فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وانەکانی تەمەن

د.مستەفا زەنگنە

نووسەر و مامۆستای زانکۆ،

هەولێر

…………………….

لەئێستادا تەمەن پێم دەڵێ :-

÷دەسخۆشیکردن لە خەڵکی ببەخشەرەوە و درێغیی لێ مەکە، چونکە ئەوکارە زۆر ئاسانە،بەڵام وزەبەخشێکی باشە.

+گوێ مەدەرە تاڵە سپییەکانی سەرو ڕیش و چرچ ولۆچیی دەم وچاوت و پەڵەکانی سەرجل و بەرگەکەت، چونکە دەنگی کەسێتی لەدەنگی ڕووکەشی بڵندترو ڕاستگۆ ترە.

+سەیری کێبڕکێکان بکەو مەبەرە بەشێک لەوان،چونکە ژیان هێندەی نەماوە تا بەکێشەکانەوە سەرقاڵ بیت.

+شەرم لەهەست وسۆزی خۆت مەکەو دەریان بڕە، چونکە تەنها ئەودوانەن وادەکەن وەکو مرۆڤ دەرکەویت.

+نەکەی خودپەرست بیت، چونکە بە تەنها دەمێنیتەوە،

لەکاتێکدا پیویستیت بەخەڵکانی ترەو بەوکارەيش ژیان خۆشتر دەبێت.

+ڕۆژەکانت پڕبکە لەژیان وخۆشی، وەکوو ئەوەی هەموو ڕۆژێکت دوا ڕۆژی ژیانت بێت.

+ئەوخەمانەی دێنە پێشت، بێزارت نەکەن،شکاتیان لێ مەکە، بەڵکوو با دڵخۆشت کەن،چونکە ئەوانە کۆمەڵێ مەسیجی ڕاستەقینەن، پێت دەڵێن تۆ هێشتا زیندوویت وهەیت.

+ئیدی تەمێی خەڵک مەکە،هەڵەی کەس ڕاست مەکەرەوە

چونکە دنیا لەهەڵەکانی خەڵک گەورەترە.

+خۆت بەڕووداوە کۆنەکانەوە خەریک مەکە، بەڵام ڕێگا لەخەڵک مەگرە ڕووداوە کۆنەکانی ژیانیان بگێڕنەوە، چونکە لەئێستادا ئەوان تەنها ڕابردوویان هەیە.

+ئیدی لەکڕینی دەسکێ توورو کیلۆیەک باینجان و پیازو

لەفەیەکدا مامەڵە مەکە، چونکە ئەو یەک دوو عانەیەی مامەڵەی لەسەردەکەیت،کێ بڵێ بەشداری لە پڕکردنەوەی بڕە پارەی کرێی خانووی عەرەبانچییەکەدا ناکات، یان بەشداری لە پێدانی خەرجیی مناڵەکەیدا ناکات کە سبەینان لەکاتی چوونی بۆقوتابخانەدا باوکی دەیخاتە گیرفانییەوە.

خۆ من کە گەنجیش بووم تاڕادەیەک ئەم کارانەم دەکرد

چونکە لەباوکمەوە وەرمگرتبوون..بۆیە باوک گەورەترین قوتابخانەیە.