ئاژوان ڕۆژھەڵاتی
شاعیر، نەرویج
…………….
لەنگەری گرتووە
کەڵەکی خەیاڵ!
لە دەریای ڕۆحی
خەمی خەست و
تاڵ!؟
هێز و توانای
نییە تێپەڕێ!
بە چاوترووکان
ڕێگەکە دەبڕێ!
خەیاڵ سەرگەردان
کوستی کەوتووە!
تاوێ لە شوێنێ
بارگەی خستووە!
دەست و پێی بەستراو
بە زنجیرەوە!
ئوقرە نایگرێ
کە چی دەبیندرێ
لەو دوور دوورەوە!
ناحەوێتەوە تاوێ لە
شوێنێ!
هات و هاواریە
بەدەم دەردەوە!
وەک زایڵەی نەی
خەم دەیلاوێنێ!
تاوێ وێرانە
دەکات بە تەلار!
تاوێ دەئاڵێی
بە بەژنی دڵدار!
جار جار بە غیرەت
بێ ئەدا و ئەتوار!
ئاڵای ئازادی
هەڵدەکات لە شار!
خەیاڵ خەیاڵی
دەکات بە خەڵات!؟
خوری ئازادی
دایپۆشێ وڵات!
ئەو جا لە سینە
دەحەوێتەوە!
ڕۆحی دەریای خەم
ڕوون دەبێتەوە!
4/12/25

