فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانمارک

………………

لە مەولودێك لە تەك یەکدی دانیشتبووین. زۆرینە تەسبیح ، گۆ و مرواری لەدەست. هەموو بێدەنگ قیت و قنج بەڵام چاویان وەك ڕادار لەسەر یەکتر. هێندەم زانی ئاوڕێکی بۆ دامەوە. تیژ چاوەکانی چەقاندە قوڵایی چاوم. بۆنی هەناسەی برسێتی پێش دەنگی گەیشتە هەناوم. وتی من ئەو کەسەم کە خەریکە خۆشم دەوێیت و شانازیشت پێوە دەکەم. دەبینم وردە وردە ئاغر و سەنگین دەبیت. دەست لە هەڵەشەیی و داوا نابەجێکانت سووك دەکەیت. هەڵبەتە ئەمەیش هەوەس و کاڵفامییەك بوو، هەرزەکاریت لەگەڵ خۆی بردی. ئەوەی تا ئێستا بۆت لوابوو، وەك دەفری گەنجی، تەمەن لێسایەوە و تەواو بوو. دەبێت بزانیت ئێستا تەمەنی تۆ بۆ گوڵونکە، زەرەق و بەرەق و تیف تیفە نابێت. دەبێت تۆ ئەو بەرە زیاد گەیوە بیت، کە چی دی دەمیان ئاوی بۆ نەکات. جا پیرۆزە، هەنووکە تۆ دەتوانیت کت و مت وەك ئێمە و لە ئێمەبیت. بە هێمنییەکی ساردەوە ڕووی کردەوە تەپڵ و دەفەکە و دەستی کردەوە بە تەسبیحات کردن.
منیش وەك وابێت یەك پەقرەج بەفراو لە پێستی سەرمەوە ڕێچکە بکاتە پشتی مل، بەرەو بڕبڕە و چاڵایی پشت و هەتا نووکی پێم. هەردوو ئەژنۆ و دەستەکانم پێکەوە داهێزران. توند پێیە ڕووتەکانم چەقاند لە چیمەنە شێدار و ساردەکە. وێنەی کڵۆڵی و سەرکزی باجی خونچە و ژنانی گەڕەكم هاتە پێش چاو. نزولەیان خەریك بوو لەو پەڕی شارەوە لە ورشەی قژی بێ نازی منەوە بئاڵێت. بەپەلە چاوێکم بە چواردەورم خشاند، ئارەزووم کرد بزانم کێی دی لەوانە گوێیان لەم قسانە بوو. ئیدی تەماشای سەر کۆش و سینگی بەرزی پڕ سمڵ و مێخەکی خۆمم کرد. بە سەرسوڕمانێکی تێر لە سەرزەنشت وتم هەر بەڕاستی ئەمە چ کارەساتێکە و من کوێرانە لەگەڵی بەڕێوەم بۆ تێکەڵ بوونی؟. خەریکە بەرگێك دەپۆشم گەرچی بۆ ئەم و بۆ ئەوان پێناسەی ڕەسەنی، خانەدانی و بێگەردییە، بەڵام قەرزکراو، بۆ ماوەیی و بە هیچ جۆرێك بەرگی من نییە. بەرگێك هەر پارچەیەکی لە زارێکەوە وەرگیراوە، پەسەندکراوە و بە داوی نەریتێکەوە پینەوپەڕۆ کراوە. بەرگێك بە ناوی سەلیقە، لە ئاوێك پڕ لە ئیرەیی، بێدەنگی و بوغزقوتدانەوە هەڵکێشراوە. بەرگێك لە سەری مندا پڕ لە گومان، تابڵێ تەسك و تروسك، گرژ و زبر و بۆن گڕنی. وتم کوان ئەو مرۆڤانەی وەك دایکم سەریان پارچەیەك لە خۆر و پەنجەکانیان هەریەك لە ڕەنگی سروشتە؟. ئەی ناڵێن ڕووخساریش ڕەنگدانەوەی ناخی مرۆڤە؟ مەبەست چییە کە تۆ دەبێت ئاغر، تۆخ و باشتر وایە بڵێم ڕەش پۆش بیت؟ داخۆ نەوەکانمان چ ئومێدێك، گەشبینی و هیوایەك بچننەوە لە ناخێکی ناتەبا، پارچەبڵاو، تاریك و سزاخواز. کەسێك کە سەرتاپا و هەموو هەوڵێکی توانەوە و بەیەك ڕەنگ و جۆر بوونە لەگەڵ ئەوانی دی. کێن ئەوانەی حەزیان لە مرۆڤی شەرمن، ڕەشبین، ڕەشپۆش و ڕەش داگیرساوە؟ بۆ کێ و لەبەرچی؟ مەگەر مام عەباسی دراوسێمان، هەتا مرد هەر بۆڵەی لە دەست ژنێکی وشك و دڵ مردوو بوو.