فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نموونەیەکی دیکەی سەوزبوونی تۆوێکی کوردی لە سەرزەمینێکی نامۆدا

عوسمان نەجمی گویرمەن، ئەو کوردە ئاغازادەیەی کە بە تورکی و فەرەنسی ڕۆمانی نووسی

بەکر شوانی

ڕۆژهەڵاتناس و وەرگێڕ، ئەڵمانيا

……………………………

لە کۆتایی ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا، ئیبراهیم پاشای سەرۆکی عەشیرەتی میللی، وەک سەرکردەیەکی دیاری سوارەی حەمیدیەی عوسمانی لە ئورفاوە تا ماردین دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو. تاکەکەسێک کە سەرپێچی لە ئیبراهیم پاشا دەکرد و نەدەچووە ژێر بار، عوسمان ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی گەورەی بوجاقەکان بوو. ئیبراهیم پاشا کە هیچ چارەیەکی تری بۆ نەمایەوە، دادی خۆی لە دەست عوسمان ئاغا بردە لای سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و سوڵتانیش عوسمان ئاغای بۆ دەرسەعادەت (ئیستانبوڵ) بانگهێشت کرد.

عوسمان ئاغا بانگێشتەکەی پەسەند کرد و خۆی و ڕاوێژکاران و دەست و پێوەندەکانی لە سوێرەکەوە بە سواریی حوشتر گەیشتنە ئەدەنە و لەوێشەوە بە کەشتی بەرەو ئیستانبوڵ بەڕێ کەوتن. پاش چەند ڕۆژێک پشوو، عوسمان ئاغا برایە دیوانی سوڵتان عەبدولحەمید و بەپێی سەرچاوەکان، سوڵتان لێی پرسیوە “کوڕم، ئیبراهیم پاشا چۆنە؟” لەو ساتەدا عوسمان پاشا بۆی ڕوون دەبێتەوە کە بووە بە تەڵەوە و کار لە کار ترازاوە. سوڵتان پێی دەڵێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ سوێرەک و پێویستە لە ئیستانبوڵ بگیرسێتەوە. بە فەرمانی سوڵتان، ناوونیشانی پاشایی بە عوسمان ئاغا دەبەخشرێت و مووچەی بۆ گرێ دەدرێت و لە ناوچەی ئاکبیکی نزیک لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد، کۆشکێکی بۆ تەرخان دەکرێت.

عوسمان ئاغا کە ئیدی ناسناوی دەبێت بە عوسمان پاشا، وەک بارمتەیەک لە ئیستانبوڵ درێژە بە ژیان دەدات و لەبەرئەوەی هاوسەر و منداڵەکانی لە کوردستان بەجێهێششت بوو و بەپێی داب و نەریتی ئەو سەردەمەیش نەدەبوو بێ هاوسەر و بێ هاودەم بمێنێتەوە، لەگەڵ خاتوونێکی چەرکەسی ژیانی هاوژينی پێکەوە دەنێت. پاش چەند ساڵێکیش، سۆیلە خانمی هاوژينی یەکەمی و منداڵەکانی لە کوردستانەوە دەگەنە لای. عوسمان پاشا لە سۆیلە خانم سێ کچ و کوڕێکی هەبوو، کوڕەکە ناوی خەلیل بوو.

خەلیلی عوسمان پاشا قۆناغەکانی خوێندن لە ئامادەیی ساینت جۆزێفی فەرەنسی خوێندن تەواو دەکات و پاشان یاسا دەخوێنێت. ئەم کوڕە گەنجە ڕۆژێک لە شیرینیخانەی بەناوبانگی پێترۆگرادا لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ کچێک دەبینێت و ئەڤینداری دەبێت. ڕۆژی دواتر دەکەوێتە سۆراغی کچەکە و بۆی دەردەکەوێت ناوی ڕەعنایە و کچی هاشم بەگی وەزیری پۆست و تەلەگرافی ئەو سەردەمەیە. لە ئاکامدا ئەم دوو گەنجە ژیانی هاوژينێتی پێکەوە دەنێن و ساڵی 1927 یەکەم منداڵیان دەبێت و باوکی ناوی لێکدراوی (عوسمان نەجم)ی لێ دەنێت و پاش ئەوەی ساڵی 1935 لە تورکیا یاسای پاشناو دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پاشناوی بنەماڵەکە دەبێت بە (گویرمەن) و کاتێکیش عوسمان نەجمی گەورە بوو و پێگەیشت، بوو نووسەرێکی تورک-فەرەنسی بە ناوی: عوسمان نەجمی گویرمەن.

عوسمان نەجمی بچووکیش، واتە (عوسمان نەجمی گویرمەن) وەک باوکی قۆناغەکانی خوێندن لە ئامادەیی ساینت جۆزێفی فەرەنسی تەواو دەکات و بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە فەرەنسا و لەوێ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخوێنێت. ساڵی 1958 باوکی دەمرێت، بۆیە ناچار دەبێت بگەڕێتەوە و لە شوێنی باوکی ببێت بە سەرۆکی عەشیرەتی بوجاق.

عوسمان نەجمی گویرمەن ساڵی 1966 لە دەست کێشە عەشایەرییەکانی سوێرەک هەڵدێت و لە شاری بۆدروم دەگیرسێتەوە و لەوێ یەکەم هۆتێلی گەشتوگوزاری دەکاتەوە و کۆمەڵێک کێڵگە و زەوی و زاری کشتوکاڵی بەرێوەدەبات. وەلێ مافیای سەردەم گێچەڵی پێ دەکەن و ناچاری دەکەن تورکیا بەجێ بهڵێت و ڕوو لە پاریس بکات. عوسمان نەجمی گویرمەن لەوێ 10 ساڵ وەک نوێنەری ڕۆژنامەی “حوڕییەت” کار دەکات و هەر لەو ماوەیەيشدا دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکات و ساڵی 1976 یەکەم ڕۆمانی خۆی بەناوی (L’écharpe d’iris) بە زمانی فەرەنسی بڵاو دەکاتەوە. دوای ئەوە و تا ساڵی 2010 سەرجەم 9 ڕۆمانی دیکە بە زمانی تورکی و فەرەنسی دەنووسێت و بڵاو دەکاتەوە. .

عوسمان نەجمی گویرمەن (1927 – 2015) و یاشار کەمال (1923 – 2015) دوو هاوڕێی نزیکی یەکدی بوون. گویرمەن ساڵی 2015 و تەنیا 3 مانگ و 1 ڕۆژ دوای کۆچی دوایی یاشار کەمالی هاوڕێی، لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

نەمبیستووە هیچ کامێک لە ڕۆمانەکانی گویرمەن، چ لە فەرەنسی و چ لە تورکییەوە، بۆ کوردی وەرگێڕدرابن

 
 
 
 وێنەکە : ياشار کەمال و عوسمان نەجمی گویرمەن