فەهمی کاکەیی
نووسەر، سويد
شوێننامۆیی چەس؟
کاتێک هەست دەکەیت تۆ لە شوێنێکدا نامۆیت، ڕەنگە نامۆییەکە جوگرافیایی نەبێت بەڵکوو نەفسی بێت، بەڵام هەستێک لە لات دروست دەبێت کە ئیدی پێویستە ئەو شوێنە جێ بهێڵیت، ڕەنگە نەشزانی بەرەو کوێ، بەڵام کورد گوتەنی سەری خۆت هەڵدەگریت و ڕێگا دەدەیتە بەر، ئیدی پێت وایە لە شوێنێکی تردا هەست بە وابەستەگی دەکەیت. جاری وا هەیە کە دەگەیتە شوێنە نوێیەکە و لەگەڵ شوێنە کۆنەکە بەراوردی دەکەیت، هەستێکی ترت لە لا دروست دەبێت، ڕەنگە هەستی ئەوەی وابەستەگیت بە شوێنە کۆنەکەوە زیاتر بوو وەک شوێنە نوێیەکە، ئەگەر ئەمە پەرە بستێنێت ئیدی بە لەش لە شوێنە نوێیەکە دەبێت و بە ڕوح لە شوێنە کۆنەکە، ئەمەيشیان جۆرێکی تری نامۆیییە، بەڵام سەختترین نامؤیی ئەوەیە هەست بکەیت لە هیچ شوێنێکدا جێت نابێتەوە، واتە هیچ وابەستەگیییەکت بە شوێنەوە نەماوە.
کاتنامۆیی چەس؟
کاتێک لەبەر هەر هۆکارێک بووە هەست دەکەیت تۆ پەیوەندییەکی ئەوتۆت بەم کاتەوە نییە، بە ئەگەری زۆر بیری کاتی ڕابوردوو دەکەیت، جا چ لەو کاتە ژیابێتیت یان نەژیابێتیت، بەڵام کەمتر بیر لە کاتی داهاتوو دەکەیتەوە، ئەوەیان بۆ تۆ نامۆترە. هەرچەندە شوێننامۆیی و کاتنامۆیی تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی یەکترن، بەڵام جیاوازیییەک هەیە لەوەی تۆ دەتوانیت گاریگەری و بڕیاردانت لەسەر شوێن هەبێت، بەڵام لەسەر کات نیتە. کات پەلت دەگرێت و لەگەڵ خۆیدا دەتبات، تا ئەو ڕۆژەی لە شوێنێک جێت دەهێڵێت و ئەو بەردەوام دەبێت لە سەفەری خۆی و سەفەری تۆ کۆتایی پێ دێت.
خودنامۆیی چەس؟
خودنامۆیی مەسەلەیەکی ڕوحییە و لە ئەنجامی پەرەسەندنی شوێننامۆیی و کاتنامۆیی پەیدا دەبێت، ئەو کاتەی ئیدی تۆ و خودی خۆت بە یەکتر نامۆ دەبن، لەگەڵ یەکتر هاوبیر و هاوبڕیار و ئاشت نین، هەنگین وابەستەگیت بە شوێن و کات و خودی خۆتەوە نامێنێت، کە ئەمەیان سەختترین پلەکانی نامۆیییە.
دوو تێبینی:
یەک: ئەم چەند دێڕە هزری خۆمە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ سەرچاوەیەک، مەرج نییە ڕاست بم و ئەگەری ئەوە هەیە زۆر بۆچوونی جیاواز هەبن. بێ لەمە هەوڵم داوە بە شێوەیەکی بێلایەن باسی بکەم، کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی نەبێت.
دوو: چەمکی خودنامۆیی پێشتر بە کار هاتووە، بەڵام دوو چەمکەکەی تر خۆم دامڕشتوون.
شوێن+ نامۆیی: شوێننامۆیی
کات+ نامۆیی: کاتنامۆیی

