د. قادر وریا / دێسەمبری ٢٠٢٥
یەکەم جار، زستانی ١٣٦٤(١٩٨٦) بوو کە بەرگی یەکەمی ڕۆمانی “حەمەدۆک”م لە وەرگێڕانی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە خوێندەوە. دیارە ئەو کات نەمدەزانی کە ئەم ڕۆمانە چەند بەرگی دیکەيشی هەن و ڕۆژێک لە ڕۆژان وەرگێڕ، ئەوانیش بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕێت.
چاپ و بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی “حەمەدۆک” لەو سەردەمدا، هەر تەنیا چاپی کتێبێک بە زمانی کوردی نەبوو، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی هەبوو کە دەکرا بە ڕووداوێکی گرنگ لە گۆڕەپانی زمان و ڕۆشنبیریی کوردیدا چاوی لێ بکەی. هۆیەکەی جگە لە سەرنجڕاکێش بوونی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و نزیک بوونی لە ژیانی باب و باپیرانی ئێمە، ئەو زمانە کوردییە جوانە بوو کە وەرگێڕ سەرکەوتووانە ڕۆمانەکەی پێ وەرگێڕابوو. دەتوانم بڵێم ئەو کات کەم کەس هەبوون کە بە خوێنەری کورد(بە ئەلفوبێی ئارامی) بژمێردرێن و “حەمەدۆک”یان نەخوێندبێتەوە یان هەوڵی بەدەستهێنانی “حەمەدۆک”یان نەدابێت.
کاتێک مامۆستا حەسەنزادە بەرگی دووهەمی “حەمەدۆک”ی وەردەگێڕا، لەمێژ نەبوو لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان” ببووم بە هاوکاری. ڕۆژێک مامۆستا بانگی کردمە ماڵی خۆیان و دەفتەرێکی دەستنووسی پێدام. گوتی ئەمە بەرگی دووهەمی “حەمەدۆک”ە، چەند دەفتەری دیکەيشن، دوایە بە نۆرە ئەوانیشت وێدەدەم. دەمەوێ بیانخوێنیەوە، بۆ دوو مەبەست: ئەگەر لەسەر وەرگێڕانەکە تێبینیت هەبوو، پێم بڵێی؛ پاشان ئەو وشانەی پێتوایە دەبێ بکەونە “فەرهەنگۆک” و واتاکەیان بۆ خوێنەر ڕوون بکرێتەوە، دەستنیشانیان بکە. مەبەستی یەکەمیم بە تەعاروف زانی، چونکە توانایی و ئەزموونی ئەو کاتم لەو ئاستەدا نەبوو من ببم بە ڕەخنەگری وەرگێڕانی ئەو. بەڵام دووهەمیانم لەدەست دەهات. زۆریشم پێخۆش بوو کە ئەو کارەی پێسپاردم، چونکە جگە لەوەی بەرگێکی دیکەی “حەمەدۆک”م بەهاسانی و بەخۆڕایی هاتبووە بەردەست و دەمخوێندەوە، دەشمزانی بە هۆی ئەم کارەوە لەگەڵ زۆر وشە و دەستەواژە و پەند و ئیدیۆمی کوردی ئاشنا دەبم وفەرهەنگی زمانە کوردییەکەی خۆمی پێ دەوڵەمەند دەکەم. دیارە ئەو کات لە زانینی وشەی کوردیدا هەر زۆر هەژار بووم، هەر بۆیە لەهەر دەفتەرێکی دەستنووسدا، زیاتر لە سەد وشە و دەستەواژەم بۆ فەرهەنگۆکەکە هەڵدەبژارد، چونکە بۆخۆم یەکەم جارم بوو دەمدیتن و دەمخوێندنەوە، وامدەزانی خەڵکی دیکەيش وەک من وان و واتاکەیان بە باشی نازانن.
چەند ساڵێک تێپەڕی. پێمان نابووە نێو نەوەدەکانی سەدەی بیستەم. نۆرەی بەرگی سێهەمی “حەمەدۆک” هات. چونکە قەبارەی وەرگێڕانە کوردییەکەی ئەو بەرگە، زۆر ئەستوور دەبوو، مامۆستا حەسەنزادە کردی بە دوو بەرگ. دیارە ئەمجارە لە جیاتی دەستنووسەکەی خۆی، تایپکراوەکەیانی پێدام، تا هەم هەڵە چاپییەکان بدۆزمەوە و دەستنیشانیان بکەم، هەمیسان ئەو وشانەی بۆ فەرهەنگۆک دەست دەدەن، دیاریان بکەم. بێ گومان ئەوە خۆش شانسیی من بوو کە دوای مامۆستا و تایپیستەکە، دەبووم بە یەکەم خوێنەری بەرگ(بەرگەکان)ی سێهەمی “حەمەدۆک”. هەر چەند ئەو تامەی لە خوێندنەوەی ڕۆمانێک بە چاپکراوی هەیە، لە خوێندنەوەی دەستنووس یان تایپکراوی هێشتا چاپ نەبوودا نییە.
هەر جارەی کە بەرگێکی تازەی “حەمەدۆک” چاپ دەکرا و بڵاو دەبۆوە، بازاڕی کتێب لە باشووری کوردستان، جووڵەی تێدەکەوت. کتێبەکە بە زوویی لە کتێبفرۆشییەکان تەواو دەبوو و ئەو خوێنەرانەی دەستیان نەکەوتبوو، دەکەوتنە وەرگرتنی لەم و لەو کە “حەمەدۆک”ی تازەیان هەبوو، یان بە گرانتر لە نرخی بازاڕ لێیان دەکڕینەوە. قارەمانەکانی “حەمەدۆک” ببوونە وێردی سەرزاری خوێنەران. لە بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەدا، “حەمەدۆک” بەر نەدەکەوت و ئەوەندەی ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد، شەق و شڕ دەبوو.
حەمەدۆک بەم سێ بەرگ وچوارکتێبەی، بۆ ماوی ٢٥ ساڵێک هەروا پڕ خوێنەرترین و نازدارترین ڕۆمان لای خوێنەری کورد بوو. من هەر لەسەردەمی بازاڕگەرمیی حەمەدۆکدا، چەندین ڕۆمانی دیکەم خوێندوونەوە کە لە زمانەکانی دیکەوە کرابوون بە کوردی، هێندێکیان هەر ڕۆمانی یەشار کەماڵیش بوون، بەڵام تەنیا لە خوێندنەوەی حەمەدۆکدا بوو کە هەستم نەدەکرد ئەم ڕۆمانە، وەرگێڕدراوە؛ هەروام دەزانی بە کوردی نووسراوە. ئەمە چڵەپۆپەی سەرکەوتنی وەرگێڕێکە کە دەقەکە بە جۆرێک وەربگێڕێتە سەر زمانەکەی خۆی کە خوێنەر وا بزانێت ئەم دەقە هەر لە بنەڕەت ڕا بەو زمانە نووسراوە.
سەدەیەک و هەزارەیەکی نوێ دەستی پێ کرد. بەرگی چوارەمی حەمەدۆک بە زمانەکانی دیکە بڵاو ببۆوە، بەڵام نەکرابووە فارسی و عەرەبی کە مامۆستا حەسەنزادە لەو دوو زمانەوە دەیتوانی بیکاتە کوردی. لێرەدا بوو کە نووسەر و شاعیری ناسراو، مامۆستا عوسمان ئیسمائیلی(ئاشق) کە هەم لە وەرگێڕان و زانینی کوردییەکی ڕەوان(کوردیی ناوەندی)دا، لەمێژساڵ بوو توانابوونی خۆی سەلماندبوو، هەم سۆئێدییەکەيشی زۆر باش بوو، بە هاندانی مامۆستا حەسەنزادە، قۆڵی لە وەرگێڕانی بەرگی چوارەمی حەمەدۆک هەڵماڵی و ساڵی ٢٠١١، لە حاڵێکدا خوێنەران و هۆگرانی حەمەدۆک ساڵانێک بوو بە ئاواتيیەوە بوون، کەوتە بازاڕەوە. من هەمووی ١٢ کاتژمێرێکە لە گوێگرتنی بەرگی چوارەمی “حەمەدۆک” بوومەوە. لەبارەی وەرگێڕانەکەی مامۆستا عوسمان ئیسمائیلییەوە هەر ئەوەندە دەڵێم کە لە کاتی گوێ لێگرتنیدا هەستم بە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەگەڵ بەرگەکانی پێشوو نەکردووە و ئەگەر زانیاریی پێشترم نەبا، هەروام دەزانی ئەم بەرگەيش مامۆستا حەسەنزادە کردوویەتی.
لەو کاتەوە تا ئێستا لانی کەم –ئەوەندەی من ئاگادارم- دووجار هەرچواربەرگی حەمەدۆک پێکەوە چاپ کراونەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا، “حەمەدۆک” کراوە بە پەرتووکی دەنگی و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و نیاز و پێداویستییەکانی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە خۆی گونجاندووە. بەم جۆرە “حەمەدۆک”، هەتا ئێستايش لەگەڵ خوێنەرانی کورددا هەروا دەژی.
*
مانگێک لەمەوبەر، بڕیارم دا جارێکی دیکە پێ و شوێنی “حەمەدۆک” هەڵ بگرم. ئەمجارە وا ساغ بوومەوە بە گوێگرتن بە ڕۆمانی “حەمەدۆک”دا بچمەوە، چونکە جگە لەوەی کتێبەکانم بە دەستەوە نەبوون تا بیانخوێنمەوە، بار و دۆخێکی تەندروستی کە من تێیدابووم و تێیدام، بۆ گوێگرتن گونجاوتر بوو تا بۆ خوێندنەوە لە سەر کاغەز یان لەسەر لاپتۆب.
لای خۆم سێ ئامانجم بۆخوێندنەوەی دووبارەی “حەمەدۆک” دیاریی کردبوو. یەکەم ئامانجم وەبیر هاتنەوەی کۆمەڵێک لە قارەمانەکان و کەسایەتییەکان و ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە بوو. شتێکی سروشتی بوو دوای تێپەڕینی دەیان ساڵ لە خوێندنەوەی هەر بەرگێکی ئەم ڕۆمانە، زۆر شتم لەبیر چووبێتەوە. ئێستا کە کات و دەرفەتم هەبوو بۆچی بەم گوێلێگرتنەی ڕۆمانەکە ئەم کەسایەتی و ڕووداوەکان و دیالۆگەکانی نەگەڕێنمەوە بۆ نێو یادگەی خۆم ؟ دووهەم ئامانجم دەمەزەرد کردنەوەی کوردییەکەی خۆم بە تایبەتی لە باری بەبیرهاتنەوەی بەشێک لەو وشە و ناو و دەستەواژانە بوو کە لە ژیانی لادێ وکۆچەری و ئاژەڵداری و کشتوکاڵیدا برەویان هەبوو. ماوەیەکە نووسینێکی دوور و درێژم دەست پێکردووە کە پێوەندیی زۆری بە ژیانی لادێوە هەیە. دەمزانی خوێندنەوەی دووبارەی حەمەدۆک بۆ هەر کەسێک بیهەوێ زمانێکی کوردیی پاراوتری هەبێ، زۆر بە سوودە. سێهەم ئامانجیشم خوێندنەوەی بەرگی چوارەمی حەمەدۆک لە وەرگێڕانی مامۆستا عوسمان ئیسماعیلی(ئاشق)بوو. دیارە مامۆستا ئاشق کاتی خۆی نوسخەیەک لەم کتێبەی وەک دیاری بە دەسخەتە جوانەکەی خۆی پێشکەش کردبووم. بەڵام مامۆستایەکی قەرزکوێری دەڤەری بیتوێن، ئەو کات لێی وەرگرتم، بەو قەولەی کە بیخوێنێتەوە و پێم بداتەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا -١٣-١٢ ڕابردووە و ئەوە ئێستايش بۆم دەنێرێتەوە. خۆ دەکرا لە شوێنی دیکە، نوسخەیەک لە بەرگی چوارەم پەیدا بکەم و بیخوێنمەوە، بەڵام کەمتەرخەمی و بێ موبالاتیی خۆشمی تێدابوو.
من ئەو پەرتووکە دەنگییەم بۆ گوێگرتن هەڵبژارد کە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان ئامادەی کردووە. بەرگی یەکەمی لە ٤٧ بەش یان فایلی دەنگی، بەرگی دووهەم لە ٥٨ فایلی دەنگی، بەرگی سێهەم لە ٤٢ فایلی دەنگی و بەرگی چوارەم لە ٤٥ فایلی دەنگی پێکهاتووە. سەرجەمی هەر چوار بەرگەکە بە دەنگی “پێشڕەو عومەر”ە کە دەنگێکی باش و خۆشی هەیە. بۆ خۆم پێموایە کتێبە دەنگییەکە و فایلەکانی باش ئامادە کراون، ماوەی فایلەکان درێژ و بێزارکەر نین(١٥ تا بیست خولەکن) . ئەو دەنگە سروشتیانەيش کە لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا و بە پێی ژینگە و کەشوهەوای ڕووداوەکان، سوودیان لێوەرگیراوە، لەسەر یەک گونجاون.
یەک دوو تێبینیم لە سەر کتێبە دەنگییەکە هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە کاکی بێژەر چونکە بە هێندێک لە وشەکانی حەمەدۆکی کوردی نامۆیە، بە هەڵە دەیانخوێنێتەوە. بۆ نموونە هەر لە بەرگی چوارەم “بەدیومن” واتە ناموبارەک یا شووم بە “بەدیو/ من”دەخوێنێتەوە ، “مرۆڤ قابیلی خەتایە”ی کردووە بە ” مرۆڤ قابیلی خەیاتە!”، “بەردڕێژ”(سەنگچن)ی کردوە بە “بەر/ درێژ”. تێبینیی لەمە گرنگترم ئەوەیە کە بۆچی گۆرانی و مۆسیقای تورکییان لەم سەر و ئەو سەری فایلە دەنگییەکان پەستاوتووە؟ بەشی هەرە زۆری خوێنەران، بۆیە وەرگێڕدراوی کوردیی حەمەدۆکیان خۆش دەوێ، چونکە پێیان وایە وەرگێڕ، حەمەدۆکی کردووەتەوە بە کورد، بەرگی کوردیی بە بەر ئەو قارەمانە ئەفسانەییەدا کردووەتەوە. ئەم قسەیەيش هەتا ڕادەیەکی زۆر لەجێی خۆیدایە، چونکە جگە لەوەی یەشار کەماڵ خۆی کورد بووە، بەشێکی بەرچاو لەگۆڕەپانی ڕووداوەکان لە ناوچەکانی باکووری کوردستان ڕوویانداوە و ژمارەیەکی زۆر لە قارەمانان و کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکە کوردن، کەچی ستافی کتێبی ڕادیۆیی دەنگی گەلی کوردستان، بەم مۆسیقا و گۆرانییە تورکییە، هەموو جارێ تەشتێک ئاوی سارد بەسەر گوێگری خۆیاندا دەکەن و پێی دەڵێن بە هەڵە نەچی، حەمەدۆک تورک بووە نەک کورد!
حەز دەکەم هەستی خۆم لەدوای دەستەملانێ بوونی دووهەم جاری خۆم لە گەڵ ڕۆمانی “حەمەدۆک” بدرکێنم و ئەم هەستەی خۆم لەگەڵ هەستی دوای یەکەم جار خوێندنەوەی بەراورد بکەم. دیارە مرۆڤ بە تێپەڕینی ساڵەکان، ئاڵوگۆڕ بە سەر هەست و بۆچوونیدا دێت. خودی گۆڕانی سەردەمیش هۆیەکە بۆ پێکهاتنی گۆڕان لە هەست و بۆچوونیدا. گومانی تێدا نییە یەشار کەماڵ، کاتی خۆی (نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم) بە نووسینی چوار بەرگی ڕۆمانی حەمەدۆک، شاکاری خوڵقاندووە. بەشێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵی خۆی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەی ڕۆمانێکی شیرین گێڕاوەتەوە. چەوساندنەوەی گوندنشینەکان لەلایەن دەرەبەگەکان و دواتریش دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەدارانی شارنشین بەسەر زەوی و زاری گوندە دواکەوتووەکان، لەپاڵ ئەمانەيشدا گەندەڵیی سیستەمی سیاسیی وڵات لە دوای پێکهاتنی کۆمار لە تورکیە، خوڵقێنەری هەلومەرجێک بوون کە چەتەیی و یاغی بوون لە دەرەبەگ یان لە میری، ببێت بە دیاردەیەکی باو. دیارە ئەو چەتانەی کە دژی ستەم و چەوسانەوە و لایەنگر و داشداری خەڵکی زۆرلێکراو وهەژار بوون، هەتا ڕادەی ئەولیا و پیاوچاک لەنیوخەڵکدا پیرۆز بوون و لە فۆلکلۆر و ئەفسانە و باوەڕی خەڵکدا، ڕەنگیان دابۆوە.
چل ساڵ لەمەوبەر، ئەگەرچی لە ڕۆژهەلات و باشووری کوردستانیش پێمان نابووە سەردەم و قۆناغێک کە چەتەیی باوی نەمابوو، بەڵام خۆمان لە جیهانی حەمەدۆک بە نزیکتر دەزانی. لە لایەکەوە هێشتا ئەو گۆڕانە ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییە خێرایەی لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆکاری جۆراجۆر کوردستانیشی گرتووەتەوە، دەستی پێنەکردبوو؛ لە لایەکی دیکە مۆدێلی بەرەنگاری لەگەڵ ستەم و چەوسانەوەی دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی، هەتا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە قارەمانەتیی تاکەکان دەبەست کە چەکی پێشمەرگایەتییان کردبووە شان و بە شاخ و بەندەنانەوە بوون.
بەم ئاوڕدانەوە و بەراوردە دەمەوێ بڵێم ئێستا حەز لە ڕۆمانێک دەکەم کە کێشەکانی، ڕووداوەکانی، قارەمانەکانی و تەکنیکەکانی، لە جسنی ئەم سەردەمە بن. ئێستا تاقەتم لە ڕۆمانێک بەسەر دەچێت کە قورساییەکەی بە لای پەسن و وێناکردنی سروشت و ژینگەی ڕووداوەکاندا بێت، هەڵگری کەمترین ڕووداو و ساکارترین دیالۆگ بێت. بەم حاڵەيش لە خوێندنەوەی دووبارەی “حەمەدۆک”( ئەمجارە بە گوێیان نەک بە چاو) پەژیوان نیم، چونکە توانیم هەر سێ ئامانجی دیاریکراوی خۆم بپێکم و جگە لەمەيش بیانوویەک و دەرفەتێکم بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ ئێوە، هۆگرانی کۆن و نوێی “حەمەدۆک” خوڵقاند.
دووبارە پێزانین و دەستخۆشیم هەیە بۆ مامۆستایان حەسەنزادە و عاشق. هیوادارم کتێبخانەی کوردی هەر وەک پێشوو بە بەرهەمی بیر و قەلەم و زمانی ئەوان بڕازێتەوە و دەوڵەمەند بێت. سپاسی زۆریش بۆ ئێوە دۆستانی هێژام کە تاقەتی خوێندنەوەی ئەم باسە دوو بەشییەی منتان هەبوو.

وێنەی هەر دوو مامۆستایان: عەبدوڵلا حەسەنزادە و عوسمان ئیسماعیلی (عاشق)

