فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پەخشان

سەلیم عوسمان
نووسەر، بەریتانیا

…………………

زۆر شت هەیە کە لە
توانای من بەدەرە،
ناتوانم سەیری فیلم بکەم و
ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە نەکەم بەتۆ!
ناتوانم چیرۆکێک بخوێنمەوە و
کارەکتەری سەرەکی کچەکە نەکەم بەتۆ!
تۆ کێیت؟!
لەهەموو شوێنێکەوە بۆن بەتۆوە دەکەم،
هەموو ڕێگایەک دەمگەیەنێتەوە بەتۆ!
لەم ڕۆژانە لەڕێگاوە بووم بەرەو ماڵەوە دەگەڕامەوە،
لەو بەری شۆستەکە کچێکم بینی،
ستایلی جلوبەرگ و لەچکەکەی لەتۆی دەکرد
کتێبێکی لەژێر باڵی ڕاستی گرتبوو
بۆ ساتێک کڵپەیەک لەهەناومەوە هات و
بڵێسەیەکی بەتین هاوشێوەی نەفەسی گڕکان لە دڵمەوە هات و
لەدەم و لوتمەوە هەڵمەکەی هاتە دەر!
من ناتوانم هەموو مێینەکان بکەم بەتۆ،
بەڵام بینینی هەر مێینەیەکی زەرد ڕەنگ و چاو کاڵ و کەمەر باریک
دڵم دەلەرزێنێ!
ئەی لەبارەی گۆرانییەکانەوە چی؟!
با ئەوەم بیرنەچێت!
گۆرانییەکان بێ بەزەییانە گوشار لەسەر ڕیشاڵەکانی دڵم دەکەن و هەناسەم تەنگ دەکەن،
ئاوازەکان نوزەی مەکرانەی تۆیەو
وشەکان چین چین بە ڕۆحمدا دەچەقن،
ڕۆژانە گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی زۆر دەخوێنمەوە،
سەیری ناو و ناونیشانی پڕۆفایلی نووسەرەکان دەکەم،
فزوڵیانە دەمەوێت بزانم هۆکاری نوسینی ئەوان چییە!
چیرۆکی پشتی وشەکانیان چ ئاهێکی قەتیسکراوە،
ڕەنگە ئەوانی یەکێ هاوشێوەی ساردی و دڵڕقییەکەی تۆ
سەری لێیان شێواندبێت!
ئەرێ بەڕاست تۆیش وایت؟!
پیاوی ناو هەموو فیلم و چیرۆکەکان دەکەیت بەمن؟!
تۆ بڵێیت ڕۆژێک بێن بەهیوای دڵم بگەم!
ئازیز، ئەگەر ئەمجارە بتبینمەوە
سەیری چاوت دەکەم و لێت دەپرسم:
ئاخۆ توانیوومە بیرکردنەوەکانت داگیربکەم؟!
بەهەموو ویستمەوە دەڵێم:
بێ دادم و بێ ویسی خۆم
دەمەوێت لەتۆدا بمێنمەوەو لەتۆدا بمرم..
وەک ملوانکەیەکی “فروهەر” بەگەردەنتەوەبم و لێت نەبمەوە.