فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

ڕووناک ئاڵتوون
شاعیر، سلێمانی

……………….

ڕۆژێک عەباکەی دایکم
بەئینکاری دا بەسەرما
ڕیزێک پەپوولە هاتن
بوون بەکراسەکەی بەرم!
پۆلێک ماسی بەپولەکە و
پەڕەسێلکە چنیان بۆدەکردم
ڕووەو بازاڕم گرتە بەر
خۆر بەتێنی جارانی
گۆناکانی بۆ سوورکردم
سەری مانگ بوو
بۆیە مانگیش ڕێی لێگرتم،
ئێستا نازانم کامیان لەبەرکەم
خۆر یاخو مانگ
دەستی کامیان بگرم
سەرچۆپی خۆر
یان گاوانی ؟
وابزانم
من لەگەڵ خۆردا
جوانترم…!