چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە بێدەنگی لەنێو دونیای ڕۆشنبیرییدا
ئارام سدیق
نووسەر، سلێمانی
هەمیشە بێدەنگیم لە قسەکردن خۆشتر ویستووە. زۆرجار لەڕێی بێدەنگییەوە قسەی خۆمم کردووە. ئەگەرچی هەندێکجار کەس لەو بێدەنگییەم تێنەگەیشتووە، بەڵام بۆ خۆم واتادار بووە، یان بۆم گرنگ نەبووە ئەوانی تر لە جەوهەری بێدەنگییەکەم تێدەگەن یان نا؟ هەر لەسەرەتای ئاشنابوونم بە کتێب و خوێندەوەوە هەوڵی ئەوەم داوە بێدەنگی ڕووبەرێکی گەورەی ژیانم بێت، چونکە دڵنیابووم لەوەی زۆربڵێکان بۆشی خۆیان لەڕێی زۆرگوتنەوە دەشارنەوە. لێرەوەیە کە بێدەنگم، بەتایبەت لەو پانتاییانەی بەر ئەوانی تر دەکەوم، بەڵام هەمیشە دەنگەدەنگم لەگەڵ خۆم هەیە قسەکردن و گۆرانییەکان بۆ خۆم دەڵێم.
زۆرجار و لە زۆر پێشهاتی جۆراوجۆردا داوای هەڵوێستم لێ کراوە، بەڵام هەمیشە، یان بەشی هەرە زۆری بێدەنگ بووم. دەنگی من تەنها ئەوکاتە نییە، کە قسە دەکەم، بەڵکو کردە و هەڵوێست و نووسینەکانمە. دەنگی من تەنها لەڕێی ئەم وتارەشەوە نابیسترێت، چونکە دەنگی من لەنێو ئەو هەزاران وشەیەدایە، کە نووسیوومە. بۆیە جیاوازیکردن لەنێوان بەدەنگهاتن (قسەکردن) و بێدەنگیدا چەندە سەختە، دۆزینەوە و دیاریکردنی دەنگی ئەویتر هێندەی تر سەختترە.
ئەگەر خوێنەرێک بیەوێت تەنها لەڕێی ئەم وتارەوە حوکم لەسەر من بدات بەهەڵەدا چووە. ئەگەر ڕەخنەگرێک ئەم وتارە بکاتە پێوەر بۆ هەموو نووسینەکانم ئەوە جگە لە کۆڵەوارێکی دونیای ڕەخنە هیچی دیکە نییە، چونکە دەنگی من تەنها لەنێو وشەکانی ئەم وتارە و سەرجەم نووسینەکانیشمدا نییە، بەڵکو نێو ئەو بێدەنگییەشدایە، کە ساڵانێکی زۆرە، یان دروستترە بڵێم لەسەرەتای ئاشنابووم بە خوێندنەوە و نووسینەوە پەروەردەی دەکەم.
بێدەنگیم بەرامبەر ئەو نووسەرانەی زۆرجار ناهەقی بەرامبەر وتار و نووسینەکانم دەکەن و بە هەڵە لێکی دەدەنەوە، یان ئەو لێدوانانەی سەبارەت بە پرسی خوێندنەوە بڵاومکردوونەتەوە و “بەهەڵە” تەفسیر کراون، نیشانەی ئەوە نییە ئەوانەیتر ڕاستبێژن و من لە هەڵەدام، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکار هەیە لە ئاستی ئەوەی من بێدەنگیم بەرامبەریان هەڵبژاردووە. ڕێسایەکی گشتی هەیە، کە لە یۆنانی کۆنەوە بەشێک لە فەیلەسووفەکانی ئەوکات (کە ئێستا ناوەکانم بیر نییە) پەیڕەویان کردووە ئەویش ئەوەیە “نابێت گفتوگۆ لەگەڵ گەمژەکان بکەین، چونکە ئەوان هیچ تێناگەن.” یەکێکی تر لە یاساکان ئەوەیە کە “نابێت وەڵامی نەزانەکان بدەینەوە، چونکە ئەوان هیچیان نییە لە دەستی بدەن.” زۆر یاسای دیکەیان هەیە، کە بیرم نەماون، بەڵام بۆ من ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە بێدەنگیم بەرامبەر نەزان و گەمژەکانە و لە ئاستی ئەوەدا نایانبینم، کە وەڵامیان بدەمەوە. بێدەنگیم زێڕە و جیهانی خۆی بەجێناهێڵێت بۆ ئەوەی وەڵامی وردەئاسنە ژەنگرتووەکان بداتەوە. بێدەنگیم خۆش دەوێت، چونکە سەنگینی مرۆڤ تەنها لە دەربڕیندا نییە، بەڵکو لە بێدەنگیشیدایە.
ماکس پیکارد لە کتێبی جیهانی بێدەنگی-دا هەر لەسەرەتاوە ئەوە دەخاتەڕوو، کە “بێدەنگی هەروا بە سادەیی ئەو شتە نییە، کە ئیتر لە قسەکردن دەوەستین. بێدەنگی زۆر لەوە زیاترە، کە هەر دەستبەرداربوونێکی نەرێنیانەی زمان بێ، زۆر لەوە زیاترە، دۆخێک بێ کە ئێمە لە ئیرادەوە بەدەستی بهێنین.” بێدەنگیش جۆرێکە لە گوتار، بەڵام گوتارە بەبێ وشە. قسەکردنی بەردەوام و بێدەنگ نەبوون جۆرێکە لە ناهاوسەنگی لای بەشێک لە نووسەران، کە پێیانوایە بەردەوام دەبێت قسە بکەن. پەیمانشکێنی نووسەران لەوەی واز لە نووسین دەهێنن و دواتر دەست پێ دەکەنەوە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە بێدەنگی و جەوهەرەکەی، چونکە دەکرێت جۆرێک لە بێدەنگی دەنگ، یان هەڵوێست بێت، بەڵام مەرج نییە ئەم هەڵوێستە هەمیشەیی بێت. وەکو ئەو دۆخەی “ئازاد سوبحی“ شاعیر کە دوای ساڵانێکی زۆر لە وەستان لە نووسین و هەڵبژاردنی بێدەنگی دواجار دەستی کردەوە بە نووسین و چەند قەسیدەیەکی گرنگی دیکەی بەر لە مەرگی نووسی.
بێگومان ئازاد سوبحی نموونەیەکی ئاوارتەی نووسەر و ڕۆشنبیر و شاعیرە لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا، ئەو هەر وشەیەک سەنگی نەبوایە نەیدەنووسی، لەو دوو ساڵەی کۆتایی تەمەنیشیدا کە گەلێک لێیەوە نزیکبووم زۆر بە سەختی بۆ چوونی دەردەبڕی سەبارەت بە هەر پرسێک گفتوگۆمان بکردایە، ئەو بە وریاییەوە بۆچوونەکانی دەردەبڕی، یان زۆرجار بێدەنگ دەبوو. کاتێک بێدەنگ دەبوو دەمزانی بۆچی بێدەنگە، چونکە بێدەنگییەکەیشی هەڵوێست بوو و لەوێوە بەشێک لە سەرنجیم لەسەر ئەو بابەتە بۆ دەردەکەوت!
لەنێو دونیای هونەریدا هونەرمەند مەزهەری خالقی ساڵانێکی زۆرە لە بێدەنگیدایە و هیچ بەرهەمێکی نوێی گۆرانی تۆمار نەکردووە، ئەمەش جۆرێک لە سەنگینی بۆ خۆی و هونەرەکەی هێشتووەتەوە، کە بێدەنگییەکەی وەکو جۆرێک لە هونەر لێوەر دەگیرێت.
ئەحمەد هەردی نموونەی ئەو شاعیرانەیە کە دوای نووسینی چەند قەسیدەیەکی تەواو نەکراو و بڵاوکردنەوەیان ئیدی کەوتە دۆخی بێدەنگییەکی قووڵەوە، بێدەنگییەک وەکو ئەوەی بە یەکجاریی ماڵئاوایی لە شیعر کردبێت، بەڵام دوای ئەوەی “کاکەی فەلاح” ڕەخنەی لێ دەگرێت “هەردی” بێدەنگی شیعریی دەشکێنێت و ناچارانە دەقەکان تەواو دەکات، بەڵام وەکو هەندێک لە ڕەخنەگران باسی دەکەن ئەوە تەواوکردنی ناچاریی بووە، نەک ئارەزوونەندانە. بەڵام لەو وەستان و بێدەنگییەی هەردی جوانتر نەدرکاندنی ناوی ئەو خۆشەویستەیەتی کە بەڵێنی شیعریی پێدابوو بۆ هەمیشەیی بێدەنگ بێت لە ئاشکراکردنی ناوەکەیدا. بۆیە هەردی ئەگەرچی بەڵێنی بێدەنگی شیعریی شکاند، بەڵام بۆ هەمیشەیی بێدەنگ بوو لە ئاست درکاندنی ناوی خۆشەویستەکەیدا و بەو بەڵێن و بێدەنگییەوە ژیانی بەجێهێشت.
محەمەد عومەر عوسمانی شاعیر دوای تاقانە دیوانەکەی (لەغوربەتا) ئیدی بێدەنگییەکی هەمیشەیی هەڵبژارد و چیتر شیعریی نەنووسی، بەڵام هەر بە شاعیریی مایەوە و لە شاعیربوون نەکەوت، واتە ڕاستە دەقی شیعریی نەنووسی، بەڵام شاعیرانە ژیا و درێژەی بە بوونی خۆیدا و هەر شاعیرانە مەرگی خۆی هەڵبژارد. بێدەنگی ئەم شاعیرە، بێدەنگییەک نەبوو نمایشکارانە، بەڵکو بێدەنگییەکی عەبەسیانە بوو، کە نائومێد بوو لە هەموو شتێک و لەنێو ئەم بوونەدا هەستی بە نامۆییەکی قووڵ دەکرد کە ئیدی (بە مانا هایدیگەرییەکەی) جێگەی مرۆڤە ڕەسەنەکانی تێدا نەبێتەوە، بۆیە دەبێت بەجێی بهێڵین.
بێدەنگی هەریەک لە خالقی و هەردی و محەمەد عومەر عوسمان، بێدەنگییەکی بێمانا نەبوو، بەڵکو هەر یەک لەم بێدەنگیانە واتادار و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەڵام ئەم ئامانج و واتایە هەموان توانای درککردنی ماناکانی ئەو بێدەنگییەیان نییە.
پیکارد لە دواتردا دەڵێت “بێدەنگی دروستکەری مرۆڤە.” بەدرێژایی ئەو چارەکە سەدەیەی لەنێو دونیای کتێبدا بووم ئەو درککردنەم بۆ دروست بووە، کە بێدەنگی ئەزموونەکانی دەوڵەمەند کردووم. بێدەنگی جیهانێکی لە ڕامان و خۆهەڵسەنگاندن و خۆڕەخنەکردنی بۆ دروست کردووم، کە بتوانم پڕۆژەکانم بونیاد بنێم و لەوێوە جیهانی خۆم دروست بکەم. هەرچۆن پیکاردیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەکاتەوە بێدەنگی وەستان نییە و شتێکی ئەرێنییە و بۆخۆی جیهانێکی تەواوە، بەڵام گرنگە ئاگاداری ئەوە بین جیهانێک نییە بۆ ناچالاکبوون و خەوتن، بەڵکو بێدەنگی جیهانێکە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەوە و بەخۆداشۆڕبوونەوە و خۆبینین. بەبێ ئەمانە بێدەنگی جیهانێک نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ وەستان.
خاڵێک لای نووسەرانی کورد جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە پێیانوایە کاتێک بێدەنگن لەبیردەچنەوە. داهێنەران لەڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە هەمیشە دەنگیان هەیە، بەڵام ئەوانەی دەترسن لە بێدەنگیدا بیر بچنەوە ئەوە ئەو کەسانەن، کە بەرهەمەکانیان پتەونین، بۆیە هەمیشە بە قسەکردن دەیانەوێت برەو بە بەرهەمەکانیان بدەن، چونکە ئەوان بەوە نەگەیشتوون، کە “بێدەنگی لە قسەکردن گەورەترە.” دەشێ هەر بێدەنگی ببێتە دەرچەیەکی نوێ بۆ داهێنان.
نووسەر و چیرۆکنووس “ئارام کاکەی فەلاح” نزیکەی شەش ساڵ بێدەنگ بوو و هیچ چیرۆکێکی نەنووسی، دواتر بە کۆمەڵێک چیرۆکەوە بێدەنگی شکاند و سەرەتایەکی تازەی بۆ ئەزموونی چیرۆکنووسی خۆی و چیرۆکی کوردی دەست پێکرد و بە چیرۆکی “نووسینەوەی دڕک” سەرەتایەکی تازەی گێڕانەوەی کوردی دامەزراند، کە پێشتر گێڕانەوەی کوردی خاوەنی ئەو زمانە ڕوونە ئایرۆنییە حیکایەتخوانییە نەبووە. لە ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسەوە تێدەگەین، کە بێدەنگی پاسیڤبوون نییە، بەڵکو بەخۆداچوونەوە و خۆهەڵسەنگاندن و خۆبینین و گەڕانیشە بۆ شتێکی نوێ کە پێشتر نەبووە، کە لەوێوە چاوگەی داهێنان دەدۆزرێتەوە. واتە ڕیشەی قووڵی داهێنان لەنێو بێدەنگییەوە دێت، نەک لە نێو ژاوەژاو و قسەکردندا.

