“هاوارێک لەپێناو ژیان و شکاندنی بێدەنگی“
لە کاتێکدا کە دیمەنە تراژیدییەکانی (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران)، لاپەڕەیەکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی ناوچەکەدا دەکەنەوە؛ ئێمە وەک کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەریی کورد لە تاراوگە، ناتوانین لە ئاست ئەم پێشێلکارییە زەقانەی مافی مرۆڤدا بێدەنگی هەڵبژێرین.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، تەنها ڕووداوی سیاسی نین، بەڵکو برینێکی قووڵن لە جەستەی مرۆڤایەتیدا. بەتایبەت ئەو فەتوا تاریکپەرستانەیەی لەلایەن (وەزارەتی ئەوقافی سووریا)ەوە دەرچووە، کە تێیدا ڕشتنی خوێنی کورد بە ڕەوا دەزانێت؛ ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هاندانی دووبەرەکی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بە بەربەرییەتکردنی ئایین لە دژی نەتەوەیەک. هاوکات، ئەو دیمەنە تۆقێنەرانەی لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبینرێن، ئەو سەرکوتکارییە بێبەزەییانەی دەرهەق بە دەنگی ئازاد و خۆپیشاندەران دەکرێن، ویژدانی ئێمەی نووسەر و هونەرمەندی هەژاندووە.
قەڵەمەکانی ئێمە، ئەمڕۆ مەرەکەبیان لێ ناتکێت، بەڵکو خوێنی ئازار و برینەکانی گەلێکی بێ پشت و پەنای لێ دەچۆڕێت. وشەکانمان بۆنی دووکەڵی کۆڕەو و ئاوارەیی و هەناسەی ساردی منداڵانی کوردیان لێ دێت. هاوارمان، دەنگدانەوەی زایەڵەی ئەو نەوە بێدەرەتانانەیە کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، لەنێوان بەرداشی شەڕ و ستەمدا هاڕدراون.
ئەم پەیامەی ئێمە، بانگەوازێکی کراوە و بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ. ئێمە دەپرسین: ئێوە لە کوێن؟ ئایا چاوەکانتان نابینن و گوێیەکانتان نابیستن کە چۆن ژن و منداڵ و پیری کورد قڕ دەکرێن؟ ئەو ڕایەڵە باریکەی لەنێوان شەڕ و ئاشتی، لەنێوان کۆیلایەتی و ئازادیدا مابووەوە، خەریکە دەپچڕێت.
ئێمە داواکارین بە زووترین کات “پردێکی مرۆیی” دروست بکرێت. داوا لە هەموو لایەکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز دەکەین، بە ویژدانەوە بێنە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم هەموو هەمەجییەت و وێرانکارییە دابنێن. بێدەنگی لە ئاست ئەم تاوانانەدا، بەشدارییە لە کوشتنی هەستی مرۆڤایەتی.
با پێکەوە کار بکەین بۆ سڕینەوەی دنیای تاریکی و شەڕ، بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و ئاشتی.
بژی ئاشتی… بژی ئازادی… بەرقەرار بێت شکۆی مرۆڤ.
ناوەند و ڕێکخراوە واژۆکەرەکان:
١ – فيدراسيۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆڕا
٢ – ناوەندی پێنی کوردی ( Kurdish Pen )
٣ – يەکێتی نووسەرانی کورد – سويد
٤– گروپی هونەرمەندانی کورد لە سويد
٥ – ماڵی کورد لە ناوچەی تۆرينتۆی گەورە
٦– کۆمەڵەی رۆژئاوی کورد لە کەنەدا
٧ – ماڵی کورد لە کۆلۆمبيای بەريتانيا
٨ – مالی کورد لە کالجاری – کەنەدا
٩ – کۆنگرەی نيشتيمانی کوردی لە ئامريکای باکوور KNC
١٠ – Foundation Kurda Democratic Federation of Kenada
١١ – ماڵی کوردی ڕەوەندی کوردی
١٢ – Foundation Kurda Du Quebec
١٣ – ماڵی کورد لە Saskatchewan
١٤ – يەکێتی گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سوريا . ئەڵمانيا
١٥ – نووسەرانی کورد سوريا لە ئەڵمانيا
١٦ – يەکێتی نووسەرانی کورد لە سوريا. ئەڵمانيا
١٧ – Gesellschaft fUr deutsch- kurdische Freundschaft e. v
١٨ – کۆمەڵێ نووسر و ڕۆژنامەنووسی کورد لە رووسيا و وڵاتانی قەوقاس.
١٩- کۆمەڵەی کوردی ئۆتاوا.

