فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێکێت و لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا و وەرگێڕانێکی نوێ

دانا ڕەئووف

لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا

نووسینی: ساموێڵ بێکێت

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئازاد بەرزنجی

بڵاو کردنەوەی دەزگای سەردەم

 

ساموێل بێکێت ١٩٠٦-١٩٨٩ یەکەم بەرهەمی، کە بە فەرەنسی دەینووسێت، باسی دوو هاوڕێی لێبوک، کە بێ هیچ پلانێک لە بازنەیەکی بۆش و دونیایەکی بێپەروادا دەژین، دەکات. لە یەکێک لەبەشەکانی ئەم نووسینەدا، دوو کارەکتەرە سەرەکییەکە پێکەوە دەپەیڤێن و یەکێکیان دەڵێت: “ئێمە پێویستە یەکێکیان هەڵبژێرین.” هاوڕێکەیشی لە وەڵامدا دەڵێت: “لەنێوان چی و چیدا؟” ئەویش دەڵێت: (کەلاوە یان ڕوخانێکی تەواودا). ئەم وەڵامەیش نابێتە جێگای هیچ سەرسورمانێکی هاوڕێکەی، بەڵکو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە: (ئەی ناکرێت بەشێوەیەک لە شێوەکان هەردوو هەڵبژاردەکە لە یەکێکدا کۆبکرێنەوە.) پاش چەند ساڵێک ئەم نووسینە دەبێتە بنەمایەک بۆ نووسینی شانۆنامەی (لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا). ڕۆگەر بلین، کە دەرهێنەرێکی فەرەنسییە ئەم دەقە دەخوێنێتەوە و دەیەوێت وەک نەمایشێکی سێرک کاری لەسەر بکات؛ بێکێت بەم دیدە بۆ دەقەکەی قایل نابێت. کە شانۆنامەکەیش بۆ یەکەمجار لە سێی مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٣دا لە پاریس نەمایش دەکرێت. سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنێت.

دوو کەسی بێلانە، ئێستراگۆن و ڤلادیمیر لەژێر درەختێکدا چاوەڕوانی کەسێک بەناوی (گۆدۆوە) دەکەن. لە کۆتایی پەردەی یەکەمدا، کوڕێژەیەک دێت و پێیان ڕادەگەیەنێت، “کە جەنابی گۆدۆ ڕایسپاردووم پێتان بڵێم، کە ئەم ئێوارەیە نایەت، بەڵام سبەینێ بە دڵنیاییەوە دێت.” پەردەی دووەمیش هەر بە هاتنی کوڕێژەکە کۆتایی دێت و سەرلەنوێ ئەوەیان پێڕادەگەیەنێت، کە گۆدۆ نایەت. لە پەردەی یەکەم و دووەمی ئەم شانۆنامەیەدا، دوو کەسی تر، لەکی و پۆزۆ دەردەکەون. پۆزۆ کەسێکی دەوڵەمەندە، لەکییش خزمەتکارە و بە گوریسێکی درێژەوە بەستراوەتەوە و شتومەکەکانی پۆزۆیش، جانتا و کورسی… هتد هەڵگرتووە. هەندێک جار پۆزۆ بە قامچی لە لەکی دەدات و ناچاریشی  دەکات سەمای بۆ بکات. لە پەردەی دووەمدا، کە دەردەکەونەوە، پۆزۆ کوێر بووە و لەکییش کەڕوڵاڵ.

(لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا) لە ساڵی ١٩٥٢دا وەک کتێب بڵاو دەکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٦٢دا چاپە ئینگلیزییەکەی، لە وەرگێڕان و سەرپەرشتی بێکێت خۆی، دوای پێداچوونەوە و چاککردن و هەڵسەنگاندنی هەموو گۆڕانییەکان بڵاو دەکرێتەوە و بێکێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەم چاپە ئینگلیزییە بکرێتە بنەما و بۆ هەموو وەرگێڕان و نمایشەکان بەکار بهێنرێت.

نووسەر و وەرگێڕی بە ئەزموون (ئازاد بەرزنجی) سەرلەنوێ ئەم شانۆنامەیەی لە ئینگلیزییەوە دەکاتەوە بە کوردی و دەزگای سەردەم بڵاوی کردۆتەوە. ئەمەیش دەستپێک و خاڵێکی گرینگە بۆ ئەم دەقە، کە سەرلەنوێ، لە ئینگلیزییەوە دەکرێتەوە بە کوردی.

ئەوەی لە بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە بەرجەستە دەبێت، لە میکانیزمێکی نەخشە بۆ داڕێژراوی دووبارە بوونەوەیەکی بەردەوامدا، وێناکردنی چاوەروانییەکی هەمیشەییە. هەردوو پەردەی یەکەم و دووەمی ئەم دەقە لە دوو ڕۆژی یەک بە دوای یەکدا ڕوو دەدەن، بەڵام خودی دەقەکە چەندان ئاماژەی تێیایە، ئەوەمان پیشان دەدات، کە ئەمە چەندان جار لەمەوبەر ڕووی داوە، بێ هیچ گومانێکیش بە بەردەوامی ڕوودەداتەوە. ئەو چاوەڕوانییەی لێرەدا بەرجەستە دەبێت، تەنیا بەشێکە، یان حەلقەیەکە لە چاوەڕوانییەکی هەمیشەیی و بێکۆتایی؛ بلیمەتیی بێکێت لەوەدا دەردەکەوێت، کە پرۆسەی “چاوەڕوانیی” بەو شێوەیە بەرجەستە کردووە، هەروەها ئێستراگۆن و ڤلادیمیر ئەوەیشمان بۆ بەرجەستە دەکەن، ئەوان لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا، پابەندی ئەو شوێنەن، کە دەبێت لەوێدا چاوەڕوان بن.

ئه‌وانه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانیدان، لە ڕوویەکەوە بە ویستی خۆیان لەو چاوەروانییەدان، لە هەمان کاتدا هەست بەوەیش دەکرێت، کە ئەوان لەلایەن هێزێکی نادیارەوە، کە لە دەرەوەی ویستی خۆیانە، لە چاوەڕوانیدان. چاوەڕوانییەکی بەردەوام، پرۆسەیەکی سەخت و گرانە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەدیهێنانی ئاواتەکان، درەختی ژیانە: ئەو دەرختەی بێ گەڵایە، لە بەشی پشتەوەی ناوەڕاستی شانۆکەدایە، کە لە بەشی دووەمدا چەند گەڵایەک دەگرێت، لەسەر چەندین ئاست خوێندنەوەی بۆ کراوە، بە ڕای بێکێت خۆی، ئەمە هێمایەک نییە بۆ هیچ هیوایەک، بەڵکو تەنیا ئاماژەیە بۆ ڕۆیشتنی کات.

لەوانەیە گۆدۆ دوا هیوا بێت، دوا هیوای ئێستراگۆن و ڤلادیمیر، دوا هیوایەکی مەجازی بۆ بوونی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەوەیشدا “گۆدۆ” نابێتە گەوهەری دەق/نەمایش، بەڵکو “چاوەڕوانی”ە. چاوەڕوانیی ئەو پرۆسە سەختەی مرۆڤایەتییە، کە بەردەوام تیا دەژی. چاوەڕوانییش بە کردەیەکی سیستێماتیکی (کات)دا تێدەپەڕێت؛ کات-یش هەمیشە لە گۆڕانکارییەکی و لە دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوامدایە، لەو دووبارەبوونەوەیەدا، گۆڕانکارییەکان، هەندێک جار بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، هێدی هێدی ڕوو دەدەن. ئەگەر لەم گۆڕانکارییە بەردەوامەیشدا هیچ ڕوو نەدات، وەک ئەوەی لە بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە دەیبینین، خودی گۆڕانکاری دەبێتە وەهم.

بە لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا دەقێکە لە مۆدێرنیزمەوە هەنگاو بەرەو پۆستمۆدێرنیزمه‌وه‌ دەنێت. ڤلادیمیر و ئێستراگۆن ئاماژەیەکن بۆ دیدە هونەرییەکەی ڕەوتە پۆستمۆدێرنیزمەکەی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو؛ بێکێت لەم دەقەدا، جیاوازی لەنێوان شانۆ و خودی ژیاندا ناکات. ژیان لە شانۆدا و شانۆ لە ژیاندا، دەکاتە چاوەڕوانییەکی هەتاهەتایی، کە دەقە شانۆییەکە بنەما و ڕێسا داب و نەریتخوازییەکەی خۆی لە دەست دەدات، لە بێدەنگی، دووبارەبوونەوە و گەمە بەردەوامەکەی کارەکتەرەکاندا، شانۆ لەناو شانۆدا، لە دیدێکی تری فەلسەفی، هاوکات ئاشکرای ژیانی ڕۆژانەدا، تراجیکۆمیدی کۆ دەکاتەوە. لەسەر هەموو ئاستەکان، شیعر، تێکەڵاوی ڕەوشێکی کۆمیدی، فەلسەفی، دینی و هەستێکی خودگەرای قووڵ دەکاتەوە.

ڤلادیمیر و ئێستراگۆن، دوو کارەکتەرن پێکەوە هەڵناکەن، بێ یەکیش ناتوانن بژین؛ ئەم دوو کارەکتەرە دووانەیەکی دژ بە یەکن، هاوکات تەواوکەری یەکترین، هەر کامێکیان بە تەنیا بێ ئەویتر ناتەواوە. ئەوان بیر و هەستن، فۆرم و ناوەڕۆکن. لە هەردوو پەردەکەدا، چەندین جار باسی ئەوە دەکەن، کە لە یەکتری دوور بکەونەوە، یەکێکیان دەڕوات، پاش تۆزێک دەگەڕێتەوە، جارێکی تر ئەویتریان بە تووڕەیی دەڕوات، بەڵام ئەویش سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە.

دەکرێت بڵێین لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا سێ جووت کارەکتەر هەن: ڤلادیمیر-ئێستراگۆن، پۆزۆ-لەکی، گۆدۆ-کوڕێژگەکە. کوڕێژگەکە، لە کۆتاییی هەردوو پەردەکەدا دێت، دوای ئەوەی پۆزۆ و لەکی ڕۆیشتوون، بۆ ئەوەی پەیامەکەی گۆدۆ بگەیەنێت، کە “ئەم ئێوارەیە نایەت، بەڵام سبەینێ بە مەعلوومی دێت.”

بێکێت بە شێوەیەکی بێ وێنە، بە چەند ئامڕاز و کەرەسەیەکی کەم و دیاریکراو، ێستراگۆن و ڤلادیمیر، دەکاتە دوو کارەکتەری زیندوو، هاوکات مۆرکێکی خودگەرا و که‌سێنییان، لە پانتاییەکی ناتورالیزمیدا پێ دەبەخشێت. شوین، بە دیقەت، لە چواچێوەیەکی ناتورالیزمیدا دیاریکراوە. بێکیت لە دەرەوەی ئەم شانە ناتورالیزمییەوە، لە بازنەیەکی ئەبستراکدا، شتێکی تر دەخوڵقێنێت، کە چوارچێوە ناتورالیزمییەکە تێک دەشکێنێت، ئەویش کارەکتەری پۆزۆ و لەکی-ین، کە لە ناوەڕاستی پەردەی یەکەمدا دەردەکەون و سەر بە ستایلێکی ترن. وێنەیەک بە پێچەوانەی ڤلادیمیر و ئێستراگۆن-ەوە، دێن و بەرجەستەی دەسەڵات و بێ دەسەڵات، دەسەڵات و سەرکوتکراو دەکەن.

ئازاد بەرزنجی لەنێو دێڕە کورت و وشە دووبارە و گەمەی کارەکتەرەکان و چەمکە فەلسەفییەکانی دەقەکەدا، لە چاوەڕوانی گۆدۆیەکیدا بە کوردی کردوە، کە زۆر بە سەلیقەوە لە دیدی بێکێت نزیک بۆتەوە و زمانێکی وەهای بەکارهێناوە، لەو زمانە زۆر تایبەتەی دنیای شانۆنامەکەوە هاتۆتە دەرەوە. سەختی وەرگێڕانی ئەم دەقە، لە ساکاری دەربڕین و قووڵی ناوەڕۆک و چەمکە فەلسەفی و ئەتمۆسفێرە ئەبسێردەکەی شانۆنامەکەدایە، کە بەرزنجی بە هۆشیارییەوە پێی پێ بردووە.