فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕوانێنێکی سەرپێیی لە ڕۆمانی وێڵی لە نووسینی دلاوەر رەحیمی

 

مریم کاکەیی

نووسەر، ئەڵمانیا

 

لەم رۆژە سارد و بەفراویی و تاڵانەدا، بۆ ئەوەی لەو گۆشەگیرییەی خۆم بچمە دەرەوە، ڕۆمانی (وێڵی)م خوێندەوە کە ئاکامێکی تەواو پێچەوانەی بۆم هەبوو، چونکە وێڵی زیاتر بەرەو ناخی خۆت پەڵکێشت دەکات. تۆ بۆ تاریکترین گۆشەی دەرونت ، بۆ لەمسی یان باشترە بڵێم کولاندنەوەی ئەو برینانەی کە تازە تووژکیان بەستووە و هێشتا بەتواوی چاک نەبوونەتەوە،هاندەدات. دلاوەر رەحیمی  لەم رۆمانەدا پێشان دەدات کە مرۆڤی سەردەم چەند وێڵە و چ دۆخێکی ئاڵۆز بە سەر دەبات، چەند بەستەزمانانە پێیەکانی لە سەردەمەکاندا چەقیان بەستووە. ئەو بە چڕیی باس لە چرکە بە چرکەی ئەو ساتانە دەکات کە لە زیندانێکی ئەبەدییدا بۆ ئەبد و ڕۆژێک، بەتاوانی مڕۆڤ بوون لە بەنددایە. لە بەندی تێڕوانینی کۆمەڵگا، لە نەندی سنوور و چوارچێوە ناپوختە و دەستکردەکانی ئەخلاق، لەبەندی تێڕوانین و گوشاری خێزان،  و هەروا دایک و باوک وەکو بونیادنەر و پاسەوانی ئەو بەندیخانە تاریک و قوڵ و نەفرەتییە. وێڵی دەست ئەخاتە سەر برینی من و تۆ و هزری خوێنەر بە سەردانێک بۆ ڕێچکەکانی وێلبوونی خۆێ داوەت دەکات.   هزری نووسەر پڕە لە پرسیار، زەینت پر دەکات لە ئاماژەی جیاجیا، پرسیارگەلێک کە پرسیاری تۆشن، پڕ دەبی لە نیگەرانی، لە دەستچوونی ناسنامه میللی، کەسێتی،زمان، کلتوور و ناسیونالیستی کوردی و بە هەزاران پرسیاری  ئالۆزی بی وڵامی ترت  لا گەڵاڵە دەکاتلێرە تۆ مووتەکەیەکی خەساوەی کە کۆمەڵگا دیلی کردووی، کە ئایین گەمارۆی داویت، لە کۆمەڵگا پەراوێز خراویت،  لە سالوولێکی تاکە کەسی بەند کراوە دوورخراوێکی کۆمەڵگایت. ئەو کۆمەڵگایەی کە تۆی بە ملکەچی دەوێتداماو، توقێنراو و دەستەمۆ،هەندێجار هەڵگری ئەو بەشانە دەبیت کە هی تۆ نین. یان دەشێت ببیتە خاوەنی ئەو بیرکردنەوەیە یان ئەو ناسنامە سەپێندراوە کە هی تۆ نین. تا هێدی هێدی ڕادێیت، تا خۆشت دەبیت بە میعمار و بیناکاری وێلگەیەکی خوازراو، دەبیت بە گۆڕکەنی خەونەکانت و وێڵگەیەکیان  بۆ ساز دەکەیت،  کە کەرەستەکانی بریتین لە بەشێک لەخۆت، هەستیارترین و قولترین برینەکانی خۆت.
بە ڕووچون و ورد بوونەوە لە خۆت. لەو ژیانەی کە هیچ نییە چگە لە وردبوونەوە لە خۆ، لە ئارەزوو و ویستەکان و حەسرەت و خەونە پێنەگرتووەکان و مانا بەخشین بە پڕۆسەی بەردەوام و درێژخایەن و تاقەت پڕۆکێنی  ژیان و لەو نێوەندەدا دۆزینەوە و ناسینەوەی خوت لە نێو ئاڵۆزی دەروونی و فیکری و فەلسەفی لە وێڵگەیەک لە نێۆ سالوولێکدا، نێژراو لە نێو ناخی خوتدا.   وێڵی وێنایەکی دروستی کۆمەڵگای کوردییە، ڕوانینە لە چەمکی ژیان لە گۆشەیەکی جیاواز، تووڕە، بێ بەزیی و هەڵبەتە تایبەت.
لەم ڕۆمانەدا تۆ بەرەو ناخی خۆت سەفەر دەکەیت و بە ئامانجی مانا بەخشین بە پووچەڵی ژیان به شوێن وێڵێکی سەرلێشێواو کەوتوویت کە جیهانی فراوانت دەکات بە سالوولێکی ئاڵۆز و تەسک و تروسک و ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەت دەکاتەوە کە ئایا ژیان جگە لەمەیە؟ جگە لە سالوولێکی تاکە کەسیی و شێداری تاریک و بێ پەنجەرە؟
ئەم ڕۆمانە دەتخنکێنی، نەفەس گیرە، هەناسەت توند دەکات؛ پێویستە بۆ خۆێندنەوە و تێڕامان ڵێی هەناسەیەکی درێژت  هەبێت.