فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەمۆکی زستانە چییە؟

خەمۆکی زستانە، ناوە زانستیەکەی:
(Seasonal Affective Disorder- SAD)

شەرمین رەشید
مامۆستا و پسپۆری بواری سایکۆلۆژی

دانيمارک

…………………

 

خەمۆکی زستانە هەر لە ناوەکەی خۆیەوە ڕوونە، کە ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ دڵتەنگیيەک کە لەوەرزی زستاندا زیاتر خۆی بەرجەستە دەکات، بەهۆی ئەو گۆڕانکاریيە بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕوو دەدەن، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە بە ئاستێکی زۆر بەرچاو دەکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلەکانی سەرما بۆ ماوەیەکی درێژ و ڕووناکی ڕۆژ تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بەدیار دەکەوێت.
کاتێک تاریکی باڵ بەسەر زۆربەی ساتەکاندا دەکێشێت و ڕۆژەکانمان کورت دەبنەوە و تیشکی خۆریش بە ڕێژەیەکی زۆر لە پشتی هەورەکانەوە خۆی لێمان حەشار دەدات، بەرکەوتنمان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە ڕووناکی سروشتی ڕۆژ ئاستەم دەبێت، ئەمە وا دەکات کە جۆرێک لە خەمۆکی زستانە ڕوومان تێبکات و ببێتە میوانێکی نەخوازراو لەناو جەستە و دەروونی زۆربەماندا، بە جۆرێک کە جەستە هۆرمۆنی میلاتۆنین کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە زیاتر دەربدات و رێژەی ڤیتامین دی لە لەشدا دادەبەزێت و کیمی مێشكیش گۆرانی بایۆلۆژی بەسەردا بێت. بەمەيش مرۆڤ ئارەزووی جموجۆڵ لەدەست دەدات و کێشەی بێ هیوایی وکەمی جوڵە و تانەنەت بیرکۆییشی بۆ دروست دەبێت.
دەروونزانی وەک دۆخێک لە خەمۆکی زستانە دەروانێت، هەوڵ دەدات لە هەموو ڕەهەندەکانیيەوە شیکاری بۆ بکات و لێی تێبگات.ئەم زانستە بەدوای هۆکارە ژینگەییەکاندا دەگەڕێت کە بەهۆیەوە ئاسەواری نەرێنی و راستەوخۆ لەسەر تەندروستی دەروونی و بیرکردنەوەی تاک دادەنێت و، چۆنیش برێکی زۆر کەس بەم هۆیەوە دووچاری گۆشەگیری، ماندووێتی، بی وزەیی و دڵتەنگی دەبنەوە. لە دەرئەنجامدا پێشنیار و رێگا چارە بۆ ئەو کەسانەی بەم ئاریشەوە گیرۆدەن دەخاتە ڕوو.
دیارە کاتێک کەش و هەوا لەبار نيیە زۆربەمان ئەگەر بۆمان بلوێت، مانەوە لە چوار دیوار ماڵەکانمدا بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵدەبژیرین، بێ ئاگاین لەوەی کە ئەم بژاردەیە چ دۆخێکی دەروونی ناهەموارمان بۆ دروست دەکات و چ هەستیکی تەنیایی و دواتریش ئەزموونی بێمانایی لامان دەخوڵقێنێت.
ئاشکرایە برێکی زۆری بۆنە کولتووريیەکانی وەک لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بۆ کریستيانيیەکانی جیهان و بەرێکردنی ساڵی گوزەشتە و پێشوازی کردن لە ساڵی تازە بۆ سەرجەمی گەلانی جیهان ، فێستەلاون ، جەژنی خۆشەویستی، زۆر لە بۆنە تایبەتەکانی وەک رۆژی لەدایکبوون وا دەکەن مرۆڤ ناچار بکات کە ئامادەیی پیشان بدات بۆ چوونە ناوکۆڕ و کۆبوونەوە دەستە جەمعیيەکان، تا پیشانی بدات ئەویش بەشێکی دانەبراوە لەوانی تر.
ئەم دۆخە دەتوانێت ململانێ و ناتەباییەکی ناوەکی و مەعرفی لای تاک بخوڵقێنێت لە نێوان هەستەکانی خۆی و ئەو چاوەروانیيەی ئەوانی تر کە هەیانە لێی کە دەشێت وەک کەسێکی چالاک و خۆشحاڵ خۆی مانیفێست بکات. ئەمەيش دەتوانێت هەستی بێدەسەڵاتی و خەمۆکی لای ئەو کەسانە خراپتر بکات کە کەوتوونەتە ژێر گوشاری خەمۆکی زستانەوە، چونکە لایان ئاستەمە کۆنترۆڵی لایەنی ناوەکی خۆیان و دەرەکی بکەن و وزە کۆبکەنەوە بۆ هەڵسووکەوتکردن لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا.
لە مێژە دەروونناسی مەعریفی پەی بەوە بردووە کە ئەوانەی مەیلی رەخنە لەخۆگرتن وبیرکردنەوەی ئۆتۆماتیکی نەرێنیان هەیە لە مانگە تاریکەکانی زستاندا، مەخابن ئەم هەستانەیان زیاد دەکات وهاندان و هەموو جۆرە مۆتیڤێک بۆ ژیانکردن بە گڕوتینەوە لەدەست دەدەن. لەبیریشمان نەچێت کارلێکی چالاکيیەکان لاواز دەبن، بە مانایەکی تر بیرکردنەوە نەرێنیيەکان و نیشانە بایۆلۆژيیەکان یەکتر بەهیز دەکەن و ئەو ساتانەی مرۆڤ لە خولگەی بێ تاقەتی و مەیلی تەنیایی و خەمۆکیدا دەمێنێتەوە.
لە چارەسەری دەروونی خەمۆکی زستانەدا بەتایبەت لای سایکۆلیجستەکانی بواری سایکلۆلۆژیای ئەرێنی، جەخت لەسەر گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و کردارەکان دەکرێتەوە، بۆ ئەمەيش دەستنیشانی ئەو بیرکردنە ئۆتۆماتیکیانە دەکرێت کە کار لەسەر داڕشتنی بەرنامە و ئەجندای رۆژەکان دەکەن، تا چالاکی مانادار بهیننەبوون و لەبەردەم هەر ئاڵنگاریەکدا بووەستنەوە کە بیرکردنەوەی نەرێنی دەهێنێتە ئاراوە.
خەمۆکی زستانە دەشتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر بڕوا بە خۆبوون، هەر بۆیە چارەسازان کار لەسەر تەکنیکەکانی وردبینی و خۆقبووڵکردن دەکەن، تا بتوانن کەسانی تووشبووی ناو ئەم دۆخە باشترو شارەزاتر مامەڵە لەتەک هەستەکانی خۆیدا بکات و بەڕەنگاری پارسیڤ بوون ببێتەوە. ژنە نووسەر وپسپۆری بواری سایکۆلۆژی دانمارکی مێتە بیرکهۆلمم لەمەر ئەم بابەتەوە دەڵیت کە خەمۆکی زستانە تەنیا وابەستە نيیە بە گۆڕانکاری بایلۆژی جەستە بەڵکوو هەموو ریتمی ژیانی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا دێت، هەر بۆیە بە گرنگی دەزانێت کە رۆژانە سەرەڕای بارودۆخی سارد و زەمهەریری زستانە، تووشبووان هان بدرێن بڕۆنە دەرەوە و پیادەڕەوی لە ناو سروشتدا بکەن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، رۆتینی رۆژانەیان پەیرەو بکەن، تێکەڵاویان لەگەل کەسە نزیکەکانیان بەهێز ڕابگرن. بەشی پێویست سوود لە ریلاکس و خەوتن وەرگرن. ئەمە جگە لەوەی کە هۆشداری دەدات کە چ جۆرە خواردنێک دەشێت ڕۆژانە بخورێت کە وزە بەخش بێت ویاریدەدەری دەرخستنی هۆرمۆنی دڵخۆشی بێت.
زۆر دەوترێت بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و چوونە ناو خەڵک یاریدەدەرە بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەروونی و خۆ رێکخستنەوە و دوورکەوتنەوە لە خەمۆکی زستانە. شوێنی خۆیەتی ئەگەر تێکەڵاوبوونی ئەم دواییانەی کوردان لە دەرەوەی کوردستان و خۆپئشاندانەکانیان ببەستینەوە بەم دۆخەوە، درک بەوە دەکەین کە ویڕای ساردی پلەکانی گەرما و باوبۆرانی زستانە کەچی دڵگەرمی کوردستانیان بۆ پرسەکەیان و بوونی مانا و پێداگرتن لە مافە ڕەواکانیان مەحاڵەکانی تیدەپەڕان، کەسانی وا هەبوون کە رۆژانە بە دڵگەرميیەوە لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندانەکاندا لە پێشەوە دەبینران، کە ئەگەر ئەو وابەستەبوونە نەبووایە کە پەیوەستە بە ئیرادەی نەتەوەیەک، مەحاڵ بوو حەوسەڵەی هاتنە دەرەوەی هەبێت، نەخاسمە چەند رۆژێک و بێ دابڕان مانەوە لەسەر شەقامەکان. ئەوەی تێبینی دەکرا شەوق و دڵخۆشی ئەو کەسانە بوولەناو ئەوانی هاوشیوە و هاوکەیسی خۆیاندا و بەشداریکردنیان خستبوونيیە بەردەم چارەسەرێکی دەروونی خۆرسک.
لە وڵاتانی خۆرئاوادا سەردانیکردنی پسپۆری دەروونی بۆ دەرچوون لە قەیرانی خەمۆکی زستانە شتیکی وەرگیراو قبووڵکراوە، ئەگەر چی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا تا رادەیەک ئەم پرسە ئەفەرۆز دەکرێت. هەر بۆیە مرۆڤ دەتوانێت ئەگەر لە ماڵەوەيش بێت لەرێگەی چەند تەکنیکێکی سادەوە ئەم ئاستەنگە تێپەڕێنێت بەوەی رۆژانە بۆ ماوەی پێنج خوولەک سەرنج بخاتە سەر هەناسەدانی قووڵ یاخوود لە ڕێگەی هەستەکانی بەرکەوتن و بینین و بیستنەوە چێژ لە شتەکانی دەورەبەری وەربگرێت و بەمەيش خۆی لە حاڵەتەکە بەدوور بگریت و ژیان باشتر بکەیت.
خوێندنەوەی پسپۆرانی سایکۆلۆژیای ئەرێنی بۆ دۆخەکە ئەوەیە کە کاتێک ڕۆژەکان تاریک و درێژن مەیلی مێشک زیاتر دەبێت بۆ چوونە ناو بیرە خەمگین و نەرینیيەکان، هەر بۆیە بوونی هیوا و ئاوات لە ژیانی هەر تاکیکدا بەهای خۆی هەیە، تا بتوانێت هەژموونی هەبێت بەسەر ئەم هەستە نەرێنیانەدا و دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم بکات. هەروەها سەرنجراکێشان بۆ لای شتە باشەکانی ناو ئەو ڕۆژەی تێیدەپەرێنین و بوونی سووپاسگوزاری بۆ ئەو شتانەی هەمانە دەمانپارێزیت لە خەمۆکی زستانە. هەڵوەستە کردنیش لەسەر شتە بچووکەکان کە وزە دەبەخشن کارێکی ژیرانەیە، وەک بۆنکردنی چایەک یان قاوەیەکی خۆش، وەبیرهێنانەوەی حاڵەتێکی گاڵتەئامێز. لە وڵاتێکی وەک دانيمارکدا لە وەرزی زستاندا لە زۆربەی شوێنە فەرميیەکاندا جۆرە لامپێک بەردەستە کە یاریدەدەرە بۆ بەرزکردنەوەی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین کە هاوکاری بەرزکردنەوەی ئاستی دڵخۆشی دەکات و میلاتۆنین ڕێک دەخاتەوە و ئینەرگی دەبەخشێت. ئەم گڵۆپە لە بەیانیاندا بەکاردێت بۆ ماوەی نیو کاتژمێر. کە دەبێت دوای هەفتەیەک یان دوو هەفتە هەست بە گۆڕانکاری بکرێت لای ئەو کەسانەی کە بەکاری دەهێنن.
خۆ دەبێت ئەوەيش لەیاد نەکەین کە هەمیشە خەمۆکی کاتی لاوازی مرۆڤ نيیە، بەڵکوو هەندێک جار دەروازەیە بۆ مرۆڤ کە زیاتر ئاشنایی پەیدا بکات لەسەر خۆی و زیاترخۆی بناسێت. هەندێک جار وا پێویست دەکات کە لەگەل خۆیشیدا ئاشت ببێتەوە یان شتێک لە ناو خۆیدا چاک بکاتەوە و لەگەل خۆیدا نەرمی و میهرەبانی بنووێنیت و بۆ ماوەیەک بگەڕیتەوە بۆ خودی خۆی و دیسانەوە رێکخستن لە خۆیدا نوێ بکاتەوە.
دواجارهەر دەکرێت بڵێین ئەگەر چی وەرزی زستان وەرزی تاریکییە زیاتر لە ڕووناکی، و کەمبوونی چالاکی دەرەکیيەکانە وەک لە وەرزەکانی تری ساڵ، بەڵام دەکرێت وەرزی ئارامبوونەوە و نوێبوونەوەيش بێت، وەرزی بەرگەگرتنی دەروون بێت، وەرزی ناسینەوە و ناونانی هەستەکانمان بێت وەک خۆیان. وەرزی ئومێد و بوژاندنەوەی سروشت و چاوەروانکردنی هاتنی بەهارێکی کەسک ولێوانلێو لە جوانی بێت.