فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

عەشقێکی وەستاو لەنێوان با و نۆستالجیادا

تێڕوانینێکی شیکارانە لەسەر شانۆنامەی من و تۆ لەگەڵ «با»دای دانا ڕەئووف

مۆحسین مستەفاپور

………………….

شانۆنامەی من و تۆ لەگەڵ با دا، یەکێک لە یەکپارچەترین کارەکانی دانا ڕەئووف. نووسەر لەم دەقە شانۆییەدا سنووری نێوان کات و یادەوەری و خەون و واقیع بەشێوەیەک لێڵ دەکات، کە خوێنەر ڕێک وەک دوو کارەکتەری سەرەکی نوقمی حاڵەتێکی هەڵپەسێردراوی دەبێت. 

ڕەنگە ئەم شانۆنامەیە، تاکەکەسی ترین دەقی داناڕەئووف لەناو زنجیرە شانۆنامەکانی کتێبیبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین تاریک داهاتبێت.

ئەم دەقە زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای کردار و بەرەوپێشچوونی دەرەکی دامەزرابێت، لەسەر بنەمای نۆستالجیای دەروونی کارەکتەرەکان،دووپاتبوونەوە و وەستانی عەشق، بەرەو پێش دەڕوات.

گێڕانەوەیەکی چوار پارچە، کە تێیدا ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، زیاتر لەوەی هێڵێکی ڕوون سەبارەت بە کات بن، سێ بارستەی پەستێنراوی هەستین. ئەم سێ بارستەیە وا دەردەکەون، کە بەیەکەوە ئاڵاون و کارەکتەرەکان لە “بەردەوامییەکی بێ کۆتای ئێستا” دا لە یەکتری گرێدەدەن.

عەشق و خۆشەویستی لەناو دەق دا نابنە هۆی بەرەوپێشچوونی هیچ کردارێک، بەڵکوو دەبنە هۆی ئەزموونێکی وەستاو و دووبارەکراوە. عەشق و خۆشەویستی نێوان کارەکتەرەکان نە دەمریت و نە بەرەوپێش دەچێت و نە گەشەش دەکات. لەم بەینەدا تەنها «با» هەڵدەکات و تێدەپەڕێت و هەمان خاڵی یەکەم دووپات دەبێتەوە.

ڕاستە پێکهاتەی شانۆنامەکە بەسەر چوار بەشدا دابەش کراوە: پیری، تەمەنی گەورەیی، گەنجێتی و تەنیایی ژن لەدوای مردنی خۆشەویستەکەی، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە وەکوو پرۆسەی بەرەوپێشچوونی دڕامایەکی کلاسیک نییە. ئێمە خەریکین جووڵەی بادەخوێنینەوە، کە بریتیە لە هاتن و ڕۆیشتنێکی نەرم و ئەبەدی و دووپاتبوونەوەیەکی بێ کۆتایی، بێ ئەوەی هیچ ئاڵوگۆڕێک لەناو جیهانی کارەکتەرەکاندا ڕووبدات.

هاوکات لەگەڵ با دا، توخمێکی گرینگی تر هەیە، کە پێکهاتەی سۆز و هەستی شانۆنامەکە سازدەکەن، ئەوییش نۆستالجیایە. با، هەمووشتێک لەگەڵ خۆیدا دەبات و نۆستاڵجیا ناهێڵێت هیچ شتێک بەتەواوی بسڕدرێتەوە و لەناوبچێت. هەربۆیە ئەم عەشقەی نێوان کارەکتەرەکان نەبەتەواوی کۆتایی دێت نەبەتەواوی جێگیر دەبێت.

لەم دەقەدا عەشق و خۆشەویستی بە یەک ئەندازە دەتوانن خولقێنەری هێمنی یان شڵەژاوی بن، بە یەک ئەندازە بەرەو تاریکی یان ڕووناکیت ببەن. کارەکتەرەکانیش بەهەمان شێوە بەردەوام باسی یەکتری دەکەن، هاوکات دەربارەی دووری و بەیەک گەیشتن قسەدەکەن، دەربارەی بوون و نەبوون، یادەوەرییەکان و لەیادکردنەکان دەدوێن. تەنانەت لەساتی یەکگرتنەوەشدا، زیاتر باسی ئێش و ئازاری لێکدابڕان و جیابوونەوە دەکەن. لەڕاستیدا ئەوان لەناو گەڕانەوەیەکی بەردەوام بۆ نۆستاڵجیا بەیەکەوە بەستراون. ڕێک ئەم گرێدراوی و پەیوەندییەشە، کە کەسایەتیی قیزەون لە مرۆڤی بێ جووڵە و دیلی نۆستاڵجیا، سازدەکات.

داناڕەئووف لەم شانۆنامەیەدا فەزایەکی وەک خەون دروست دەکات، بۆ ئەم داهێنانەش، چەن تەکنیکی سەرەکی بەکار هێناوە؛

گۆڕینی زنجیرەی کات.

نەک لە شێوەی فلاشباک، بەڵکو وەک تێکەڵەیەکی نائاسایی ڕابردوو و داهاتوو.

دووپاتبوونەوەی دیالۆگەکان.

 نەک تەنیا دووپاتکردنەوەی وشەکان، بەڵکو زیاتر دوپاتکردنەوەی هەستەکان،کە ئەم دووپاتبوونەوەیە لەئاکامدا دەبێتە جۆرێک مۆسیقای دەق.

سڕینەوەی کردار.

کارەکتەرەکان بێ جووڵەن. وشەکان دەجووڵێن، بەڵام جەستەکان نا.

دروستکردنی شوناسێکی هەڵپسێردراو بۆ کارەکتەرەکان.

کارەکتەرەکان هاوکات هەن و نیین. ئەم ڕستەیەی پیاو کە دەڵێت: هەست دەکەم لێرەم و لێرەیش نیم، ڕەنگە پوختەی تەواوی پێناسەکردنی کارەکتەرەکانی ئەو شانۆنامەیە بێت.

ئەم تێکستە هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە، کە چۆن لەم شانۆنامەیەدا؛ با توخمێکی دووەمی نیە و بۆتە شێوەی جووڵەی مێشکی کارەکتەرەکان.

چۆن نۆستالجیا تەنها خەم خواردن نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو لەناو دەقدا دەبێت بە زیندانێک بۆ هەست و سۆزی دوو کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکە. لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات، کە چۆن ئەم دوو توخمە (با و نۆستاڵجیا) دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی عەشق و خۆشەویستی لەنێوانیان دا بوەستێت، لە خۆیدا دووپات بێتەوە و ناکامیش بێت.

شانۆنامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە:

۱. لەگەڵ با دا بڕۆ، ژن و پیاوێکی بەساڵاچوو.

۲. دەتدەمە دەست با، کاتێک ژن و پیاو بەرەو پیربوونن.

۳. لەگەڵ با دا وەرە، هەمان ژن و پیاو لەتەمەنی گەنجێتی دا.

٤. بەتەنیا لەگەڵ با دا، ژنەکە دوای ساڵێک پاش مردنی پیاوەکە.

ئەم پێکهاتەیە بە ڕواڵەت هێڵییە، بەڵام لە بنەڕەتدا “جێگۆڕکێی زنجیرەی کاتی” یە.

هەر ئەم خاڵەش یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی نووسەر بۆ دروستکردنی جیهانێکی نەگۆڕ و نۆستالجیک.

لەم چوار بەشەدا، پیری و گەنجێتی، یان بەگشتی سەردەمەکانی ژیان، سەردەمی جیا نین، بەڵکو جیهانگەلێکی لێک نزیکن، پڕن لە ساتی دووبارەکراوە و نەگۆڕ.

کاتێک دیالۆگەکانی پیری لە گەنجیدا دووبارە دەبنەوە، کات لە ڕاستیدا تووشی جۆرێک لە ڕووخان دەبێت. ئەم دووبارەبوونەوەیە، تەنیا تەکنیک و شێوازێک بۆ گێڕانەوە نییە، بەڵکوو خۆی دەبێتە بەشێکی سەرەکی ناوەڕۆکی دەق.

عەشقێک، کە ناتوانێت لەساتی دەستپێکی خۆی تێپەربێت و هیچ جووڵەیەکی بەرەو پێش، یان بەرەو دواوە ناکات.

بەشی یەکەم: سەردەمی پڕ لەعەشقی پیری یان سەرەتای لێکدابڕان؟

لەبەشی یەکەمدا، کات ڕوونە و بەشێوازێکی هێڵی بەرەو پێش چووە: پێش نیوەڕۆ، دوانیوەڕۆ، ئێوارە، بەڵام ناوەڕۆک وەستاوە. لەناوخۆیدا دووپات دەبێتەوە و پڕە لە لەبیرچوونەوە:

ژن: هەموو ئەمشەو خەونم پێوە بینیون، وەلێ زۆر سەیرە، هیچم لەبیرنەماوە!

پیاو: شەست ساڵی تەمەنم تێ پەڕاندووە. کات لەئاو قورسترە بەشانمەوە. هەست دەکەم لێرەم و لێرەش نیم.

هەروەها لەم بەشەدا بۆ یەکەم جار چەمکی نۆستاڵجیا زەق دەبێتەوە.کارەکتەرەکان ڕابردوویان گەش و پڕ لە ڕەنگ دەبینن و ژیانی ئێستایان ڕەش و سپی؛

ژن: کە لە دایک بووین، ژیان ڕەنگاوڕەنگ بوو، بەڵام وێنەکانمان ڕەش و سپی بوون. کەچی ئەمڕۆ وێنەکانمان ڕەنگاوڕەنگن. ژیانیش ڕەش و سپی.

لای ئەوان، ڕابردوو ڕوونتر لەکاتی ئێستایە و داهاتوو بوونی نیە. ئەوان لەناو بیرەوەرییەکان دا دەژین و بە وتارێکی پڕ لە داخەوە ڕابردوو بۆ یەکتری دەگێڕنەوە و دووپاتی دەکەنەوە.

کۆتایی ئەم بەشە بەم شێوەیەیە:

ژن: با بڕۆین، ئەوەندە شیعریش مەخوێنەوە.

پیاو: [پێدەکەنێت] با بڕۆین.

[لەشوێنی خۆیان ناجووڵێن]

لەڕاستیدا ئەم وەستانە، ئەم جووڵەنەکردنە، واژۆی داناڕەئووفە.

کردار = سفر

قسەکردن = سەد

بەشی دووهەم؛ تەمەنی گەورەیی و پێگەیشتوویی، جێگیرکردنی ڕۆڵی با. 

بەشی دووەمی شانۆنامەکە ئەو خاڵە زەق دەکاتەوە، کە خۆشەویستی دەچێتە قۆناغی هۆشیارییەوە، ئەو هۆشیارییەی، کە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان تەنیا لە ئامادەبوونی بادا دەتوانێت بمێنێتەوە.

ئەمە قۆناغێکی ژیانە، کە عەشق و خۆشەویستی نە زۆر بەسۆز و تیینە و نە بەرەو داڕمانە، بەڵکوو لەقۆناغیک دایە، کە دەبێت لەسەر شێوازی بەردەوام بوونی بڕیار بدرێت.

«دەتدەمە دەست با»

 ئەم ڕستەیە نە ئازادییەکی تەواوە و نە دڵشکانێکی ڕۆمانسی. 

ئەسپاردن بە با، هەم چەشنێکی لە ئازادی تێدایە و هەم ددانپێدانان بە قورسایی بوونی ئەوی تر.

ژن داواکاریەک دەکات، کە لەڕووی لاوازییەوە نیە، بەڵکو لە ڕووی قبووڵکردنی سروشتی پێوەندی نێوان خۆی و پیاوەکەیە. قبووڵکردنی ئەوەی، کە بە بێ بوونی با، خۆشەویستییەکەیان دەمرێت.

ژن: زۆر گەرمە، خەریکە دەسووتێم، بمدەرە دەست با.

پیاو: نا، تۆ خۆت با یت.

با لەم چرکەساتە چیتر میتافۆر نییە بۆ کات یان چارەنووس، بەڵکو خودی عاشقەکەیە، خودی پەیوەندیەکەیە، شتێک، کە ناتوانرێت ڕابگیرێت، ناتوانرێت بوەستێنرێت، ناتوانرێت ببیتە خاوەنداری. پێویستە با لە نێوانیاندا بێت بۆ ئەوەی خۆشەویستی بمێنێتەوە. ئەوەی دەڕوات و دێت خودی بایە. با  ئەوهێزەیە، کە پەیوەندییەکە لە داڕمان دەپارێزێت و دەیهێڵێتەوە.

ژن و پیاو هەردووکیان لەمەتێگەیشتوون، کە بۆ ئەوەی بمێننەوە، دەبێ بڕۆن.

ئەم پارادۆکسە ڕۆحی شانۆنامەکەیە.

عەشقێک، کە دووربوونەوە مانای پێدەبەخشێت و تەنها لەگەڵ هەڵهاتنی با دا بەرداوم دەبێت و ئەگەر بگاتە هاوسەنگی، دەمرێت.

بەشی سێهەم، گەنجێتی پڕ لە عەشق یان دووپاتبوونەوەی پیری؟

لەبەشی سێهەمدا، ئێمە ڕووبەڕووی سەردەمی گەنجێتی ژن و پیاوەکە دەبینەوە، بەڵام بابەتە سەرسوڕهێنەرەکە ئەوەیە: ئەوان لە گەنجێتیدا بەشێوەی سەردەمی پیری قسە دەکەن. هەمان دڵەڕاوکێ، هەمان خەم و داخ و پەژارە و هەمان دووپاتبوونەوە، بەڵام بە گڕوتینێکی زۆر، کە تایبەتی تەمەنی گەنجانە. 

سەردەمێک، کە دەبوو بە ڕواڵەت خاڵی دەستپێکی سۆز و جووڵە و بنیاتنان بێت، بەڵام لە جیهانی نووسەردا، وەستانی بنەڕەتی پەیوەندییەکە لێرەوە دروست بووە.

ئەمە بەو مانایەیە کە:

ڕابردوو لە داهاتوو جیانیە.

داهاتوو هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ڕابردوو و خۆشەویستی نێوان ئەم دوو کەسەیش لە یەکەم ڕۆژەوە تووشی وەستان بووە.

لە دیمەنی یەکەمدا، ژن و پیاوە گەنجەکە پڕن لە سۆز، بەڵام ئەم سۆزە یەکسەر دەگۆڕێت بۆ زیادەڕەوی پشت بەستن و ترس لە بە تەنیامانەوە. 

پیاوەکە دەڵێت پێویستی بە دوو جەستە هەیە؛

پیاو: هەندێک جار هێندە بیرت دەکەم، هەست دەکەم جەستەیەکی ترم پێویستە جەستەیەک بۆ خۆم و جەستەیەکیش بۆ بیرکردنەوە لە تۆ.

دوای چەن دیالۆگی تر پیاوەکە بەمجۆرە دەدوێت:

پیاو: وەرە بۆلای من. گوێت لێیە؟ تۆ ناتوانیت لە من دوور بکەویتەوە… من زۆر لەبا دەترسم. دەترسم بایەک هەڵبکات و بمبات بۆ شوێنێکی تر و تۆم لێ بشارێتەوە.

دیالۆگەکانی ژنەکەش بەجۆرێکی تر هەمان هەست بە خوێنەر دەدات، بەڵام ئەو ڕۆڵێکی بەرچاوتر لێرەدا دەنوێنێت و  با، وەک ناوەندێک بۆ هاتنیپیاوەکە دەناسێنێت. 

ژن: گوتم لەگەڵ با دا وەرن؛ با لە پەنجەرەکانمەوە دێتە ژوورەوە و لەگەڵ تۆ خەبەرم دەکاتەوە، لەگەڵ تۆ دەمبات بۆ شوێنە دوورەکان.

با لەم قۆناغەدا خوازەیەکە بۆ لێشاوی خێرای هەستەکان، نەمریی گەنجی و پەیوەندییەکی هەڵپەسێردراو.  پەیوەندییەک، کە لەجیاتی ئەوەی لەواقیعدا سازبکرێت، هەر لە سەرەتاوە بە “هاتن لەگەڵ با” و “ڕۆیشتن لەگەڵ با” پێناسە دەکرێت.

لە دیمەنی دوو و سێی ئەم بەشەدا، تەنیایی ژن و پیاو، ئەوە دەردەخات، کە عەشقەکەیان نە بەرگەی لای یەکتریبوون دەگرێت و نە بەرگەی دووری. هاوکات، نۆستالجیایەکی لێڵیش لەم بەشەدا هەیە. نۆستالجیا، نەک بۆ ڕابردوو، بەڵکو بۆ ئێستا.

پیاو و ژن، تەنانەت لە لوتکەی نزیکبوونیاندا، وا دەردەکەون کە “ئەم ساتەوەختە” لەدەست دەدەن. پەیوەندییەکەیان هەمیشە لەسەر لێواری دووبارەبوونەوە و لەدەستدانی دایە. دووبارەکردنەوەی ڕستەکان و نیگەرانییەکان، کە پێشتر لە تەمەنی پیریدا گوێمان لێبوو، ئەمە دەردەخات، کە پەیوەندییەکەیان لە بنەڕەتدا گەشە ناکات.

لێرەدا ئێمە دەتوانین بڵێین، کە ئەم شانۆنامەی دانا ڕەئووف دژەدرامایە، چونکە گفتوگۆکان نابنە هۆی بەرەوپێش ڕۆیشتنی دراماکە، بەڵکو خۆیان دەبن بە بابەتی دراما. لەناو درامای کلاسیکدا، دیالۆگەکان دەبنە هۆی جووڵە کردن، بەڵام لەم شانۆنامەیە دا، دیالۆگ دەبێتە هۆکار بۆ دووپاتکردنەوە و دووپاتبوونەوە.

بەشی چوارەم. بەتەنیا لەگەڵ بادا

لەم بەشەدا، ژن گەیشتۆتە تەمەنی ٦٠ ساڵی و ساڵێکیش لەمردنی پیاوەکە تێپەڕبووە، بەڵام بابەتە سەرسوڕهێنەرەکە ئەمەیە:

ژن بەهەمان شێوەی ڕابردوو، دەدوێت و قسەکانی ئەودەم دووبارە دووپات دەکاتەوە، نەک تەنها وشەکان، بەڵکو دۆخی دەروونی و سۆزییشی نەگۆڕاوە، وەک بڵێی مردنی پیاوەکەش، قۆناغی کۆتایی نییە؛ بەڵکو درێژەپێدەری هەمان دووبارەبوونەوەیە.

ژن: لە بەردەم ئەم پەنجەرەیەدا، بەدەم چاوەڕوانیی تۆوە، چەند سەیری وەرزەکانی ساڵم کرد، بەهار، هاوین، پاییز و زستان! دارسێوەکان، دارئەرخەوان و گوڵەکان… تۆ منت لەگەڵ با بەتەنیا بەجێهێشت…

لێرەدا، با، کە لە بەشەکانی پێشوودا هێزێکی هاوبەش لە نێوان ژن و پیاودا بوو، ئێستا تاکە یاوەری ژنەکەیە؛ با چیتر هاوڕێیەکی ڕۆمانسی نییە؛ بای تەنیاییە.

با، لەم شانۆنامەیە دا

با، هێزی هەڵپەساردن، دووبارەبوونەوە و ناجێگیری.

لە شانۆنامەی من و تۆ لەگڵ با دا، با تەنیا وێنەیەکی شاعیرانە یان توخمێکی پێوەندیدار بە فۆڕم نییە، بەڵکو میتافۆری سەرەکی دەقەکەیە. با، هەموولایەنەکانی کارەکە دەگرێتەوە، لە پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان ژن و پیاوەوەبگرە تا پێکهاتەی کات و تەنانەت لۆژیکی کردارەکان، هەموویان لەسەقامگیری دوور دەخاتەوە. دەتوانین بڵێین کە با وا لە کارەکتەرەکان دەکاتنەتوانن لە هیچ ساتێکدا نیشتەجێ بن، نە لە خۆشەویستیدا و نە لە کات وشوێندا. لەم دەقەدا، با ڕۆڵێکی پێکهاتەیی هەیە: جیهانێک دروست دەکات کە کارەکتەرەکان نە بەتەواوی تێیدا وەستاون و نە دەجووڵێن. جێهانێک کە نیوەی وەستاوە و نیوەی دەجووڵێت، ڕێک وەک ڕستەی پیاوەکە لەبەشی یەکەمدا:

پیاو: هەست دەکەم لێرەم و لێرەش نیم.

کارەکتەرەکان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ با دا، قورسایی بوونیان لەدەست دەدەدن، وەک ئەوەی لە جیهانێکدا بژین، کە چیتر زەوی تێدا نییە. لە ئەنجامدا، با دەبێتە پردێک لە نێوان پەیوەندیەکاندا، هێزێک کە ڕێگە بە ژن و پیاو دەدات بیر لە یەکتر بکەنەوە، بەڵام هەرگیز نزیک نابنەوە. نە لە ئێستادا، نە لە ڕابردوودا و نە لە داهاتوودا.

بەگشتی با لەم دەقە دا ، دوو چین مانای هەیە

١-با؛ تێپەربوونی کات

با کاتێکی بێ ڕوخسارە؛ شتێک کە دێت و دەڕوات، بەڵام نابینرێت. لەناو دەقدا دەبینین کە؛

کات تێدەپەڕێت، بەڵام پەیوەندی نێوان ژن و پیاو ناگۆڕێت.

تەمەنی کارەکتەرەکان دەگۆڕێت، بەڵام قسەکانیان وەک یەکن، دیالۆگەکان دووبارە دەبنەوە. با، ناهێڵێت کات جووڵە بکات و بەدڵی خۆی دەیخولێنیتەوە.

۲با؛ خۆشەویست / ترس / پارێزەر / هەڵپەسێردراوی

با، هەم حەزە و هەم ترسییشە، ئەو هەم هەڵگری خۆشەویستە و هەم مەترسیدارە بۆی. با هەم ڕێگایەکە بۆ گەیشتن، هەم ڕێگایەکە بۆ ونبوون.هەربۆیە، عەشق لەم شانۆنامەیەدا لە پەیوەندییەکی جەستەیی و زەمینیبەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیبەکی دەروونی و نامادی. عەشقێکە کە وەبەردەست نایەت و تەنها دەتوانرێت جۆرێک بیرکردنەوە بێت. لەم جیهانەیشدایە، کە با دەتوانێت کارەکتەرەکان لەگەڵ خۆی بێنیت و بیانبات و تووشی هەڵپەسێراویان بکات.

نۆستالجیا؛ گەڕانەوە بۆ شتێکی پێنەگەیشتوو

ئەگەر با هێزی جووڵە بێت، ئەوا نۆستالجیا هێزی گەڕاندنەوە و بەربەستە، هێزێک کە ڕابردوو بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و هێزی پێ دەبەخشێت. ڕۆڵی نۆستالجیا لەناودەقدا وا لە کارەکتەرەکان دەکات هەمیشە داوای شتێک لە ڕابردوو بکەن، کە هەرگیز نەیانبووە. یان هەرگیز ئەزموونیان تێیدا نەبووە و سازکراوێکی خەونی و هەستیە. هەربۆیە نۆستالجیا لە دەقەکەدا وەک جۆرە نەخۆشییەکی شیرینە، جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ ماڵێک، کە گەرچی چیتر بوونی نیە، بەڵام هێشتا لە مێشکی مرۆڤەکاندا، لە با دا، لە بۆنەکان و دەنگەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە.

بۆچی ئەم دوو کارەکتەرە، تێکەڵ بە نۆستالجیان؟

چەن هۆکاری سەرەکی هەیە:

چونکە کاتی «ئێستا» بۆ ئەوان خاوە و بۆیان بەس نییە.

نۆستالجیا کاتێک چڕتر دەبێت کە «ئێستا»، بۆ مرۆڤ قایلکەر نەبێت. ئەم دوو کارەکتەرەیش تووشی جۆرێک لە قەیرانی خۆناسین لە کاتی «ئێستا»دا بوونە و نە دەتوانن بەتەواوی دڵی خۆیان بدەن بە خۆشەویستەکەیان و نە دەتوانن بەتەواوی دڵی لێبەردەن. لەم کاتەدایە کە نۆستالجیا دەبێتە پەناگەیەکی دەروونی.

چونکە ڕابردوویەکەیان ناتەواو ماوەتەوە

پەیوەندی نێوان ئەوان، تەواو نەبووە، بەڵکو ناتەواو ماوەتەوە. تەواوبوون، کۆتاییەکی ڕوونی هەیە، بەڵام ناتەواومانەوە دەبێتە برینێک، کە هەمیشە خەریکی نوێ بوونەوەیە. نۆستالجیایش ئەم ناتەواوبوونە دەکاتە هێزی درێژەپێدانی پەیوەندییەکە .

چونکه هەردووکیان لە ڕاستی و حەقیقەت، دەترسن.

نۆستالجیا ڕێگەیان پێدەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناخی ڕاستەقینەی پەیوەندییەکە دەرباز بن. ناخێک کە لەوانەیە زۆر لەوشتەی ئەوان لە مێشکیاندا دروستیان کردووە، سادەتر و تەنانەت ئازاربەخشتر بێت.

لەم شانۆنامەیەدا، ئەگەر با وەک هێزی جووڵە و نۆستالجیا، وەک هێزی گەڕانەوە و نەجووڵان لەبەرچاو بگرین، ئەوا پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان لە شوێنێکدا لە نێوان ئەم دوو هێزەدا خەریکی هاتوچۆ کردنە. با، دەیەوێت ئەوان بەرەوپێش ببات و نۆستالجیا دەیەوێت بیانگەڕێنیتەوە.

ئەنجامی ئەم ململانێیە چی دەبێت؟ وەستان.

شانۆنامەی من و تۆ لەگەڵ با دا، لە نووسینی دانا ڕەئووف، گێڕانەوەی عەشقێکی بێ کۆتایی نیە، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکی ناتەواوبوونی عەشقە.ناتەواوییەک، کە سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەنتۆلۆجی کارەکتەرەکان.

لە کۆتایی شانۆنامەکەدا هیچ شتێک بە مانای کلاسیکیەوە چارەسەر ناکرێت. هیچ گرێیەک ناکرێتەوە و هیچ بڕیارێک ناگاتە قۆناغی دڵنیایی و خاترجەمی.

ئەم نادڵنیاییە، وەک خاڵێکی لاواز بۆ دەقەکە پێناسە ناکرێت، بەڵکو دبێتە شێوازی سەرەکی شانۆنامەکە و جەوهەری مانا بۆ دەق. ئەگریش پرسیار بکەین بۆچی ئەوایە؟ لەوڵامدا دەبێ بڵێین چونکە کارەکتەرەکان لەجیهانێکدا دەژین، کە هیچ بنەمایەکی تێدانییە؛ نە لەڕابردوودا، نە لە ئێستادا و نەک لە داهاتوویشدا. ئەوان تەنیا لە با دا مانایان هەیە و لەگەڵ نۆستالجیادا دەژین، عەشقەکەیان عەشقێکی وەستاوە، با دەیانبات و نۆستالجیاش دەیانگەڕێنێتەوە. لە دەرئەنجامی ئەم هاتوچۆیەش هیچ ڕێگایەک بەرەو ڕاستەقینەبوون دروست نابێت. کارەکتەرەکان نە پێکەوە دەمێننەوە و نە لێک جیا دەبنەوە. ئەوان بۆ هەمیشە لەشوێنێک دەمێننەوە، کە هەر لەسەرەتاوە لەوێ بوونە؛ نێوان با و نۆستالجیا.