فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لاش نۆرێن و فەلسەفە

دانا ڕەئووف
نووسەر و توێژەری بواری شانۆ،

سويد

……………………………

 

لەم ماوەیەدا کتێبێک، لە قەبارەیەکی بچووکدا بە ناوی “لاش نۆرێن و فەلسەفە”ەوە لە دەزگای FAETHONەوە دەرچووە. کتێبەکە سێ وتار لە خۆ دەگرێت؛ یان دوو وتار و دیدارێک لەگەڵ لاش نۆرێن، کە لە دوای مردنەکەیەوە لە لەگەڵی کراوە. ئەم دیدارە، دیدارێکی گریمانەییە و لە ڕوانگەی دەقە شانۆیی و ڕۆژژمێرەکانییەوە، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ و سه‌رنجڕاکێش داڕێژراوه‌ و ئاڕاستەی نۆرێن کراوە، هەر خۆشیان وێنای وه‌ڵامدانه‌وه‌کانیان کردووه‌. پرسیارەکان چەندین تەوەر لە خۆ ده‌گرن، گرینگترینییان پەیوەندی لاش نۆرێن و فەلسەفەیە، بەتایبەتیش فەلسەفەی “مارتین هایدگەر”، کە نۆرێن له‌ ڕووانگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ی تا له‌ ژیاندا بوو پەیوەندییەکی بەردەوامی پێوە هەبووە و خوێنەرێکی جدی هایدگەر بووە. نۆرێن لەم دیدارەدا دەڵێت: “من کە بەردەوام فەلسەفەم خوێندۆتەوە، بە تایبەتی هایدگەر، بۆ ئەوە نەبووه‌، فەلسەفە بنووسم، یان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بکەم. بۆ من خوێندنەوەی فەلسەفە بۆ ئەوە بووە، چۆن بەکاری بهێنم، بۆ نموونە لە زمانی هایدگەرەوە لەو بێدەنگییەوە نزیک بوومەوە، کە بەدوایدا دەگەڕام.” “زمان ماڵی بوونە”، کە هایدگەر بە چڕی کاری لەسەر کردووە و زمانی بە ماڵێک بۆ بوونی مرۆڤ لێکداوەتەوە، لەو ڕووەوەی، کە بوون تەنیا لە ڕێگای زمانەوە دەردەکەوێت، خۆ گەر زمانیش نەبێت، بوون بۆ من ڕوون نابێت. نۆرێن بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر ئەم دیدە فەلسەفییەی هایدگەر، کاری لەسەر کردووە و لە ئەتمۆسفێری شانۆنامە و زمانی کارەکتەرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. نۆرێن لە ڕۆژژمێرەکەیدا، دەڵێت: “من بەتەواوی لەناوەوەی خۆمەوە دەنووسم” ئەم “لەناوەوەی خۆمەوە دەنووسم” بۆ ئەو شوێنی لەناو ماڵی بووندا، زمانە لە دیدی هایدگەرەوە؛ لەم ڕووەوە نۆرێن خۆی لەناو فەلسەفەکەی هایدگەردا دەبینێتەوە، بەوەی زمان لای ئەو خۆی دەدوێت، مرۆڤ زمان دروست ناکات، بەڵکوو لەناو زماندا دەژین.
بێگومان نۆرێن ئاگای لەو پاشخانە سیاسییەی هایدگەر هەبووە و دەیزانی چ پەیوەندییەکی بە نازییەکانەوە هەبووە، هه‌ر بۆیه‌ زۆر جار ده‌یگوت: “زۆر حەزم دەکرد خۆم بە فەلسەفەی هایدگەرەوە سەرقاڵ بکردایە، بێ ئەوەی بەردەوام کەسی “هایدگەر” خۆیم بیربکەوتایەتەوە، ئەمەیش ناکرێت.” لەوانەیە سەخترین شت سەبارەت بە هایدگەر، ئەوە نەبێ کە وتی، بەڵکوو ئەوەی دواتر “نەیوت”. نۆرێن لێرەدا مەبەستی بێدەنگ بوونەکەی دوایی هایدگەرە، دوای جەنگ تەواو بێدەنگ بوو و خۆی بێبەری نەکرد لە هیتلەر. ئەمەیش وای کرد، کە بڵێین، ناکرێت فەلسەفەی هایدگەر، بێ ئەوەی هەست بە بێدەنگییەکەی، بەرانبەر قوربانییەکان نەکەین، بخوێنینەوە.
نۆرێن زۆرجار باسی هایدگەر و ئادۆرنۆ پێکەوە دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هایدگەر و ئادۆرنۆ زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە و لێکچوونێکی تەواو لەنێو دید و بۆچوونەکانیاندا بەدیدەکرێت. لە ڕۆژژمێرەکانیشدا ئەم ناوانە زیاتر دووبارە دەبنەوە و زیاتر بە نێو هزری فەلسەفی و ئەدەبییاندا قووڵ دەبێتەوە. دواجار ئادۆرنۆ مامۆستا توندەکەی نۆرێنە، کە بە هیچ کەمتەرخەمییەک قایل نابێت و چاوەڕوانی ئاستێکی بەرز لە قوتابییەکەی دەکات.
نۆرێن، لەسەرەتای ژیانی هونەریدا، یان بڵێین لەسەرەتای گەنجییەوە به‌وردی فه‌لسه‌فه‌که‌ی هایدگه‌ر ده‌خوێنێته‌وه، پاشان‌، بۆ ماوەیەکی زۆر لەو فەلسەفەیە دادەبڕێت و لە دە، بیست ساڵی کۆتاییەکانی تەمەنیدا سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە سەر هایدگەر و بە قووڵی دەیخوێنێتەوە، خۆی ئەو گەڕانەوەیە بۆ هایدگەر بە پێویست دەزانێت. “گەڕانەوە بۆ شتێک، کە ڕۆژانێک بۆ من گرینگ بوون، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان بوون، بۆ من وەک نووسەرێک. لەوانەیە بۆ ئەوەی باشتر تێبگەم، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ که‌ به‌نجێتی ئه‌و تێکستانه‌م خوێندووه‌ته‌وه‌ به‌وردی تێیان نه‌گه‌یشتبم و کاریان تێ نه‌کردبم.”
خوێنه‌ر یا بینه‌ر، که‌ حیواری کاره‌کته‌ره‌کانی نۆرین ده‌خوێنێته‌وه یا ده‌بیسێت‌، بیر لە فەلسەفە، وەک فەلسەفە ناکەنەوە، بەڵکوو ئەوەی ئەو کردویەتی، چۆن زمان له‌ ڕێگه‌ی مرۆڤه‌وه‌ شته‌کان ده‌رده‌بڕێت، بەپێی چەمکە فەلسەفییەکەی هایدگەر، زمان خۆی دەدوێت، واتا “مرۆڤ زمان دروست ناکات، بەڵکوو زمان مرۆڤ به‌ قسه‌ دێنێت.” تێکستەکانی هایدگەر بۆ نۆرێن، ئەو ڕێگەیە بوون، کە شوێنێک بدۆزێتەوە تیایدا گوێ لە شتێک بگرێت، کە زیاتر بووە لە شتە سەرەتاییەکان. لەم ڕووەوە نۆرێن، هەمیشە وەک شانۆنامەنووسێک گەڕاوە بە دوای دیوێکی تری مرۆڤدا، بە شێوەیەک وەک ئازادی بکات و بوونێکی تری پێ ببەخشێت. کارەکتەرەکانی نورێن هەستی “ئێستا” و “ئەم ساتە”یان لە دەست داوە، ئەو ساتەوەختەی ژیان پڕە لە مانا و مرۆڤەکان بە وزەیەکی زۆرەوە خەریکی کارێکن، لە دەست چووە و نەماوە. ئەم کارەکتەرانە تەنیا لەو کاتەدا دەژین، کە سەیری ڕابردوو دەکەن، ئه‌و کاته‌ی ئه‌و شتانه‌یان بیر دێته‌وه‌، که‌ به‌سه‌ر چوون. هیچ شتێک ڕوونادات، ئەمەیش کارەساتەکەیە؛ مرۆڤەکان بەتەنیا جێ هێڵراون، پشتیان تێ کراوە و بۆ خۆیان و لەگەڵ خۆیان لە تەنیاییدا دەسوڕێنەوە.
نۆرێن لە شێوازی نووسیندا نزیک بووە لە نووسەرانی ترەوە، بۆ نموونە قۆناخێک لە دەقە شانۆییەکانی مۆرکی چیخه‌فیان به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌ و وه‌ها ناسراون، یان هی پینته‌ر، جگە لەوەی لە زۆر ڕووەوە هێندە لە بێکێت-ەوە نزیک بووە، وەک ئەوەی کۆپی ئەو بکات. هەروەها نۆرێن لە دەقەکانیدا باسی کەسانێک دەکات و ناویان دەهێنێت، بۆ نموونە چێخەف، ئیبسن، ستریندبێرگ، بێکێت، کافکا، برێشت، هاوکات ناوی کەسانێکی بیرمەند و فەیلەسوفەکان، بۆ نموونە فۆکۆ، دێلێوزێ، ئادۆرنۆ، ئەرستۆ، ئەکەمبێن، واڵتەر بنیامین هۆڵدێرین، پرۆست… هتد. یان ناوی سیاسەتمەدارە سویدییەکان بۆ نموونە پاڵمێ. ئەم ناوانە، بە شێوەیەک لە شێوەکان جۆرە دەرگایەکن، لێرەوە شتگەلێک ڕوودەدەن، کە ئەم ناوانە ئەو دەروازەیە دەکەنەوە، جۆرێک لە شپرزەیی لە کۆنتێکستی دەقەکەدا دروست دەکەن. یان هێندە لە مردووەکان نزیک دەبێتەوە، زیندوو دەبنەوە. لەم ڕووەوە دەڵێت: “زۆرجار وا بیر لە نووسین دەکەمەوە، کە جێگایەک بە مردووەکان ببەخشم، کە وایان لێ بکەم لەنێو زمانەوە هەستنەوە، بە شێوەیەک سەرلەنوێ گوێمان لێیان بێت.”
لەنێو ئەم دیدارەدا پرسیارێکی گرینگ دەردەکەوێت، ئەویش مەسەلەی چەمکی هونەرە. پرسیارەکە دەبێتە بنەمای گفتوگۆیەکی قووڵ؛ ئەوەی پرسیار دەکات، لە وشەی هونەر و ماناکانییەوە دەست پێ دەکات: “زۆرجار بیر لە وشەی ‘هونەر’ یان چەمکی هونەر، لە چەندین دیدی جیاوازەوە دەکەمەوە، بەتایبەتیش هونەری ‘شانۆ’، کە چۆن دەتوانێ وامان لێ بکات ئەزموونی ‘ڕاستی’ بکەین.” ئەم پرسیارە قووڵ دەبێتەوە، چونکە مەسەلەی ڕاستی لەوانەیە چەندین خوێندنەوەی بۆ بکرێت، لێرەدا باس لەوە دەکرێت، کە چۆن هەست بە “ڕاستی” بکەین، بەڵام لە چ ڕەوش و شوێنێکدا؟ ڕاستی لە چ پێوەرێکدا، ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێت، یان ئەو ئەزموونەی ڕاستی دەکەین، کە لە نمایشێکی شانۆیدا دەمانەوێت بەری بکەوین؟ بێگومان ئەم ڕاستییەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێن، شتێک نییە سەبارەت بە ڕاستی جیهان، یان مرۆڤ، لە چوارچێوە ئاشکرا و ڕاستەوخۆکەیدا. بەڵکوو مەسەلەکە زیاتر، بۆ نموونە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە چۆن ڕەوشی ژیان لەنێو چەندین ئاڕاستەی جیاوازدا، لە چەند کاتژمێرێکدا لەسەر تەختەی شانۆ تێکەڵاو دەبێت و لە شتێکدا بەرجەستە دەبێت، کە ئەکتەرەکان لەو پانتاییەی تیا دەجووڵێنەوە، دەردەکەوێت. لێرەدا خودی “هونەر” زیاتر لە “ژیان” دەبێتە ڕاستی، ڕاستییەکی هەستپێکراوی واقیعی لەسەر شانۆ.
لە دوو وتارەکەی تردا، نووسەرەکان، جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی لاش نۆرێن بە شیکاری دەروونی و تیۆرە سایکۆلۆژییەکانەوە دەکەنەوە. نۆرێن، هەر لە شیعرەکانی سەرەتایەوە، تا دوا دەقە شانۆییەکانی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەڵکی لە تیۆرەکانی شیکاری دەروونی وەرگرتووە و لەسەر چەندین ئاست لە دەقەکانیدا بەکاری هێناون. بۆ نموونە لەژێر کاریگەری فرۆید-دا تراژیدیای ئۆدیپی پادشا، لە شانۆنامەی “ئۆدیپۆس”دا دادەڕێژێتەوە. لێرەدا خۆشەویستی و ئیرەیی لە خانەوادە، ڕێگایەکی تر بۆ شانۆنامەکەی نۆرێن دەکاتەوە. چەمکە تیۆرییە سایکۆلۆژییەکان لە قۆناخە جیاوازەکانی پرۆسەی نووسینی نۆرێن-دا، دەبێتە ئامڕازێک، یان زەمینەیەک، کە ئەو تیۆرە شیکارییە دەروونییە، دەبێتە ماتریاڵێک، کە فۆرمێکی هونەری لە خۆ دەگرێت.

Lars Norén och Filosofin, Carin Franzén, Ulf Olsson, Hans Ruin, Bokförlaget Faethon, 2025