فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پرچە بڕاوەکەم بەختی سەرکەلە

دەریا ھەورامی
شاعیر، سلێمانی

………………..

تاقە دارەکەی
بەختی سەرکەل
پرچە ھەڵپڕوزاو و هیوا بڕاوەکەی منە،
دوور لەسەرنجی مانگ
نزیک لە گرەوی شەو،
ئاوی ڕۆحیانەتی نۆشیوە و
لە ھەیکەوە چەکەرەی کردووە،
سەوز، سەوز
دەستم بە دەسڕێکی
قەرسیلی دەسـپێرێت
لەسایەیدا
مرازی ھەزاران
وەفایی و شیرین
حاسڵ بوو،
دەمویست دانیشم لە سێبەری و
ئاوی ڕۆحیانەت بنۆشم ..
داوای لێ بوردنم لە ڕەشەبا کرد
بەڵام نەمتوانی سەرچۆپی لێ وەرگرم ..
ھێرۆم ڕواند
بەڵام نەمتوانی بیدەم
لە پرچم ..
بووم بەدراوسێی مانگ
بەڵام نەمتوانی تریفەی
لێ بچنم ..
وەک ( مەلائیکە)
زۆر شت ھەبوو بیکەم
بەڵام ئەفسووس
لەبەر پەنجەرەی ژیاندا
چەند شەماڵێک پەردەکەم لانادەن ..