ئەرشەد تەحسین
نووسەر، سلێمانی
………………
ئەمساڵ سەرما جیاوازە لەساڵانی پێشوو، كەش و هەوا دۆخێكی درووستكردووە بەڕاستی هەست بەزستان بكەین، كەشی زستانی ئەمساڵ بەهەموو پێوەرەكان زستانێكی ڕاستەقینەیە، بەفر و باران و سەرما و دۆخی كەش و هەوا هەست و هۆشی گەڕاندمەوە بۆ رابردوو، بۆ ساڵانی پێش هاتنی تەكنەلۆژیا و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان، بۆ سەردەمانێك دڵەكان پڕ خۆشی و ژیان سادە و ساكار و پڕ لەسەختی بوو، بۆ ئەوكاتانەی نوا و خانوو و شوێنی ژیان گڵ و قوڕ و پێداویستیەكانی ژیان سەرەتایی و بەڕەنج و ماندووبوون بەدەست دەهات.
سەرباری هەموو پێشكەوتنەكانی سەردەم زستانی ئەمساڵ جیاواز بوو، ئەمساڵ جیاواز لەپار و پێرار گەڕاندمیەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، هەستم بەتەزینی سەری پەنجەكانم و سڕبوونی لوت و گووپەكانم كرد، بەڵام زستانی ئەمساڵ باوكم بەدیار سۆپای دارەوە دانەنیشت تا بەڕوومان بۆ ببرژێنێت، ڕۆژانی بەفر و باران و سەرمای ئەمساڵ لەقوتابخانە نەگەڕاینەوە و دیمەنی باوكمان نەبینی كەوەكانی بەردابێت و بەدیار یاریكردنی كەوەكانەوە خەیاڵ بیباتەوە.
زستانی ئەمساڵ جیاواز بوو، گەڕاندمیەوە بۆ منداڵیم، ئەگەرچی ئەمساڵ دایكم مەنجەڵە دۆینە و نیسك و نۆك و فڕوجاوی لەسەرئاگرنەبوو بۆ ئەوەی لەسەرما گەرممان بكاتەوە، سفرەی ماڵەكەی ڕانەخستبوو تا بەماندوێتی نیوەڕۆ لەدەوری كۆ ببینەوە، پێش ئێوارە باوكم بەدەسكێك تاڵیشكەوە نەگەڕایەوە ماڵ هەتا بۆ كەوەكانی وردبكات و لەگەڵ ماشەڕەشەدا بیخاتە بەردەمیان، ئێواران عەلادین لەناوەڕاستی ژوورەكەدا نەبوو پەتاتە و ڕۆنیش بەتوور و تەڕەپیازەوە لەسەر سفرەكە دادەنرابوو، شەوانیش پێش خەوتن شۆك و ڕۆن سكی گەرم نەكردینەوە.
ئەمساڵ جیاواز گەڕاندمیەوە بۆ ڕابردوو، بەڵام بەدیار لامپا و فانۆسەوە سەرقاڵی تەماشاكردنی پەڕتووك و تیانووسی قوتابخانە نەبووم، زوو كاتژمێر دەی شەو بەدەم ژماردنی داری بنمیچی ژوورەكەوە خەو نەیبردمەوە، جاجمە سوورە گەورەكەی كە هەرچوار براكەمان پێكەوە بەخۆماندا دەدا گەرمی نەكردمەوە، بەیانیان سیخە سەهۆڵم بەگوێسەبانەی ماڵ و خانوو و دیوار و نواكانەوە نەبینی، بەكۆڵانی پڕ گۆلاوی شەختە و بەستوودا نەچووم بۆ قوتابخانە.
ئەمساڵ زستانەكەی جیاواز بوو، لەگەڵ خۆیدا سەرمای بەتین و كۆڵێ خەم و حەسرەتی بۆ هێناین، گەڕاندمیەوە بۆ ڕۆژانێك هەرگیز ناگەڕێنەوە، بەڵكو خەونێك بوون بەنائومێدی و نەهامەتیەوە بینیمان و جێمانهێشت.
ئەمساڵ سەرباری زستان و سەرما بەهێزەكەی، لەگەڵ هەڵمی بەیانیانی دەممدا حەسرەت و ئازار و خەمیش لەهەناسەم هاتنە دەرەوە و تێكەڵ بەتەمی لەفرمێسكم درووستبووم بوون و لەئاسمانی پڕ تەمتوماندا بەگەورەیی نووسیان ” نەڕابردوو دەگەڕێتەوە و نەئازیزانیش وەك جاران كۆدەبنەوە و نەبرینەكانیش ساڕێژ دەبن”.

