فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بولبول گەر هێلانەی نەشێوێ هەر دێتەوە

ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک

هەر هاتم و چووم وتم دەلالا من، با ئەو تانکییە ئاوە بهێنینەوە حەوشە، مەگەر خوا هەڵناگرێت من لەو چڵپاو و بەردەڵانییە، لەبەر چاوی دراوسێ و ڕێبوار، جاحێل و خەتیار بە چیچکانەوە پەڕۆ و پاتاڵی ماڵ، کاسە و کەوچك بەیان و خاوێن بکەم. ئەویش دەیگوت؛ بە پیرۆزی ئەو زووانە فسەت، نابێت و نەبووە. هیچ شتێك لەم خێر و بێرە، لەم سروشتە بێ مەودایە موڵکی کەسێك نییە بەتەنها. هەمی چشت دەبێ بەش بکرێت تا فرە بێت.
ئیدی لەڕۆژێکی زوقماوی تابڵێی سارد و بەستەڵەك. ئەو سەرمایە وەك تیری قورەت، وەك دووپشكەڕەشە دەیدا بە نووکی پەنجە گەورەکەمەوە. لەبەر دەمی تانکییەکە من خەریکی جل شتن بووم. هەرچەند ئاوی لەکوڵم دەکردە تەشتە فافۆنەکەوە، بە ئەمری خوا وەك بڵێی بەفووی ئەو خێرا خێرا سارد دەبۆوە. سابوون و چڵك وەك یەك بە یەخەی کراسەکەی (ڕۆستەم)مەوە مەڵاس و ڕەق دەبوو. لەو بەر جۆگەلەکەوە کوڕە دووبەهارەکەی قەدەمخێر بە پای پەتی و نەباتە پەمبەکەی دەستییەوە بەرانبەرم بێدەنگ وەستابوو. شۆڕاوگەی لووتی تەڕی تا سەر لێوەکانی هاتبوو. هەر لەو دوورەوە دەبریقایەوە. چاوی پشیلە ئاسای تێبڕی بووم، نازانم دیقەتی بەرگ شوشتن، باسکی باریکی من یان بە ئەندازەی من ئەویش سەرما ئەوقی کردبوو. سەرێکم بەرزکردەوە و وتم بۆرەی چڵکن، قەزات لەمن، ئەوە چ ئیشت لێرەیە؟ بەم سەرمایە بۆ لێرە ئەوها ڕاوەستاوی؟ بڕۆ ژوورەوە پێیەکانت بوون بە چلوورە. هێندەم زانی گوێم لە خشپەی پێ و هاتنی ڕۆستەمم بوو. لە پشتمەوە گوتی؛ دۆت مام، من بەدوعا، ماوەیەك هیچ دەنگم نابێت. من لە جێی خۆم چەقیم. گوێیەکانم کپ بوون و دیار بوو لەگەڵ تاسانی من، کێو و بەرد ئەوانیش هەناسەی خۆیان گرت. نە وشکە با، نە قیڕە و نە قاسپە. نە لوشکە و نە گارە. کەچی دڵ و هەردوو دەستی کۆڵەوژم پێکەوە کەوتنە لەرزین. چاوەکانم بە ئەسپایی لێکنا و بە هێوری پرسیم؛ یانی چەند؟ وەڵامی دامەوە و وتی نازانم. ئاگام لێ بوو ماوەیەك وەستا. پێی وابوو وەك جاران دەست لە کار و بار هەڵدەگرم و بە شەکراو تا سەری کۆڵان لەگەڵی دەچم و بەڕێی دەکەم. مەگەر ئەو دوو سێ ڕۆژ بوو لە ماتی و متی خۆی و پرسیاری مندا گوزەری دەکرد. هەتا بیتوانیایە سەری لە ماڵ هەڵنەدەبڕی. هەر لە زوویەکەوە لە مابەینی شێوان و قوڵڵانیشەوە دەچووە ژێر جێ و بەبێ ئەوەی جوڵەی بۆ بکا تا بەیانی چاوی زیتەی دەهات. من باش ئەو بێدەنگییەی دەناسمەوە. لە منداڵییەوە فێری بووم. دەتوانم هەست بە کەش و دەمووچاوەکان بخوێنمەوە. دەمزانی کە چ باسە. وەلێ ئەو لە دەربڕینی ستران و سینە گەلەك کۆڵ بوو. بەڵام جارجار کە خۆی لە بیردەکرد و دەستی من لەسەر سینەی دەخشا، هەموو دڵی خۆی بۆ هەڵدەڕشتم. وەك زەوی وشکەساڵی شەق بردوو دەهاتە پێش چاوم. بە نزمە بارانێك، بەرامی سەد عەنبەر و سونبولی نەدەگەیشتێ. لەگەڵ شێڵانیش ئاو بە درز و شەقەکانیدا وردە وردە خل دەبۆوە و خۆیشی و دەوراوبەریشی دەبووژاندەوە.

ئیدی ئەو نەیدەزانی من لە جێی خۆمەوە ئەمجارەیش ئیفلیج ئاسا ئەژنۆکانم بەچەشنی باگوردانێك قورس بووە. ئەو ڕۆیشت و منیش لەدواوە تەماشایەکی بەژن و بەرگیم کرد. بینیم بە بەرگە خاکییەکەیەوە دەڕوات. ئەو دەستە جلەی کە هەرکات نیگەران و سەرشانی قورس بووایە دەستی دەدایێ و بەدیاریەوە بە بێدەنگی دادەنیشت. دەستی منیش بە یەخەی کراسەکەیەوە لەگەل سابووناوەکە وەختا بوو شەختە بیبڕێت. بەڵام ڕۆیشتنی لەناکاوی ئەو بەجۆرێك ئاگری لە هەناو و ژنێتیم بەردا کە لەبری ئەوەی هەر چوار پەلم وەك هەمووجار تێکبشکێنێت، ئەمجارە هەموو هێزم لە دەستە مۆربووەکانم کۆبۆوە. لەگەڵ هەڕە و نەڕەیەکدا هەتا توانیم دەستم دایە لێواری بەرمیلەکە و سەراوژوور قڵپم کردەوە. ڕێك بوومە ئەو زەردەزیڕانەی کە شانەیان بەر دووکەڵ دەدرێت. ئاگری من حەسرەتی بڕیاری تاکلایەنەی ئەو و نهێنییە بێسەروشوێنەکانی بوو. گشتیان لە هەناویدا کەڵەکە دەبوون و دەبوونە مایەی پێچاو پێچی و درۆ. من لە سوتانی خۆمدا بووم، کاتێکم زانی لیتە و قوڕاو هەتا سەر ڕەقایی قاچم هاتوون. ئابکەف، تەشت و کراسیش بە هورووژمی ئاوەکە وا خەریکە خل دەبنەوە سەراوژێر. بەپەلە و بە نەعلە لاسیکە پەمبانەوە کە تاکی ڕاستی تەنها یەك شوڵی پێوە مابوو، هەتا توانیم ڕامکرد. گوێم نەدایێ کە چۆن چمکی کراسە کرێبەکەم لە لەحیمە تیژ وخوارەکەی دەرگای داڵانەکە گیرا. تەنها گوێم لە خرسە و شریخەی دڕانی بوو و لەگەڵ زرمەی کەوتنی خۆم بەسەر ئەژنۆکانمدا. بە هەلەکەداوان ڕامکرد بەرەو داڵانەکە، ڕێك بۆ بەردەمی تاقی پەنجەرەی هەیوانەکە. چاوم بەسەر ئەو سووچە خشاند کە ڕستی مێخەکەکەی لێ هەڵواسرابوو. بینیم لەوێ نەماوە. لەپاش هەنسکەبڕکێ، خەندەیەکی تەنکم کرد و لەبەر خۆمەوە وتم، ئەی شیرین سیفات، ئەز فیدای مەردی، گەرمی و ئازایەتی تە بم. من دەمزانی ئەم بێدەنگی و متییەی تۆ شتێکی لەژێر سەردایە. بڕۆ بە پانتایی ئاسمان بفڕە، یەزدانی گەورە، دڵم و نییەتی پاکژت ئاگادارت بێت.
دیاربوو ئەو لە جێیەك خۆی ونکردبوو و دەیویست بیدۆزێتەوە. من هەرگیز گومانم لەوە نەبووە کە مرۆڤ وەك کەمترین مافی دەبێت ئازادانە چیرۆکی خۆی بدۆزێتەوە و سەرلەنوێ بیچڕێتەوە. نەسرەوتی وبێ ئۆقرەیی ئەو، بێلانەیی نەبوو. بەڵکوو نەبوونی ئەو ڕەگ و چیرۆکە بوو کە دەیهەویست لە کەوتنیدا خۆی پێ بگرێتەوە. من دەمزانی کە ئەو زۆر و کەم هەر دێتەوە. بولبول گەرهێلانەی نەشێوێت، حەتمەن هەر دێتەوە. ئەو خۆیشی بەڵێنی دابوو، گەر ڕۆژێك بێت و ڕستی مێخەکەکەی لەگەڵ خۆی بردەوە، ئەوا مانای وایە کە دێتەوە. ئیدی من لەم سێ و دووی دڵە، هێندەم نەزانی بۆرەی چڵکن هاتە بەردەم دەرگای داڵانەکە و ئەمجارە لەگەڵ نەباتەکەی خۆی، یەکێکی دیشی هێنابوو.