فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

ناسک نەسیری
شاعیر، بەلژیک

…………….
لە لێواری ئەم ژینە ساردو سڕە هەڵتروشکاوم
ئیتر وەک جاران دڵم لە سەرمای تانەو تەشەری ئاشنایان ناتەزێ

خۆم بە گەرمای ئەو دڵە مردووانە ئاشنا دەکەم
کە هیچ کات وشەی خۆشەویستیان گوێ لێ نەبوو
پشت لە تانەی دۆستەکانم دەکەم و
خۆم بە ڕووباری گێلیدا دەهاوێژم
چاوم لە کۆساری پڕ لە تاوان بڕیوەو
گوێم ئاخنیوە لە گریانی ژنە عاشقێکی فریو خواردوو
حەسرەتی خەوێکی قووڵ دەکێشم کە بە بانگی بەیانی بە ئاگا نەیەم نەکا دیسان هەواڵی ڕۆحێکی پڕ لە ئارەزوو بخنکێنێ
چاوەکانم دادەخەم لە ئاستی
درۆ شاخدارەکانی شار
سروشتی ماندووی ڕۆژگاریش تاوێ زریان دەهێنێت و تاوێ گڕ بەردەدا لە شار
زۆرێک ماندوون
لەگەڵ ژانی لە دایک بوون هەر ئاشنان و گەورە نەبوون
لە باوەشی میهرەبانی و بە شیری سۆز بێگانە بوون