فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کەزیەک دەبڕن، هەزاری تر دەهۆنینەوە

چرۆ زەند

نووسەر، کەنەدا

……………….

کچەکەم ناودەنێم کەزی

دەگەڕێمەوە، بە خۆشەویستی نیشتمان دووگیانم، دەگەڕێمەوە ماڵەوە، لەوێ ژیان دەدەم بە کۆرپەکەم ناوی دەنێم کەزی.

هەواڵی دامەزرانی خانوە نوێکەمان لەزاری جەنەڕاڵەوە بیسترا، دنیای هەژاند، جەنەڕاڵی کورد بە زۆرداری وت (نا) بۆ ژێردەستەیی، سڵاو جەنەڕاڵ سڵاو لە بوێریت، سڵاو لە جوامێریت،  سڵاوێکی سەربازی، کورد  بوون بە یەک. سوپاس بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەر زوو هەواڵەکەیان گەیاند. نامەکەی پێشەوا بە باڵی پەپولەیەکدا فڕی بۆ ڕۆژئاڤا، نامە بووە پەلکە زێڕینە دای لە قەراغ شار. هەر وشەیە و لە سەر سنگی کیژێک نیشتەوەو ڕەنگی خۆری لێنیشت. هەواڵ بڵاو بووە.

 باوکم هەواڵەکەی پێگەیشت، سەیوانی جێهێشت، کلێتەکەی نایە سە، ئاڵای کوردستانیشی لە یەخەیدا، پەڕتووکەکەی خستە ژێر باڵی، نەخشەکەی گرت بەدەستەوە، بە گوورج و گووڵی جاران، بە پیادەڕەو کەوتە ڕێ، وتی بوەستن، منم ئەندازیار،  نەخشەکە  پارچەیەکی تری ماوە، من بە سیازدە ساڵ  ئەونەخشەیەم کێشاوە پێنج کەرتە، باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پێنجەمیش  کوردستانی سوور لە بیر مەکەن.  سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر،  لە باکوری میزۆپۆتامیا، سەرەتای شارستانیەت بووین، ئاینە ئاسمانیەکان لەو خاکەدا هاتنە دنیا، چیاکانی  زاگرۆس، حەمرین، قەندیل  سنوورمان بوو ئۆرکیش پایتەختمان بوو، ماڵێکمان بوو بەهەشت ئاسا،  بەڵام نیشتمانمان پەرت پەرت کرا.

 سەرد ساڵ لەمەوبەر، لەپاش جەنگی جیهانی یەکەم، لە پەیمانی سایکس پیکۆت لە جێنیڤا، بە پلانێکی جیهانی زلهێزەکان کوردستانیان پەرت پەرت کرد. نا، نا، مێژووی ئەم داگیرکردنە  زۆر کۆنە، لەوەش کۆنترە! لە ناوەندی سەدەی حەوتەم بوو

هەزارو چوارسەد ساڵ لەوەپێش بوو، بەناوی دین، خاکیان داگرکردین، گەلەکەم لەو دەمەوە قڕ دەکرێت دەیانەوێ ناسنامەی نەوەتەوەک بسڕنەوە، داگیرکەران ئایەتێک بەکار دێنن بەناوی (ئەنفال) بۆ قڕکردنمان، هەر دەکەیەک ناوێکی نوێ لە خۆیان دەنێن، دەمامکێ لە دەموچاو دەکەن، بەڵام هەموان یەک بیرۆکەن، یەک ئایەت و یەک فەرمان، یەک شمشێرن، وتیان ڕابەری خوداین. پرچیان بڕین، فێڕێیان داینە خوارەوە، دەست درێژیان لێکردین، ئابڵوقەی شاریان دا، کیمابارانیان کردین، بەناوی دین، ئاشتیان کوشت، کەلتوریان داماڵین، دەنگی مۆسیقایان بڕی، شیعریان لە سێدارە دا، پەتیان خستە بینی لاوان، کچیان کرد بە کەنیزە بەناوی دین. زەوی پیت و بەرەکەییان زەهراوی کرد، وڵات بوو بە ڕووباری خوێن بەناوی دین.

 کچانی خۆرلە ڕۆژئاڤا بازوویان هەڵکرد، وتیان بەسە، کیژی کورد زیندە بەچاڵ ناکرێ. دەستاین کرد بە زیندووکردنەوەی مێژوەکەمان، بەردی بناغەیان دانایەوە. سەرلەنوێ ماڵیان دروست کردەوە، بە پڕچیان بەشە پەرتکراوەکانیان گرێ دەدایەوە، پاشان باشوور، باوکوور، خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەتنە مەیدان بە ئاپورا. واخەریکە ماڵەکەمان کۆدەبێتەوە، خانوەکەمان دەگاتە لووتکە. خانووەکەمان کەم وێنەیە، ڕووبارێکی سوور بەنێویدا دەڕوات، ئەوە ڕەنگی خەباتی سەد ساڵەمانە.  ڕۆژ لە پشت چیاکانەوە تیشکەکانی بەخش دەکا بە ناو ماڵەکەدا، باخچەکەی  پڕ پر بوون لە ڕووناکی خۆر، گووڵاڵە ونێرگز لەو بەفرو سەرمایەدا سەریان دەرکرد.

 خانوەکەمان کوردستانی یەکگرتوە، لەمێژە چاوەڕێیی ئەو ڕۆژەین، هونەرمەندە شارەزاکان نەخشی دیوارەکان دەکەن لە شێوەی مۆزەخانەیەکدا شورا دەکێشن. ڕەنگی سپیان هەڵبژاردوە بۆ بانگێشەی ئاشتی.  ئەندازیارە لاوەکان نەخش و نیگاری ناو ژوورەکان دەکەن. مۆسیقا ژەن لە دوورەوە کەوتنە ژەنین بەڕێکەوتن بۆ کەرنەڤاڵی یەکگرتن. شاعیرانمان بە عیشقەوە هەڵبەستەکانیان هەڵدایە ناو ماڵەکە، هەر هونراوە و لە سوچێکی مالکەدا بوو بە میلۆدێکی سیحراوی و ستران بێژەکان وەک بوولبول دەیانخوێند، کچانی خۆر لە بانیژە بەرزەکە دانیشتن سرودی سەرکەوتنیان دەوت، بەڕێزبەندی، یەک لە دوای یەک دەستاین کرد بە کەزی هونینەوە، نە کەزیەک نە دوان، هەر کەزی بوو لە ئاسمانی نیشتماندا وەک پاسەوان ئێشکی دەگرت، هەرتاڵە پرچی بچکۆلە بوو خۆی هەڵدەواسی بە کەزی کچانی خۆرەوە. چیرۆک خوان و مێژوو نووسان گەشتنە جێ، منیش هێدی هێدی بە ئارامی، چیرۆکی کۆرپەکەم کە لە منداڵیەوە دەینوسمەوە بردم و لەکن ئەوان دامنا،  کەزیەکان لە  گشت گۆشە نیگایەکی ماڵەکەوە بەدوای یەکدا دەکەوتنە خوار،تاڵێک لەسەر مەمکە مژەی منداڵێی دووساڵ نیشتنەوە، تاڵێکیتر کەوتە سەر شانی منداڵێکی کەم ئەندام،  تاڵ بەتاڵ لەسەر سنگی ساواکەم نیشتنەوە نووسیان کەزی.

 

December 30, 2026