فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمان وەک هەڵگری فەرهەنگ

فەهمی کاکەیی

نووسەر، سويد

……………..

زمان ئەنباری فەرهەنگ، مێژوو، جوگرافیا، ئایین، سیاسەت و شارستانییە. ئەم چەمکانە و زمان خۆیشی، لەگەڵ منداڵدا لەدایک نابن. منداڵ بە ئازادی لەدایک دەبێت. ئەوە خێزان، کۆمەڵگە و ژینگەن کە ئەو وابەستەگییانە بۆ منداڵ دروست دەکەن. منداڵێکی تازە لەدایکبووی کورد بدەیتە خێزانێکی ئینگلیز و لە بەریتانیا مەزن بێت، هەرگیز نابێتە خاوەن فەرهەنگێکی کوردی و چ جاران ناسنامەیەکی کوردیی نابێت. بۆیە لەم لایەنەوە زمانی دایک گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.

زمان بنکە و کۆڵەکەی دامەزراندنی کەسایەتیی مرۆڤە، لەم حاڵەتەدا بۆ ئێمەی کورد زمانی کوردی و کەسایەتییەکی کوردییە. کە دەڵێین کەسایەتییەکی کوردی هەڵبەتە مەبەستمان ئەوەیە کەسایەتییەک بە ناسنامەیەکی کوردییەوە. ئەمە هیچ پەیوەندیی بە بیری توندی نەتەوەپەرستییەوە نییە. لە هەموو شوێنانی دونیادا هەر میللەتێک شانازی بە زمانی خۆیەوە دەکات. ئاخر گرنگیی زمان لەوەدایە دوژمنانمان بە هەر شێوەیەک بووە دەیانەوێت زمانەکەمان لاواز بکەن، قەدەغەی بکەن و لەناوی ببەن. ئەوان دەزانن لەناوبردنی میللەتێک لە ڕێی سەرکوتکردنی زمانەکەیەوە دەبێت، لە دواییشدا نەهێشتنی فەرهەنگەکەی و ناچارکردنی ئەو میللەتە بە قسەکردن بە زمانی سەردەست و پۆشینی فەرهەنگی باڵادەست.

هیچ زمانێک نییە لە دونیادا هەڵگری فەرهەنگێک نەبێت و ناسنامەیەک بە قسەکەرەکەی نەبەخشێت، هەر بۆیە هیچ فەرهەنگێکیش بێ زمان بوونی نییە، واتە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن، کار و کاردانەوەیان لەسەر یەکتر هەیە. ئێمە ئەمەی لێرەدا باسی دەکەین و تایبەتە بە کوردەوە ناسنامەی نەتەوەییە. ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک لە ناو ببەیت، زمانەکەی لەناو بدە، ئەو کاتە فەرهەنگەکەیت لە ناو بردووە و ئیدی نەتەوەیش لەناو دەچێت، چونکە تاکەکانی ئەو نەتەوەیە ناسنامەکەیان لێ وەردەگیریت و ناسنەمەیەکی دییان بەسەردا دەسەپێنرێت. دەکرێت بگوترێت زمان و فەرهەنگ دوو دیوی دراوێکن و خودی دراوەکە ناسنەمەی تاکێکی سەر بە نەتەوەیەکە. لەم لایەنەوە ئاساییشی زمان لەگەڵ ئاساییشی نەتەوە گرێدراوی یەکترن.

 

هەموومان دەزانین وڵاتە زلهێزە داگیرکەرەکان زمانی خۆیان بە زۆری زۆرداری سەپاندە سەر میللەتانی خاکداگیرکراودا. ئەوان گرنگیی زمانیان دەزانی و بەوەوە نەدەوەستان خاکی میللەتان بۆ مەبەستی ئابووری و بازرگانی داگیر بکەن، بگرە داگیرکردنەکە لایەنێکی فەرهەگییشی هەبوو، جا بۆ ئەم مەبەستە دەبوو زمانی خۆشیان بەسەریاندا بسەپێنن. وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق(کاتی خۆی) هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کردووە، ئەویش ڕێنەدان بە خوێندنی زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا بە مەبەستی ڕێگری لە گەشەسەندنی زمانەکە و پووچکردنی و لە داهاتوودا مراندنی. هەرچی تورکیایە بەمەيشەوە نەوەستابوو، بگرە زمانی کوردیی بە جارێ قەدەغە کردبوو، تەنانەت بۆ ئاخاوتنیش. ئەوەی زمانی کوردیی لە باکووردا لەسەر پێ ڕاگرتووە، هەستی نەتەوەیی و جەختکردنە لەسەر زیندووڕاگرتنی فەرهەنگی کوردی.