فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

​سێوباران لە ئاسۆی دواڕۆژدا

ستار ئەحمەد

شاعیر، کەرکووک

…………….
​خۆر دەسووتێ..
هەور گیان دەدا،
سروشت بەپێوە نوستووە،
با بەدوای خۆیدا ڕادەکا،
مانگ لە ژانی مناڵبوونە.
خاک بۆ لەتە نانێک دەگری،
مرۆڤ خوناوی لوتکەی چیا
دەکاتە ئاڵای بەرگری.
​دەمێکە بارانی شەڕگە
جەرگی ئاسمانی ناسیوە،
کەچی گوللەی بێناونیشان
لە نەخشەی کوشتن فڕیوە؛
بە شاباڵی فریشتەکان
گیانی شەکاوەی ئەستێرەی
بە سنگی شەو هەڵواسیوە.
​ئەمێستاکە..
تیشکبارانی ئاواتمان،
دەستی گزنگ ڕادەکێشێ؛
بە تیشکی سۆز،
لانکی مرۆ و
کۆرپەی خاکمان دادەپۆشێ.
نیگای هەوار،
دروشمەکان دەنەخشێنێ،
دەروازەکان دەکرێنەوە..
هەرچی فریشتەی مژدەیە
ئاڵای ئازادی هەڵدەکەن.
​زەوی تینوێتی دەشکێت و
وشکی نامێنێ لە گوڵشەن.
خاکمان شادی ڕادەمووسێ..
باران خوناو دەسڕێتەوە،
پەلکە زێڕینە بە سەما
دەبێتە ئاڵای ئاشتی و بوون.
​نیشتمان باڵا دەکات و
پێنووس، مرۆڤ دەورژێنێ؛
چەک خودی خۆی هەڵدەواسێ،
پەپوولەی خۆزگە،
باڵی گەواڵە دەردەکا.
مەبەست شەونم لەبەر دەکا،
باخچە شەونم لە گوێ دەدا،
هیوا چرۆی نوێ دەردەکا.
​مەرگ خۆی دەمرێت،
ژیان کڵاوی خۆر لەسەر دەکا.
ئەستێرە مێژوو دەنووسێتەوە؛
ئاسۆی دواڕۆژی گەردوون،
بە خەندەوە هەڵدێتەوە.
​خودا سروشت،
بە دڵۆپە دەنەخشێنێ..
پەڕتووکی خەون دەکاتەوە،
پیتی ڕژاو بەسەرمانا دەبارێنێ.
شیعر دەکاتە ناسنامە..
نیشتمان گوڵزاری وەڵام،
سات لە کەژدا خرۆشاوە
بۆ نوقڵانەی دوایین پەیام.