فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خێو و شەوە، دێو و درنج

عەبدوڵڵا سەڕاج
……………….
باس لە سەردەمێك دەکەم کە نە ڕادیۆمان هەبوو نە سۆپای نەوتی. بۆ سەرمای زستان و چای دەمدان بارە خەڵوزیان دەکڕی . دایکم دەیگووت: سەرت بخە سەر کۆشم با ناو قژت بگەڕێم منیش داوای مەتەڵ و حکایاتم لێ دەکرد ، کە ئەسپێیەکی فڕێدەدایە سەر پشکۆ گەشەکان تەقەی لێوە دەهات . ئەوجا ئەو مەتەڵانەم لە بیر کاڵ بووەتەوە بەڵام دێو و درنجەکانم لە یاد ماوە بیریشم دێت لە کۆڵانەکان دەمان وت : مەتەڵ مەتەڵ ماتیزا ، کەری حەسەن هەڵتیزا ، کێ واتای ماتیزا دەزانێ با بە سوپاسەوە واتاکەیم پێ بڵێ . ئێستا وێنەی وشەیی پێنج لە دێو و درنجەکانتان بۆ دەکێشم:
١- خێو: خێو دەعبایەك بوو وەکو بزن خۆی نیشاندەدا یان دەچووە دۆخی بزنەوە، ئەوجا کەسێکی تەنیای شك ببردایایە لەو ڕێگا و بانانە سواری شانی دەبوو ، جووتە گونەکانی شۆڕ دەکردەوە هەتا کەسەکەی دەخنکاند چیرۆكنووسی کارامە ( مەم ) ئەم خێوەی لە دەقێکی خۆیدا بە ناوی ( پاییزە خەون ) تۆمار کردووە و وەك بزانم ئەوەیان لە هەولێر شانۆوەند.
٢- نەڕ نەڕایش: دایکە دێوێکی زەبەلاح بووە. مەمکی ڕاستی خستووەتە سەر شانی چەپی و ، مەمکی چەپیشی خستووەتە سەر شانی ڕاستی . کە کەسێك لە ئاقارێك بووایە یان لە نزیکی بووایە دەینەڕاند : بۆن دێ بۆن دێ بۆنی بنیادەم دێت ، ئەوجا کوڕە ئازای حکایەتەکە گورج مەمکی دەمژی و دەبوو بە کوڕی بەڵام هەمیشە پەڵپ و بیانووی لێدەگرت بۆ ئەوەی بیخوات . بێژنگێکی دەدا پێی یان هێڵەکێك بۆ ئەوەی ئاوی بۆ بێنێت. کوڕە ئازا ئەگەر بێژنگ بووایە ئەیخستە ناو تەشتێك خۆ ئەگەر هێڵەك بووایە ئەیخستە ناو مەنجەڵێك و ئاوی بۆ دەبرد و ڕزگاری دەبوو.
٣- قایش باڵدر : درنجێك بووە شەوان دەسوڕایەوە بۆ فڕاندنی منداڵێك کە خەوی لێنەکەتبێت بۆیە دایکانمان دەیان ووت پێڵووەکانت داخە و زوو بخەوە.
٤- بستە باڵای ٤٠ گەز ڕیشە: ئەمەش گوایا زانا و مامۆتکی خەڵکی بووە ، گەز پێوانەیەکی کوتاڵ بوو کە شەست و یەك سانتیمەتر بو، ئینگلیزەکان لەگەڵ خۆیانا پێوانەیەکی دیکەیان لە جێگای ئەو پێوانەیە هێنا کە یاردە بوو ئەمیش حەفتا و یەك سانتیمەتر بوو ئەوجا مامۆتکە بێنە بەر چاوی خۆت باڵای بستێکە و ڕیشی ٢٤-٢٥ مەترە هەروەها پێوانەی بست و پێ و قولانجیش هەبوو.
٥- کۆترە پەری : لە ڕۆخی حەوزی ماڵە گەورەیەك دەنیشتەوە و هەر یەکەیان کەوڵەکەی دادەکەند و دەچووە دۆنی پەرییەکی نەشمیل خەریکی مەلەوان دەبوون گەنجی ماڵەکەش بە دەمەخشکێ دەچووە پاڵ حەوزەکە و کەوڵێکی دەڕفاند پاش مەلەکردنیان پەریەکان کەوڵەکانیان لەبەر دەکرد و دەچوونە دۆنی کۆتر و لە شەقەی باڵیاندەدا پەریەك نەبێت کە بە ڕووتی دەمایەوە و تکای لە کوڕە دەکرد کە کەوڵەکەی بداتەوە ، بێسود ماوەیەك لە لای دەمێنێتەوە مارەی دەکا و دەیخوازێ . بەڵام ئەوسای پەریە کۆتر بە جێگای کەوڵەکەی دەزانێ دەستبەجێ لەبەری کردووە و لە شەقەی باڵیداوە.
ئەم گیانلەبەرە ئەفسانەییانە دەشێن لە چیرۆك و ڕۆمان و دەقی شانۆیی دابمەزرێندرێن وەك چۆن بەندە لە چەندین دەقی خۆمدا دایانم مەزراندووە. وەکو ڕۆمانەکانی پەرتەوازەی ئێرە و ئەوێکانی ڕەوان، ڕۆمانی ئەژدەر و ڕۆمانی چۆن بووم بە تیترواسك و ڕۆمانی ئەفسانەی ڕەنگستان لەگەڵ بڕێ چیرۆکی کورتدا.
تێبینی:
لە کەرکوك و خولگەیدا بەم جۆرە حکایاتانە دەوترێ مەتەڵ. هەر چەندەش لە شوێنانی دیکەدا مەتەڵ بە واتای هەڵهێنان ( حەزورە) دەوترێ.