دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
………………….
ڕاستی،،منداڵێک بوو هەمیشە حەزی دەکرد زانیاری دەربارەی هەرشتێک هەبێت کە لە چواردەورێتی پرسیاری زۆری لەبارەیانەوە دەکرد، ڕۆژێک باوکی ڕاستی بانگی کرد وتی: کوڕم دەچم بۆ نەمامگە گوڵ و درەخت دەهێنم پێت خۆشە لەگەڵمدا بێیت؟!
ڕاستی یەکسەر دەرگای ئوتۆمبێلەکەی کردەوە چووە ناو ئوتومبێلەکەوە دانیشت وتی: بەڵێ زۆرم پێ خۆشە دێم لەگەڵتدا، بەڵام دەچیت چ جۆرە گوڵ و درەختێک دەکڕیت؟
باوکی : دەچم درەختی توو دەکڕم.
ڕاستی: ئەی بۆچی گوڵ ناکڕیت جوانە!!
باوکی : کوڕم درەختیش پێویستە
ڕاستی: درەخت بۆچی پێویستە؟
باوکی :درەخت هەوای ژینگە پاک دەکاتەوە لەبەرەکەی دەخۆین و لەژێریدا دادەنیشین و سێبەرمان بۆ دەکات چەندین سوودی تری هەیە.
ڕاستی: ئەی گوڵ؟
باوکی: گوڵیش دیمەنی سروشت جوان دەکات و ژینگە پاک دەکاتەوە و بەڵام تەمەنی گوڵ وەک تەمەنی درەخت درێژ نییە، درەخت چەندان ساڵ دەمێنێتەوە وەک ئەو درەختەی لە حەوشەکەماندایە باوکی ڕەحمەتیم کاتێک کە من لەدایک بووم ڕوانوێتی و ئێستایش لەسایەنو سێبەری دادەنیشن و لەبەرەکەیشی دەخۆین.
ڕاستی: بەم وتانەی باوکی بیرۆکەیەکی بۆ هات بە باوکی وت: بابە گیان منیش پێم خۆشە بۆ هەرساڵێک لە تەمەنم دارێک بڕوێنم تا ژینگەمان پاک و جوان بێت .
باوکی بە پێکەنینەوە وتی: ئافەرین کوڕە ژیرەکەم ئێستا بۆ تەمەنی تۆ دەبێت هەشت درەخت بڕوێنین، دەی خێرا بابڕۆین درەختەکان بێنین تا بیڕوێنین..

