فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بــەرچــنەی ڕاز

دەریا ھەورامی
شاعیر، سلێمانی

………………

تـاوی سینەم دێنێتە جۆش
ئاهـی کچێـک
شـوشـەی ڕازەکانــی
دەزڕێنــێت
پەتـی ئەوینی بە دیواری ترسەوە دەڕزێــنێت
خـورپەکانی بە بێـداری
تـا جـاویـدان ترپـەیـان دێت ..
سـرتـە و
ورتــە و
چپــەیان دێت ..

خۆم و یارییەکانم بە خەمی
گەورەکانەوە دەتلاینەوە
هاوئازاری نەریتی داتەپیو و
جەنگی نەگریس بووین ..

دارهەلووکەکەم
جارێک دەبووە گۆچانی ڕێبوارێک
جارێک دەبووە قاچی نەنکم بۆ کۆڵانێ ..
تا پێم بڵێت:
کچێ شوورەییە
وەختی شووتە
وەرە ژوورێ
جارێکیش دەبووە باڵای لاولاوە خواروخێچەکەی بەرهەیوانێ ..

بەردی خەتخەتێنەکەم
بزر دەبوو
دایکم خورپەی ناوکە کەوتووەکانی
مەرگەساتەکانی کورد و
سەرەڕۆیی براکانمی
پێ دەگرتەوە ..!

پەتی پەتپەتێنەکەم
دیار نەدەما
خوشکەکەم
بەڵێ خوشکەکەم ..
لە کۆڵانە شاراوەکە
دەیکردە تەناف
تا پەڕۆی سووڕی مانگانەی
پێ هەڵبخات ..!
نەکا دایکی نەریت پێی بزانێ و پێی بڵێت:
ئەی بێ حەیا بۆ وات لێهاتووە؟
پەتپەتێنی ئەو ناوەی پێ بکات ..ا

بەردی هەڵماقۆکانیـشم
دەبوونە سـیان
براکەم جارێ شووشەی پێ دەشکاندن
جارێ خوێنی چۆلەکەی پێ دەڕژاندن
من سزا دەدرام و
ئەویش زیت زیت لێی دەڕوانیم،

ئێستاش گەورەبووم
پک پک دەکڕووزێمەوە
لە بەرگی بێدەنگیمدا
هێشتا یـاری
بە چارەنووسم دەکرێت
لە ئامێزی نیشتیماندا!