محەمەد سۆران
شاعیر، سلێمانی
……………..
سڵاو ئازیز،
نەمتوانی بۆنی ئەو شکۆفانە بکەم
کە لەباخچەی ژیاندا هەبوون،
لەسەر چەرپایەکی کۆن تەماشای ئاسمانم دەکرد،
نەمتوانی ئەستێرەیەکی درەوشاوەت ببینم!
تۆیش وەک منداڵێکی بێ زمان
نامۆت کردم
بە بەهارەکانی خۆت،
نامۆت کردم
بە ئاوێنە هەڵواسراوی ساڵۆنەکان.
هیچم نەویست،
جگە لە مشتێک ئارامی لە کۆڵانی تەنیاییدا،
ئەوەتا خۆشبەختی لە من ڕادەکات و
منیش لە ژیان ڕادەکەم!
ئەوەتا لەشانشینێکی دوور
تەماشایی هێڵی شەمەندەفەرەکان دەکەم،
تەماشایی سەوز بوونەوەی گەڵاکان و
ماچی خۆشەویستەکان دەکەم،
ئاسمانیش وەک چاوەکانی تۆ هێمنە،
باڵندەکان ئازادانە باوەشیان بۆ ڕۆژێکی نوێ کردووەتەوە.
ئاهــ چ چارەنووسێکە؟
کاتێک لەدەستی تەم هەڵدێیت،
پێنووسەکانت هەڵدەگریت و
دواین نامەیی خۆت دەنووسیت.
سڵاو دووبارە منم،
بچووکترین مەیتەوانی ئەم جەنگەڵە!
تابوتی خەونەکانی خۆم لەچاڵناوە و
باوەشم بۆ بارانێکی وێڵ کردووەتەوە.
ئەوە من بووم،
ئەو منداڵانەم بۆ هەمیشە خەواند کە برسێتی بێداری کردبوون،
دواین کەس ماڵاوایم لەو پیاوانە کرد
کە بێ ئومێدی پێیەکانیانی سڕ کردبوو،
پێیەکانی منیش لە قوڕی ئەو گۆڕانە پیس بووە کە بۆنی ژیانێکی دیکەیان لێ دێت!
نازانم دواین جار کەی بوو پێکەنیم،
شەوان هاوشێوەی مەستێکی بێکەس دەگەڕێمەوە شەقامە چۆڵەکان،
دەستم لە دەستی تەنیاییدایە و
گۆرانی بۆ ئەو ئەستێرانە دەڵێم
کە ئاشقان بەدیاریانەوە دەگرین.
ئەوەتانێ ئەم شارەم پڕ کردووە لە ژیان،
نازانم کەی دەڕۆم
بەڵام تەنیایی تاکە شتی کە ناتوانم ماڵاوایی لێ بکەم!
ئەوەتا لەگەڵ ژیان خەریکین یەکدی ڕەنگ دەکەین.
ئەو بەپێنووسی سپی، من بە پێنووسی ڕەش.
ئەو تاڵەکانی پرچم و من ڕۆژەکانی ئەو!
لەسەر شانی چوار جەللادی خەونەکانم،
هەنگاو هەنگاو بەشەقامەکاندا دەمگيڕن.
ئیدی بۆنی ژیان دەکەم و
لەگەڵ بستە خاکێکی غەریب
باوەش دەکەین بەیەکدا.
هیچم نییە بۆ وتن جگە لەبێدەنگی.
تەماشاکە خەندەکانی منداڵیم،
لە سینەمدا تۆزیان لێ نیشتووە!
یەشتا یارییەکانم کۆنەکردوەتەوە،
یەشتا ئاواتەکانم لە جانتاکەم دەرنەهێناوە،
یەشتا پیاسەکانم نەنووسیوەتەوە.
کەچی مەرگ بەبێ ئەوەی تەماشایی کاتژمێرەکەی دەستی بکات،
لە پەنجەرەکەوە دێتە لام.
تەواو ئیدی نامەوێ ئەو پیاوە سمێڵ فشە،
ورگ زلانەت ببینم
کە شەوان نیشتیمان لەژێریاندا دەنرکێنێ،
نامەوێ ڕووخساری ئەو کچانە ببینم
کە ڕەنگی گوڵە ساواکانیان کردووە بەلێویانەوە،
نامەوێ خوێنی خەونەکانم لەسەر دیوارەکانی ئەم شارە ببینم.
ئەو ڕۆژەش کە من دەمرم،
ئاسمان ساماڵە و
تۆیش لەنێو پۆلەکانی بێوەفاییدا،
وانەی عیشقە ناکامەکان دەڵێیتەوە!

