دەریا هەورامی
شاعیر، سلێمانی
………………
زمان دەشکێت
بەدەم سووچی تەنیایی ڕازەوە
سێڵاوی پەنگخواردوو
غلۆر دەبێتەوە
ئازاری بڤــە
بیرم دەباتەوە چی دەڵێم؟
تەتەڵەی زار
پەتی خوێن دەپچڕێنێ و
خەونەکان نەزیف دەبن
هەموو تەڕایی ژیانم
دەبێتە ئارەقــە
هەناســەم
لە هەنسکدا دەخنکێ و
دەبێـتە هەڵم
وەک ئــەو ماسییەی
خەم لە قوڕگی گیر دەبێت
گەر پەلە قاژە بکات،
دەمی یەکەڵا دەبێتەوە
گەر نا دەمرێت !
پشکۆی دەروون
تەنها
شنەی چڵە پووشێکی بەسە
تاکو گیانەڵا بدەم ..
” ئایر دان بەو تەور مۆبەت سەرای دڵ ..
مەیلەکەت مەندەن بێ مەسکەن خجڵ .. “*
شەرارەی دووری
کڵووکۆی ناخمی دامرکاندووە
ناوتە بە برینی تامەزرۆییمەوە
مەیلت بێ جێگە ماوەتەوە
دێوانەیەک
بە باڵای ڕۆحدا هەڵچـووە
خۆی هەم دڵـە و
هـەم شـەمی من،
گەر بەم دەردەوە بتلێمەوە
شی دەبمەوە بۆ خاکسەر
ئومێدی سەربڕاوم
سەرێکی بێ سەودایه
( تۆ لە سەرووی زمانەوەی)
زمانمان ناوێ بۆ عیشق
من و تۆ
ئەوە دڵی من و
ئەوەش چاوی تۆ !
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* مەولەوی

