فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نەتەوەیەک دەورەدراو بە فاشیزم

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی”فاشیزمی وەهمەکان و بڵاوبوونەوەی دۆزەخ”

ئارام سدیق

نووسەر، سلێمانی

………………..

هەموو سیستمێکی دیکتاتۆری بە کەوتنی ئیدی کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئەگەری دووبارەبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی هەیە، بەڵام لە فۆڕمی نوێ و لە سەرزەمینی نوێدا. ئەمە بۆ فاشیزمیش دروستە. فاشیزم تەنها دەرکەوتەیەکی خۆرئاوایی و ئەوروپایی نییە، بەڵکوو جۆرە سیستمێکە ئەگەری دووبارەبوونەوە لە نێو هەموو سیستمێکی سیاسی و دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریی و فەندەمێنتالیستیدا هەیە. کەواتە ناکرێت بڵێین فاشیزم؛ یەک سیما و یەک دۆخی هەیە. بەڵام ئەوەی ناکرێت نکۆڵی لێ بکەین ئەوەیە، فۆڕمەکانی فاشیزم وەکوو یەک نین و سیما و دۆخ و دەرکەوتەی جۆراوجۆریان هەیە. واتە سیما و دەرکەوتەکانی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی جیاوازە لە سیما و دەرکەوتەکانی فاشیزمی ڕۆژئاوایی.

یەکێک لەو کتێبە گرنگ و سەرنجڕاکێشانەی هەفتەی پێشوو خوێندمەوە کتێبی “فاشیزمی وەهمەکان و بڵاوبوونەوەی دۆزەخ”ی ئومێد حەمەعەلی-یە، کە لە دووتوێی 528 لاپەڕەدا لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی دەرکەوتەیەکی نوێی فاشیزم، کە جیاوازە لە فۆڕمە بەرجەستەبووەکانی دیکەی فاشیزم، کە ئەویش فاشیزمی ڕوسییە. فاشیزمی ڕوسی؛ وەک مێژوو دەرکەوتەیەکی نوێ نییە، بەڵام بەم فۆڕمە کامڵ و پێگەیشتووەی ئێستایەوە دەرکەوتەیەکی نوێیە و ئەم فۆڕمەيش لەدوای جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە بەتەواوی سیما فاشیستییەکانی دەرکەوتووە.

ئەم کتێبە لە دەروازەیەک و یازدە بەش پێکهاتووە و نووسەر لە دەروازەکەدا بەمشێوەیە باسی  لە فاشیزم کردووە: “فاشیزم چیتر لەوە ترازاوە ئاماژەبێت بۆ ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو. فاشیزم چیتر ئایدۆلۆژیا نییە، شێوازی بەرخوردی هەموو ئایدۆلۆژیاكان و ئایدۆلۆژیستەكانە بە ئەوانیتری جیاوازەوە. فاشیزم دەتوانێت پێناسەی پەیوەندی هەر ئایدۆلۆژیایەك بێت بە دونیاوە، بە هەر ئەویترێكی جیاوازەوە. ڕووی دژ و بەرپەرچدەرەوەی تێزی فاشیستی فەلسەفە و ڕەوشتی دیموكراسییە. دیموكراسی لە ناوەوەی مرۆڤدا، نەك ئەو بۆشگەیەی زۆربەی جار ئایدۆلۆژیست-فاشیستەكانیش پێیان باشە هەبێت تاكوو دەرفەت بە دەركەوتنی ئایدیا فاشیستییەكانیان بدات.”

لە دواتردا نووسەر بە وردی تیشک دەخاتە سەر سەرچاوە سەرەکییەکانی فاشیزم و ئەو دەیگێڕێتەوە بۆ ڕەهاگەرایی، یان وەکوو خۆی ناوی دەنێت ڕاستی ڕەها و لەمبارەیەوە دەنووسێت: “پێویستە بەردەوام لەبیرمانبێت ئەوەیە، كە وەهمی ڕاستینە-حەقیقەتی ڕەها مامانی فاشیزمە. پێویستنەبوونی بیركردنەوە تەنیا كاتێك مرۆڤ پێیدەگات، كە ڕاستینەی ڕەها لە دۆخی هەرە چالاكی خۆیدا بێت. پرسیارەكە لە بنچینەوە ئەوەیە، ئەگەر حەقیقەتی ڕەها ئامادەبێ و زانراوبێ ئیدی مرۆڤ بیركردنەوەی بۆ چییە؟ وەڵامی پرسیارەكە بێگومان دەرگا بە ڕووی توخمە فاشیستییەكاندا دەكاتەوە.”

لە بەشی یەكەمدا نووسەر ئاماژە بۆ “بوژانەوەی نەریتخوازی وەك میتائادیۆلۆژیا، یان نەریتخوازی سەراپاگیر” دەکات لێرەدا بە وردی باس لە نەریتخوازی سەرتاپاگیر دەکات، کە فۆڕمەکەی لەنێو فاشیزمی ڕوسیدا ڕەنگیداوەتەوە و بیرمەندی ڕوسی “ئەلێكساندەر دوگین” کاری بۆ دەکات. هەرچی بەشی دووەمە تەرخانە بۆ “میتافیزیك وەك بنەڕەت: گرێدانەوەی چارەنوسی مرۆڤ بە ڕووبەرە نامرۆییەكانەوە” لێرەدا بەر گەمەیەکی میتافیزیی بیرمەندە فاشیستییە ڕوسییەکە دەکەوین و لەوێشوە ڕیشەی بیرکردنەوەکانی دەباتەوە لای بیرمەندێکی دیکە بەناوی ئیڤۆلا. هەرچی بەشی سێیەمە تەرخانە بۆ درێژەدان بە نەریتخوازی ڕادیكاڵی یولیوس ئیڤۆڵا وەك سەرچاوەی بیرکردنەوەکانی دوگین. لە بەشی چوارەمیشدا، کە تەرخانە بۆ لە فەرمانڕەوایی میتافیزیكی: كۆتایی فەرمانڕەوایی مرۆڤ دەکرێت.

لە بەشی دواتردا نووسەر لەژێر ناوی “كۆتایی فەلسەفە: لەدایكبوونی پەیامبەری فاشیزم لە ئەشكەوتی ئەفڵاتونەوە”، خاڵێک کە لێرەدا نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات گەڕانەوەیە بۆ ڕیشەیەکی مێژووی قووڵ، کە ئەمەيش دژ بەو بۆچوونەیە، کە پێیوایە فاشیزم زادەی سەدەی بیستەمە. بە وردەکارییەکی زۆرەوە ڕیشەکانی فاشیزم لەم کتێبەدا دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە دێرینترین فەیلەسوفانی یۆنان کە “ئەفلاتۆن”ـە.

لە بەشی شەشەمیشدا نووسەر ئاماژە بە كۆتایی دیموكراسی دەکات و زۆر بەسادەیی ئەوە دەخاتەڕوو کە فاشیزم کۆتایی دیموکراسییە. ئیدی لەم سەرەتا سادەیەوە بەرەو قووڵبوونەوە و قووڵایی ئەم تێزەیە خوێنەر کەمەندکێش دەکات. هەرچی بەشی دواترە تەرخان کراوە بۆ سڕینەوە و نكوڵیكردن لە ئەویتر وەک پێشمەرجی هەبوونی هەر سیستمێكی فاشیستی. لە هەڵێنجانی ئەم بەشەدا دەتوانین بڵێین “نکۆڵیکردن لە بوونی شتێک/کەسێک/ نەتەوەیەک؛ فاشیزمە.

بەشی هەشتەم تەرخان کراوە بۆ “كۆمەڵگەی كراوە: دوژمنی نەریتخوازی سەراپاگیر لە میتائایدۆلۆژیای دوگین دا” فاشیزم دژی کۆمەڵگەی کراوەیە و کۆمەڵگەی داخراو دروست دەکات. چەشنی ئێستای کۆمەڵگەی ڕوسی، کە بەرەو داخران بەردەوامە لەسەر هەنگاونان. هەرچی بەشی دواترە تەرخانە بۆ پڕۆسەی پووچەڵكردنەوەی سوبێكتی ئایدۆلۆژیای نەریتخوازی، کە نووسەر دیسان دەگەڕێتەوە بۆ پەرەپێدان بە نەریتخوازی وەکو یەکێک لە پایە گرنگەکانی فاشیزمی ڕوسی. لە بەشی دەیەمدا نووسەر دەچێتە نێو ڕیشەی ڕەوایەتیوەرگرتنی فاشیزمی ڕووی کە جەنگکردنی ڕوسیا دژ بە نەیارەکانی وەکوو جەنگێکی پیرۆز ناو دەبات تا جیهان بۆ  گۆڕستانێكی گەورە بگۆڕێت بەڵام لەژێر پەردەی بەدیهێنانی ئاشتییەوە.

بەشی کۆتایش تەرخانە بۆ ئەو زیادەیەی کە فاشیزمی ڕوسی دەیخاتە سەر نەریتەکانی دیکەی فاشیزم. نووسەر لەم بەشەدا تیشک دەخاتە سەر پڕۆژەی بڵاوكردنەوەی دۆزەخ، کە نەریتی فاشیزمی ڕوسی نوێیە. 

ئەم کتێبە گەشتێکی چڕوپڕە بۆ ناسینی فۆڕمێکی نوێی فاشیزم، کە ئێستا ئەزموونی گەشەکردنی خۆی دەکات، کە ئەویش فاشیزمی ڕوسییە، کە لەم کتێبەدا وەکوو فۆڕمێکی هەرە ترسناکی فاشیزم ناسێنراوە. ئەوەی لەم کتێبەدا گرنگیی هەیە نووسەر بۆ ڕیشەی گەشەسەندنەکانی چەمکی فاشیزمیش گەڕاوەتەوە، کە گەڕانەوەیەکە بۆ ڕیشە فیکرییەکانی فاشیزم، کە لە کتێبخانەی کوردیدا ئەم گەڕانەوەیەمان بۆ ڕیشەی فاشیزم نییە.

گرنگی ئەم کتێبە و بۆ خوێنەری کورد گەلێک بایەخدار، چونکە کورد نەتەوەیەکە دەورەدراوە بە هەموو جۆرەکانی فاشیزم، هەر لە فاشیزمی زمانەوە تا فاشیزمی نەتەوەیی و فاشیزمی فەندەمێنتالیستی و چەندین جۆری دیکەی فاشیزم. هەر لێرەوەیە کە تێگەیشتن لە چەمکی فاشیزم دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ ناسینەوەی لە فۆڕمە جیاوازەکانیدا و هاوکات کارکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە، کە نووسەر بە وردی کاری لەسەر ئەم چەمکە کردووە. هەر بۆیە شایستەی دەستخۆش و پێزانینە بۆ ئەم بەرهەمە سەنگینە.