییە و ئەگەری جیابوونەوە و دەستبەرداربوون هەیە. مرۆڤەکان کە لە پەیوەندی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییدا لێکجودادەبنەوە، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە لەگەڵ نیوەیەکی هەڵەی خۆیاندا بوون و نیوە ڕاستەقینەکەی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. بەڵام دۆزینەوەی نیوە ڕاستەقینەکەمان لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و دواکەوتوودا ئاسان نییە، هەر بۆیە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و ناچارژیان لەگەڵ یەکتردا گەلێک بەرزە، چونکە کۆمەڵگە بە چاوێکی نزمتر سەیری ئەوانە دەکات، کە لە پەیوەندییەکی هاوسەرگیرییدا جیابوونەتەوە. لەکاتێکدا ئەمە پەیوەندی بە هەڵەکردنەوە هەیە لە هەڵبژاردنی نیوەکەی تردا.
دیوێکی دیکەی ترسناکی پەیوەندی ئەم سەردەمە ناچارژیانە لەگەڵ نیوەکەی تردا، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەرموگوڕی ژیانی پێکەوەیی و هاوسۆزییەکانی نێو خێزان هەیە و تاڕادەیەکیش سەرەتایەکە بەرەو لێکترازانی خێزان و لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی شاراوە، چونکە خێزانێک ڕێز و هاوسۆزی تێدا نەبێت لەگەڵ هەڵوەشانەوەدا هیچی ئەوتۆی کەم نییە.
ئێڵێ لەو فیلمەدا خۆشەویستە نوێیکەی هەڵنابژێرێت ئەگەرچی دەوڵەمەند و دانپێدانراوی کەسوکارەکەشییەتی و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە نزیکییان لەگەڵ یەکتریدا هەیە. ئێڵی نوح هەڵدەبژێرێت ئەگەرچی دانپێدانراوی خێزانەکەی نییە و هاوکات لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە گەلێک لەیەکترەوە دوورن، بەڵام ئەو هەست بە نزیکی ڕۆحی و جەستەیی و هاوسۆزی دەکات و ئەمەش ئەو ڕێگەیەیە کە ئێڵی دەستبەرداری هاوسەرە نوێیکەی ببێت بگەڕێتەوە بۆ لای نوح-ی یەکەم خۆشەویستی، چونکە چەشنی نوح ئەویش هەستی ئەوەی هەیە، کە نیوەکەی تریەتی.
پرسیارێک کە تا ئێستا وەڵاممان نەداوەتەوە ئەوەیە ئایا مرۆڤ کە خۆشەویستی دەکات بۆ نیوەکەی تری دەگەڕێت یان نا؟ بێگومان هەموو ئەوانەی خۆشەویستی دەکەن بۆ نیوەکەی تریان ناگەڕێن، بەڵام ئەوانە سەرکەوتوون، کە بۆ نیوەکەی تریان دەگەڕێن. زۆرن ئەوانەی بەناوی خۆشەویستییەوە تەنها بۆ هاودەم دەگەڕێن، یان تەنها بۆ هاوسۆز دەگەڕێن، ئەم دوو تایپە دەکرێت ناویان جێگرەوەی نیوەکەی تر بێت، یان نیوە ڕاستەقینەی تر نین. مرۆڤ کاتێک بەدوای نیوەکەی تریدا دەگەڕێت دەیەوێت نیوەیەک بێت کە بۆشاییە ڕۆحی و هاوسۆزی و جەستەییەکانی بۆ پڕ بکاتەوە. کاتێک باسی نیوەکەی تر دەکەین مەبەستمان توانەوەی هیچ کام لەم دوو کەسە نییە لەوی تردا، بەڵکو دوو بوونەوەرن، کە تێگەیشتنیان بۆ دۆخی یەکتریی و یەکتر قەبوڵکردن هەیە.