فەهمی کاکەیی
نووسەر، سويد
…………………
ناسنامەی کوردی بۆ تاکی کورد زۆر گرنگە، بەڵام نابێت تەنێ لەو چوارچێوەیەدا بمێنێتەوە. بگرە ناسنامە دەبێت بوارە جوداکانی زمان بگرێتەوە، واتە قوتابخانە و ڕاگەیاندن و دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستە زمانێکی ستاندارد و ڕێنووسێکی ستاندارد پێگەکانی ناسنامە بەهێزتر دەکەن، کە بەداخەوە نەک تەنێ لەو دوو لایەنە بێبەشین بەڵکوو کاریشیان بۆ ناکەین. بێ لەمە دیمەنی شار و ڕێگاوبانەکان ئەوانەيش بەشێکن لە ناسنامە، لەم حاڵەتەدا ناسنامەی وڵات. کەچی ئەم لایەنە بە تەواوەتی فەرامۆش کراوە.
ئەگەر مرۆڤ لە هەولێری پایتەخت پیاسەیەک بە شەقامەکاندا بکات، دەیان تابلۆی جۆراوجۆری سەرسوڕهێنەر دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک ئاوێنەی شارێک نین ناسنامەیەکی کوردی هەبێت، هەر لە زمانی تابلۆکانەوە بیگرە تا ڕێنووس و ناولێنانەکان. هەروەها زمانی کوردی دەبێت زمانی یەکەم و باڵادەست بێت، بە تایبەتی لە شوێنە گرنگ و هەستیارەکاندا. بۆ نموونە کارمەندانی فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر کە بڕێکیان بێگانەن، هەستێکی وات پێ نابەخشن کە تۆ لە پایتەختی هەرێمێک بیت بە ناوی هەرێمی فیدرالیی کوردستان. لێرە مەبەست لە پۆلیس و ئاساییش نییە. مەبەست لە کارمەندانی خزمەتگوزاری و هێڵە ئاسمانییەکانە. ئەگەر بە خۆشیان کورد نەبن پێویستە فێری کوردی بکرێن. ئەویش بە مەبەستی ئاسانکردنی کاروباری هاتوچۆکەران لە لایەک و چەخت کردن لەسەر ئەوەی ئێمە هەموومان لە کوردستان دەژین و لێرە زمانی کوردی باڵادەستە لە لایەکی ترەوە. بەم بۆنەیەوە شایانی گوتنە کە هەموو ئەو کارمەندانەی لە کوردستان کار دەکەن و خۆیان کورد نین، چاکترە خولی زمانیان بۆ بکرێتەوە و فێری کوردی بکرێن، نەک هەر چاکترە بگرە دەبێت بکرێت بە مەرجی دامەزراندن.
لایەنێکی تری گرنگ هەیە کە ڕەنگە کەمێک هەستیار بێت، ئەویش هەبوونی قوتابخانە بە زمانەکانی تر، کە من هەم بە پێویستی نازانم و هەمیش وەک خەتەرێکی دەبێنم بۆ سەر زمان و ناسنامەی کوردیمان. مەبەست لێرە تەنێ ئەو قوتابخانانە نین کە بە زمانانی بیانی کراونەتەوە، بەڵکوو مەبەست ئەو قوتابخانانەیشن کە بە زمانی کەمایەتییەکان کراونەتەوە. ئەم باسە هیچ پەیوەندی بە توندڕەوی و نەژادپەرستییەوە نییە. جگە لە زمانی عەرەبی کە دەکرێت بە زمانی دووەمی ڕەسمیی هەریم بژمێردرێت، لە باشترین حاڵەتدا دەبێت کەمایەتییەکان مافی ئەوەیان هەبێت ئارەزوومەندانە زمانی دایک بخوێنن، نەک تەواوی خوێندنیان و هەموو قۆناغەکان بە زمانی دایک بێت. هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوێد دیموکراتتر نییە. لە سوێد پێنج کەمایەتیی نیشتمانی هەن. منداڵانی ئەم کەمایەتییانە لە قوتابخانەدا زمانی دایک دەخوێنن، بەڵام بابەتەکانی تر بە زمانی سوێدین، واتە قوتابخانەیەک نییە هەموو بابەتەکانی بە زمانی کەمایەتییەکان بێت. بێ لەمە نزیکەی دووسەد زمانی بیانی لە سوێد هەن، کە منداڵی ئاخێوەرانی ئەو زمانانەیش بۆیان هەیە ئارەزوومەندانە زمانی دایک بخوێنن.

