پەروا عەبدولقادر
شاعیر،
سلێمانی
………….
ئێمە هەمیشە درەنگ دەگەین
زەمەن بە سەرماندا تێدەپەڕێ و
ناومان لەناو تۆمارەکانیدا نانوسێ…
نیشتیمانمان هەمیشە بە ئازادی دووگیانە و
لەبار دەبرێت،
بۆ ئەوەی ببین بە مرۆڤێکی ئاسایی
چاوەڕێی مۆڵەتێکی نەهاتووین.
جەستەی خۆمان هەڵگرتووەو
وەك ئاوارەیەك هەمیشە بەڕێگاوەین
لەسنگماندا دڵێك هەیە
زوو فێری ترس و بێ متمانەیی دەبێت
لە چاوەکانماندا یادێك هەیە
گەورەتر لە تەمەنی خۆمان
گەورەتر لە تەمەنی نیشتیمان.
بە ڕێگاوەین و دوور دەڕۆین
هەموو هەنگاوێکمان تاقیکردنەوەیەکی قورس و ئاڵۆزە
ئایا دەمێنینەوە؟
ئایا ناوێکمان هەیە بتوانین بە ئاشکرا بیڵێین
جگە لە هێمایەکی ناڕوون
لەسەر پەڕەی نەخشەکان؟
ئێمە هەموو بەیانییەك پاڵ بە بەردەکەمانەوە دەنێین
نەك لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە گەیشتن نییە،
بەڵکوو لەبەر ئەوەی وەستان
جۆرێکە لە مردن!
ئێمە ئاگرو نور بە کەسانی تر دەدەین و
خۆشمان بە بەردەکانمانەوە بەستراوین
ئێمە هەموو ڕۆژێك بەر دەبینەوەو نامرین.
زمانی ئێمە ،
تەنها ئامڕازی پەیوەندی نییە،
ڕزگاربوونێکی کاتییە،
بۆ گۆکردنی هەر وشەیەکی
دەبێ سەرەتا بەسەر سەدان
برینی کۆندا تێپەڕین
تا دەگاتە دەممان
کاتێکیش لە هەوادا بڵاودەبێتەوە
لێی دەترسن
هەر ئەوەندەی بەگۆهاتین
ئیتر ئەوە ئازایەتییەکە لێبوردنی نییە.
ماڵەکەی ئێمە،
لە چاوەڕوانی دروستکراوە
دیوارەکانیشمان لە وێنەی ئەو کەسانەی کە ڕۆیشتن و نەگەڕانەوە
دەرگاکانمان واڵا دەکەین
یەکەم کەس “با” خۆی دەکات بەژووردا
دایدەخەین و
مێژوو بەزۆر دەیەوێ بێتە ژوورەوە
ئێمە شوێن جێناهێڵین
شوێن ئێمە جێدەهێڵێت
لە بۆشاییەکداین وەك نیشتیمان وایە و نیشتیمانیش نییە
دەیانەوێت فێرمان بکەن
چۆن بێ ڕەگ و ڕیشە بژین
بۆیە ئێمەیش منداڵەکانمان فێر دەکەین
زەوی بیرۆکەیەکە شوێنی ئەمان نییە.
ئێمە بوونێکین،
گفتوگۆمان لەسەر دەکرێت
دووبارە ناسنامەمان پێناسە دەکرێتەوە
بەشێوەیەك کە لێمان ناچێت
کاتێکیش بەرگری دەکەین
لەسادەترینی شتەکان:
لەناو،
لە زمان،
لە یادەوەری،
لە مافی ئەوەی ببین،
دەمانخەنە شەڕێکەوە
وەك پزیشکێك کە بە ناچاری
چەقۆی نەشتەر هەڵدەگرێ
چەك هەڵدەگرین،
بەڵام ئیتر هەڵە لێرەوە ناکاتە شکست و
ناکاتە نەمان
دەکاتە برین.
مێژووی ئێمە دەنوسرێتەوە
لە نێوانی فیشەك و ڕستە
لە نێوان وێنە و خوێن
لە نێوانی ئەوەی ڕوو دەدات و
ئەوەی جیهان نایەوێت بیبینێت.
ئاڵاکەمان هەڵدەگرین،
چونکە نیشانەی ژیانە
ئێمە ئازار نین،
ئێمە ئاوێنەی پاکی ئازارین
کوردبوون،
ئەزموونێکی کراوەیە بۆ جیهان
کوردبوون برینە،
برین کاتێ کە قسەی کرد
دەبێ هەمووان بێ دەنگ بن
بۆ ئەوەی ون نەبن….
کوردبوون برینە
ئەم برینە تاوانی ئێمە نیە
تاوانە بۆ جیهان کە فێری پرسیار کردن نەبووە…

