دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
کتێبی : ( سەدساڵ سوریالیزم لە مەخلوقاتی شیعری ئازاد سوبحیدا – ٢٠٢٤ چاپی سێیەم) ئێستا ئەم کتێبە لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە دەمێکە لەبەردەستی من دایە و تا ئێستا دووجارم خوێندووتەوە، بەڕاستی پێویستە هەموو خوێندەوارێکی خۆشەویستی کورد..ئەم لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە بە وردی بخوێنێتەوە، خۆ ئەگەر خوێندەواری خۆشەویست شاعیر بێت، ئەوە خوێندنەوەی دووجار ئەرکە، ئەم لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە لە دنیای شیعری ئەمڕۆی کورد، لێکۆڵینەوە و ڕەخنەیەک نیيە بەرهەمی بەردەوامی ڕەخنەی کوردی بێت و لە سەر کولتوورە ڕەخنەیەکەمان پێگەیشتبێ، دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم: چ مامۆستای ڕەخنەگر، چ ڕەخنە لێکۆڵینەوەییەکە لە نێوەندی ڕەخنەی کوردی ئەمڕۆدا زۆر تازە و ڕێزپەڕە ! ڕێز پەڕە و بە تەنیا لە سەر لوتکەیەکی داهێنانی ڕەخنەییدا دەوەستێ، دەوەستێ و کەسی قبووڵ نیە بچێتە تەکیا..! هەروەها لە ڕەخنە لێکۆڵینەوەکەیدا شمشێر قەڵەمێکی بەدەستەوەیە، شاعیریکۆچکردوو ( ئازاد سوبحی ) لە هەموو شاعیران بە شاعیرتر دادەنێ و لە هەموو شاعیرانی پێش خۆی و دوای خۆی دادەبڕێ ! ئەگەر بڵێم ڕەخنەگر لە دوای شاعیرانی کوردی کلاسیک ..کەس بە شاعیر نازانێ، ئەوا دوور نەڕۆیشتووم، ئەگەر بە وردی ڕایە ڕەخنەییە لێکۆڵینەوەکانی ئەو مامۆستا ڕەخنەگرە بخوێنینەوە، دەبینین .. زۆر بە بەڵگە و زانستیانەو ئاگادارو وشیارانە ڕایەکانی خۆی دەردەبڕێ، دیارە من خۆم وەکوو مەولود، لە گەڵ هەموو ڕایە ڕەخنەییەکانی ئەو بەڕێزە دانیم، بەتایبەت لەوەدا کە پێی وایە، دوای کۆچکردوو ئازاد سوبحی و پێش ئازاد سوبحی شاعیرمان نیيە و نەبووە ! لەگەڵ ئەوەيشدا من ڕێز لە ڕایەکانی دەگرم، چۆن ئەو بەڕێزە بە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی و لە دوو تۆی کتێبێکدا و چاپی سێیەمیشی خستووەتە بازار، کەواتە ئەو بەڕێزە بەم کارەی مەیدان لە نووسەرو شاعیرو ڕەخنەگرەکانمان دەخوازێ و ئامادەی گفتوگۆیە ! بەڕێز مامۆستا (حسێن سۆران یان وەک لەسەر بەرگی چاپی سێیەمی ئەم کتێبە نووسراوە دڵدار عەلی خەلیفە ) زۆر بە ڕوونی ڕای خۆی لە بارەی شیعری کوردی دوای کلاسیک دەردەبڕێ و هەموویان بە شاعیر نازانێ، هەتا گۆرانیش !! ئەو لای وایە گۆران تەنیا وێنەی سروشتی کێشاوە، هەر بۆیە پێیوایە هەمووان پێویستە بچنەوە ماڵێ خۆیان ! لێرەوە من لەو بەڕێزە جیادەبمەوە، تەنیا خاڵێک من مامۆستا سۆران یەک دەخات شاعیریيەتی کۆچکردوو ( ئازاد سوبحی ) یە، کە منیش ئەو شاعیرە بە شاعیرێکی گەورە دەزانم ، بەڵام،گەورەیی ئەو شاعیرە ڕێ لە گەورەیی شاعیرەکانی تر ناگرێ ! بەتەواوی قەناعەتەوە بە ڕای خۆم هێشتا شاعیری گەورەمان هەن، کە ئەدەبی کوردی شانازیان پێوە دەکات، لای من ژیان ڕەنگاوڕەنگە .. بۆیە هەر شاعیرێک .. ئەگەر بەڕاستی شاعیر بێت سوار ئەسپی مەیدانی شاعیریيەتی خۆیەتی، کە بێشک هەر شاعیرە و لەوەی تر جیایە .
ئەو ڕەخنەگرە بەڕێزە کێیە؟
مامۆستای ڕەخنەگر بەڕێز ( حسێن سۆران )ە، کە وەک لەسەر بەرگی چاپی سێیەمی ئەو کتێبە نووسراوە، بە هەر هۆیەک بێت مامۆستا ناوی خۆی بە (دڵدار عەلی خەلیفە ) نووسیوە .
ئەو نووسەرە شاعیرو ڕەخنەگرو لێکۆڵەرو ڕۆماننووسە .. دوور لە هەموو پێدا هەڵگوتنێک نووسەرێکی داهێنەرو گەورەیە . بەڵام ، هێندەی من بزانم و ئاگادار بم، نێوەندی ڕەخنەی کوردی خۆی بە بەرهەمەکانی ئەم بەڕێزەوە خەریک نەکردووە، دەڵێم..نێوەندی ڕەخنەی کوردی نەک نێوەندی خوێندنەوە ! هەر ئەوەی ئەم کتێبە گەیشتووەتە چاپی سێیەم ..دیارە دەخوێندرێتەوە، بەڵام، من ئاگادار نیم کە ئەم کتێبە و کتێبەکانی تری کەوتبنە بەر تیشکی ڕەخنە !
ئێمە لە نێوەندی ئەدەبی کوردی ڕەخنەگری باش و بەتوانامان هەن، کە هەندێک لەو ڕەخنەگرانە ئاستی ڕەخنەکانیان هیچی لە ڕەخنەی پێشکەوتووی هاوچەرخ و سەردەمی ئێستای جیهان کەمتر نیيە ! کاری باشیشان کردووە، لە سايەی ئەوانەوە نێوەندی ئەدەبی کوردیمان بێ ڕەخنەگر نیيە ! بەڵام، هێندە هەیە بەڕێژەی شاعیرو چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسە باشاکانمان، ژمارەی ڕەخنەگرەکانمان ئەوە نیيە بتوانن وەک پێویست نووسەرە بەتواناکان و دیوانە شیعرە جوانەکان و چیڕۆکە باشەکان و ڕۆمانە هاوچەرخەکانمان بەسەر کەنەوە ! هەر ئەوەيشە هۆی ئەوەی کە هەندێ نووسەرمان هەن، نووسەری بەتوانان و کاری چاکیان کردووەو تەمەنێکیان بەڕێ کردووە، کەچی تا ئێستا ڕەخنە لای لێنەکردوونەتەوە، ئەمەيش ناخۆشترین کارێکە بۆ نووسەرێک کە بەردەوام بنووسێ و جوانیش بنووسێ ..کەچی ڕەخنە هیچ یەک لە کارەکانی ئەوە بەڕێزانەی بە سەر نەکردبێتەوە ! ئەوە نەک هەر پێویستە دەقە ئەدەبیە داهێنراوەکان و نووسینە جۆراوجۆرەکان ڕەخنە بەسەریان بکاتەوە، بەڵکوو هەتا نووسینە ڕەخنەیی و کتێبە ڕەخنەییەکانیش پێویستیان بەوە هەیە، کە ڕەخنە بیانگرێتەوە، چۆن بەڕای من ڕەخنەی زانستی و ئەدەبی بۆ نێوەندی ڕۆشنبیری هەر میللەتێک وەک دڵی زیندوو و گەرمی پڕ چالاکی ئەو نێوەندەیە، بەداخەوە ..ئێمە لە پاڵ نەبوونی بەرنامەی شیاو بۆ وەرگێڕانی دەقە زیندوو و پڕ داهێنانەکانمان، ئەوا ڕەخنەیەکی گشتگیر و بەرز و فراوان و سنوور بەزێنیشامان وەکوو پێویست نیيە!
گرنگی ڕەخنە ..
ئێستا ڕای هەندێ لە نووسەرو ڕەخنەگران لەبارەی ڕەخنەوە دەگوێزمەوە ئێرە.. تەها حوسێن دەڵێ: ڕەخنە زانست و هونەرە پێکەوە، ڕەخنە پێداهەڵگوتن و شکاندنەوە نيیە! ڕەخنە تێگەیشتینی دروستی دەقە. نەجیب مەحفوز دەڵێ : نووسەر پێویستی بەڕەخنەگری ڕاستگۆیە بۆ ئەوەی پێشبکەوێت. هەروەها ئەدۆنیسيش دەڵێ: ڕەخنە زمانێکی نوێ بۆ تێکگەیشتن بەرهەم دێنێت! ڕەخنەگر ئەوە نیيە هەر تەنیا دەق شیبکاتەوە، بەڵکوو کەسێکە کە دیدێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە دەق دێنتە ئاراوە. ڕۆلانبارت دەڵی : ڕەخنە چینە شاردراوەکانی دەق دەدۆزێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە وابکات دەق تەنیا بە یەکجۆر نەخوێندرێتەوە! ت، س ، ئێلیۆت دەڵێ : ڕەخنەگر هاوسۆزە لەگەڵ نووسەر، بەڵام، ئاسانکار نیيە بۆی. وەک دەبینن هەموو ئەو ڕەخنەگر و نووسەرە گەورانە ڕەخنە بەپێویست دەزانن بۆ پێشکەوتنی ئەدەب و بەردەوامی داهێنان. هەر لەم ڕوانگەوە من ئەم کتێبە لێکۆڵێنەوە ڕەخنەییەی نووسەر مامۆستا ( حسێن سۆران ) دەخەمە بەرچاوان، بۆ ئەوەی دواجار گفتوگۆیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە دروست بێت و سەرەتایەک بێت بۆ قۆناغێکی نوێ بۆ ڕەخنەی کوردی ڕەخنە لە ڕەخنە !
مامۆستای ڕەخنەگر کتێبەکەی کردووە بەسێ بەش :
بەشی یەکەم: سەرهەڵدانی زمان وگوتاری سوریالیزم لە تێکستە شیعریيەکانی ئازاد سوبحیدا .
بەشی دووەم: جەوهەری میتافیزیکی…چیژی مەرگ…لە ئیستاتیکای شوێن و زەمەنی ئازاد سوبحیدا.
بەشی سێیەم وکۆتایی: تێکست و گوتاری فەلسەفی …مۆزیکی شیعری…لە وێنە سوریالی و میتافیزیکیيەکانی ئازاد سوبحیدا .
لەم سێ بەشەدا ڕەخنەگر باس لە سوریالیيەت دەکات و لای وایە سوریالیيەت کۆتایی نەهاتووە و شاعیری کۆچکردوو ئازاد سوبحی، وەک شاعیرێکی کورد یەکێکە لە شاعیرە گەورەکانی سوریالیزم لەم سەدەیەدا، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو ئازاد شاعیرێکی کوردی سوریالی ئاست بەرزە، لە ئاست بەرزەکانی سەردەم و هێشتا لە سەر دەستی ئازاد سوبحیدا سوریالیيەت هەر بەردەوامە!
جگە لەمەيش باس لە شاعیریيەتی ئازاد سوبحی دەکات و دەنووسێ نەپێش ئازاد و نەدوای ئازاد هیچ شاعیرێک لە نێوکورد بە ئاستی ئازاد شاعیر نەبووە ! هەر ئەم ڕایەيشە وای لێ دەکات، لە دوای ئازاد چاوی هیچ شاعیرێکی تر لە نێو کورددا نەبینێت !
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ..پەڕەگراف پەڕەگراف هەندێک لە ڕایەکانی برای ڕەخنەگر وەک خۆی بگوێزمەوە، بۆ ئەوەی خوێندەواری خۆشەویست، ئەگەر ئەم کتێبی ( سەد ساڵ سوریالیزم لە مەخلوقاتی ئازاد سوبحیدا) ی نەخوێندۆتەوە، کەمێک لە ڕایەکانی ( حسێن سۆران ) بکەوێتە بەرچاو و لەمەوە هەوڵی پەیداکردن و خوێندنەوەی ئەم لێکۆڵێنەوە ڕەخنەییە بدات و ببینێ و بزانێ کە لە نێو ئەم کتێبەدا چ باسە !
خوێندەواری خۆشەویست .. لە ڕاستی دا من نابێ پەڕەگرف پەڕەگراف ڕایەکانی برای ڕەخنەگر بگوێزمەوە ئێرە ! باشتر بوو ئەگەر بکرابووا .. تەواوی کتێبە ڕەخنەییەکە شیعرەکانی ئازاد سوبحی بخەمە نێو کەوانە، چونکە دڵنیام بە گواستنەوەی پەڕەگراف پەڕەگراف غەدر لە ڕەخنەگرو لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکە دەکەم و لەگەڵ خوێندەواریش ڕاستگۆ نابم !؟ بەڵێ ڕاستگۆ نابم ..چۆن لەت لەتکردنی جەستەیەکی زیندوو و پارچە پارچە نیشاندانی پارچەکان بە خوێندەوار ..هەرگیز نابێتە ئەوەی کە خوێندەوار خۆی تەواوی ڕەخنەکە بخوێنێتەوە؛ بەڵام، من بۆ ئەوەی دووکەڵی ئاگرە کە نیشانی شاعیرەکان بدەم، فیتنەکارانە هێڵی سوور بە ژێر ڕایە ڕوون و زەق و ڕەقەکانی دڵدار عەلی خەلیفەی ( حسێن سۆران ) دا دەکێشم و نیشانەی پرسیار و سەرسووڕمانیان بە دوادا دەکێشم .
سەرەتا دڵدار عەلی خەلیفە کە لە ڕاستیدا حسێن سۆرانە، لە ل٥ی کتێبەکەیدا، بە ڕایەکی (ڕیلکە) دەچێتە نێو بەشەکانی لێکۆڵینەوەکە، کە نووسیویەتی :(هەرگیز شیعر مەنووسە، تەنها ئەوکاتانەی هەست دەکەیت، نەینووسیت گیانت دەردەچێت ! ) نووسەر لە پەنا ئەم ڕایەی ڕیلکە دەیەوێ بە شاعیر بڵێ : شیعر نووسین ڕزگار بوونە لە مەرگ ! لێرەوە ڕەخنەگر شیعر نووسین بە کارێکی زەحمەت و ئەستەم و ترسناک دەزانێ و دەڵێ ..ئەم کارە هی ئەوە نيیە هەرکەس هەڵسا یان دانیشت شیعر بنووسێ ؟!
سوریالیزم لە دیدی حسێن سۆرانەوە ..
حسێن سۆران لە بارەی سوریالیزمەوە دەنووسێ : ( زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە سوریالیزم مردووە، کەچی ئێمە و سەدانی وەکوو ئێمە، سوریالیزم بەو جادووگەرە نەمرە دەزانین، کە لە هەر شتێکی نایابدا، یان نوسراوێک، یان دەقێکی شیعری نەمر،ڕاستەوخۆ بە سوریالیزم پێناسە بکەین، وەک بڵێی سوریالیزم تاقانەی هەموو داهێنان و بەهرەکانە، ئیدی ئەوپەڕی زمانی ئەفسوناویيە لە سەرجەم بوارەکاندا ) ل١١،١٢ وەک دیارە ڕەخنەگر نەک لای وایە کە سوریالیزم نەمردووە، بەڵکوو لەناو هەر داهێنانێکدا زمانی ئەفسوناوی سوریالیزم دەبینێ. ڕەخنەگر بەردەوام دەبێت و لە بارەی سوریالیزمەوە دەنووسێ: ( سوریالیزم تا ئێستا لە جیهانی ئێمەدا ئامادەگی هەمیشەیی خۆی هەیە، لەناوماندایە و ناتوانین دەستبەرداری بین! وەک ئەوەی چارەنووسی هەموو هونەر و نوسراوەکان، بەم شوناسە هونەری و ئەدەبیەوە پەیوەستبێ ! ) ل١٢ مامۆستای ڕەخنەگر لەبەردەوامی نووسینەکەی دێتە سەر سوریالیزمی ڕەحمەتی ئازاد سوبحی، لێرەوە بەردەوام باس لە شیعرە سوریالیزميیەکانی ئازاد و سوریالیزمی شیعری ئازاد سوبحی دەخاتە بەرچاو.
شیعری سوریالیزمی ئازاد سوبحی لە دیدی حسێن سۆرانەوە ..
ڕەخنەگر حسێن سۆران هەر لە لاپەڕەی یەکەمی لێکۆڵێنەوەکە ئاوا دەست پێدەکات : ( لە بەرە بەیانی سەد ساڵەی ڕۆشنبیری و شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا، ئێمە لە بەردەم شوێنەوارێکی گەورەی شیعر ڕادەوەستین و هەڵوێستەیەک دەکەین ..ڕاگوزەر بە نێو زمان و ئەندێشەی ئەدەبی دنیای خۆمان دەپشکنین و نیگا دەکەین ..تا ئەو شوێنەی سوریالیزم و میتافیزیکی شیعری ئازاد دەمانبات و شوناسی ئەو شاعیرە بە خوێنەری کورد و غەیرە کورد دەناسێنین ، ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم سەدەیەکی نوێی شیعری سوریالیستی و میتافیزیکی کوردی تازەداین، فۆڕمێکی نامۆ بە دنیایی خەیاڵ و زمان و ئەدەبیاتی کورد ..کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نیيە!) ل٩ وەک دەبینن ئەو بەڕێزە سەرەتای سەد ساڵی دەستپێکردنی شیعری سوریالیزمی کوردی لە شیعرەکانی ئازاد سوبحی دا دەبینێ، مامۆستا هەر بەوە ناوەستێ کە بڵێ سوریالیزمی سەد ساڵی داهاتووی کورد لە شیعرەکانی ئازادەوە دەست پێدەکات، بەڵکوو دەنووسێ: ( سوریالیزمی ئازاد تەنانەت لە سوریالیزمی دنیا جیاوازترە !) ل٢٨ مامۆستا ئازاد سوبحی و شیعر و سوریالیزمەکەی بۆ برای ڕەخنەگر چەق و نێوەندو کرۆکی تەواوی کتێبە ڕەخنەییەکەیەتی، تا دەگاتە ئەوەی بڵێ 🙁 لەم بوارەشدا ئازاد باشترین سوریالیزمی سوریالیزمەکانە .) ل٢٩ ئازاد لای ڕەخنەگر هەر دەستپێکەری سەد ساڵەی سوریالیزمی کوردی نیيە، بەڵکوو باشترینی سوریالیزمی هەموو سوریالیزمەکانە !؟ ئازاد بەشێکی گرنگی وەس وەسکانی لە سیستمێکی شیعری ڕێکخراوی دژە لۆژیک و ناڕێکخراو بوونی هەیە، بە دەیان ڕستەی وێنەی سوریالی بۆ جیهانی تازەگەری ڕەخساندووە.) ل٣٨ ئەوەتە دواجار ڕەخنەگر ئازادی شاعیر هەر لە سنووری داهێنانی سەد ساڵەی سوریالیزمی کوردی ناهێڵیتەوە، بەڵکوو لە وێنەی تازەی سوریالیزمیدا وێنە بۆ جیهانی سوریالیزمی دەخاتە بەردەست ! ڕەخنەگر بەردەوام دەبێت لە دەرخستینی جیاوازیيەکانی سوریالیزمی ئازاد لەگەڵ سوریالیزمی جیهانی، دەنووسێ 🙁 ئەوەی سوریالیزمی ئازاد لە شیعری سوریالیستی جیهانی دەرەوەی ئێمە جیادەکاتەوە، ئەو بێدەنگی و ئاراميیە مەزنەیە کە ئەم زاتە دروستی کردووە.)ل٤٢ ڕەخنەگر ئەوەندە سەرسامە بە شیعرەکانی ئازاد کە دەگاتە ئەوەی بڵێ:( لەو باوەڕەدام ئازاد هەرگیز ئەم شیعرانەی بۆ کورد نەنووسیبێت.) ل٥٢ چونکە لای وایە،( ئازاد کەسێکە هەمیشە لە ڕێگەی شیعرەوە بیری نوێ بەرهەم دێنیت و بە ئاماژەی سادە شیعر بۆ ئێمە بەیان دەکات .) ل٦٦ دواشت کە لە نووسینی ئەم ڕەخنەگرە وەریبگرم لە باسی شیعری ئازاد سوبحی دا ئەوەیە کە دەنووسێ ئازاد لای من تاکە شاعیرە کەس نەیتوانیوە زمانی بدزێت !) ل١٦ یان ئەوتا دەڵێت بەبڕوای من هیچ کەس لە دنیایی شیعری کوردیدا، کەس وەکوو ئازاد فەلسەفەی تێکەڵ بە شیعر نەکردووە، بەڵام، لە ڕێگەی دەسکاری کردن و ڕەخنەکردنی تەواوی دەستەواژە و چەمکە فیکریيەکاندا خۆی دەبینێتەوە .) ل٨٣
حسێن سۆرانی ڕەخنەگر لە تەواوی لێکۆێنەوەکەیدا زۆر بە پشوو درێژی ماندوو نابێت لە پەسنکردنی ئازاد و شیعری ئازاد و سوریالیمی شیعری ئازاد سوبحیدا.
شیعرو شاعیرانی کورد لە دیدی حسێن سۆرانەوە ..
مامۆستای ڕەخنەگر لەگەڵ ئەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەبارەی شیعری ئازاد سوبحیيە، بەڵام، هەر ناوە ناوە لا بەلای شاعیرانی کورد دەکاتەوە و دەنووسێ ئەگەر بەڵایەکی دیکەيشدا سەیری شیعری داماو و بەستەزمانی کوردی بکەین ئەوا ماڵ وێرانیيە..یان ئەوەتا گەمژانە یاری بە زمان و مەتەڵ و حیکایەت دەکات، یان سەرتاپا وڕێنەی یادەوەری کەساسی خۆیمان پێشکەش دەکات، یان خەریکی مەکر و درۆیە بۆ جنسی ئافرەت ..ئەم بابەتەيش هەرگیز ناچنە چوار چێوەی شیعريیەوە، چونکە شیعر یاسا و ڕێسا و سیستەم و بیری خۆی هەیە، جگە لە خەسڵەتەکانی تر..لە سەرووی هەموو ئەمانەيش مێژووی هەموو نەتەوەی کورد نەیتوانیوە بیرمەندێ بەرهەم بێنیت بە ئێستايشەوە !کە ئەمەیان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی بوون بە شاعیر..)ل٢٠،٢١ برای ڕەخنەگر ڕایەکانی زۆر ڕوونە سەبارەت بە شیعرو شاعیرانی کورد، ئەوەتە دەنووسێ هەرگیز برواناکەیت لە ژیاندا نەفام و نەزانی وەکوو شاعیری کوردی ئێستا هەبێت لەم بوارە !) ل٢١ حسێن سۆرانی ڕەخنەگر لە ڕەخنەکانی خۆی لە شیعر و شاعیرانی کورد .. زۆر توند و گشتگیرە، کە دەنووسێ ڕووی لە هەمووانە 🙁 ئەوەی لە شیعری کوردی ئێستا هەیە، جگە لە نەزانی و گەمژەیی هیچی تر نیيە ! نەفامییە پێت وابێت یاریکردن بە وشە یان زمان داهێنانی شیعريیە، ئەوە تەنها شیعری شاعیرە نەفامەکانی ئێستای کوردن خەریکی ئەم یاريیە قێزەونەن.)ل٨٥ برای ڕەخنەگر لێرە ئەوە دەسنیشان دەکات کە لە شیعر و شاعیرانی کورد بەدڵی نیيە ! – یاریکردن بە وشەو زمان ؟!– بەڵام، ئەرێ شاعیرانی کورد هەموویان ئاوان ؟! مامۆستای ڕەخنەگر هەر کاتێک جوانيیەک لە شیعری مامۆستا ئازاد سوبحی شاعیر باس دەکات، دێتەوە سەر شاعیرانی کورد و شیعرەکانیان دەنووسێ چونکە ئەمڕۆ لە دنیای شیعری کوردی بە ناو نوێ، شیعر بە ئەندازەی ڕیسوایی مرۆڤ ڕیسوا کراوە، بە جۆرێک دەتوانی ئەو گاڵتە جاڕيیە شیعری و ئەدەبيیە ببینیت مەگەر تەنها شاعیر زۆرو بۆرەکانی باشووری کوردستان ئەوەیان کردبێت ، نموونەکانیش زۆرن، دەتوانیت لە ناوەند و کتێبخانەکانەوە بە لۆری شاعیری کوردی باشوور بارکەیت و دنیای پێ ناشیرین کەیت.) ل١٣٢ لە گەرمەی ئەم نەفەس و هەناسە گەرميیەی مامۆستای ڕەخنەگر لە شیعرو شاعیرانی کورد، کە هەمیشە بەکۆ ڕەتیان دەکاتەوە، دواجار لە نێو تەواوی نووسەرانی کورد، تەنیا دوو نووسەری ناوداری کورد پەسند دەکات و دەنووسێ:( دیارە ڕیزم بۆ کەسانێکی کەم هەیە ڕەنگە لەیەک بۆ دوو کەس تێنەپەڕن، کە توانیان دنیای ئێمە جوانتر بکەن، بە تایبەت لە ڕووی ئەدەبەوە، کەسانی وەک مامۆستا شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی لە دیارترینەکانیانن، کە مێژووی ڕۆشنبیری کوردی قەرزاری ئەم دوو زاتەن، ئەگەر بڵێم پێش شیرزاد و بەختیار ڕۆمانی کوردی هەر بوونی نەبووە نابێتە درۆ ! )ل١٤٧،١٤٨ ئەگەر سەرنج بدەین مامۆستا حسێن سۆران بەردەوام لە نێو ئەم لێکۆڵێنەوە ڕەخنەییەدا، جگە لە ئازاد سوبحی شاعیر کە زۆر بە دڵيیەتی، ئەوانی تر تەواوی شاعیر و ڕۆشنبیرانی هەمووی بەلاناوە، بەڵام، لە کۆتاییدا دوو نووسەری ناوداری کورد دێنێتە ڕیزی ئازاد سوبحی شاعیر و ئەوانیش پەسند دەکات، ئەو دوو بەڕێزەيش مامۆستایان ( شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی)ن ! ئەمەيش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنی کە برای ڕەخنەگر لە خوێندنەوەی ئەدەبی کوردیدا گشتگیرە و ئاگاداری نێوەندە ئەدەبیەکەیە، هەر بۆیە پەسندکردن و ڕەتکردنەوەی هەیە، هەرچەندە پەسند و ڕەتکردنەوەوکە زۆر ناهاوسەنگن، بەڵام، ئەمە دید و بۆچوونی خۆیەتی و ڕای خۆی بە هوشیاريیەوە دەردەبڕێ !
ئەنجام :
یەکەم : لە پەنای کتێبی (سەد ساڵی سوریالیزم لە مەخلوقاتی شیعری ئازاد سوبحیدا ) دەردەکەوێ کە ڕەخنەگرو لێکۆڵەر حسێن سۆران ڕەخنەگرێکی نوێ و بەتوانایە و ئاگاداری ڕەخنەی جیهانی سەردەمە .
دووەم : ڕەخنەگر لە دەربڕینی ڕایەکانی خۆی دوو دڵ نیيە و قسە لە ڕووە و دەزانێ چی دەڵێ و چی دەنووسێ .
سێیەم : کە بەردەوام بە گشتگیری قسە دەکات، هۆی ئەوەیە کە ئاگاداری نێوەندە ئەدەبیەکەی کوردە و خوێندنەوەکەيشی گشتگیرە .
چوارەم : کە کتێبە ڕەخنەییەکەی خۆی لە سێ چاپدا بڵاو کردووتەوە، بڕوای بە خۆی هەیەو ئامادەی ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی ڕەخنەییە .
پێنجەم : ڕەخنەگر کە سەد ساڵەی شیعری کوردی لە گۆرانەوە ڕەتدەکاتەوە، دیارە ئاگاداری تەواوی ڕەوتە ئەدەبيیەکەی ئەم سەد ساڵەیە ، بەتایبەت ڕەوتە شیعری و بزووتنەوە شیعری و ڕێباز و جۆری سەرهەڵدانەکانیان .
پێشنیار..
– بەڕێزان لە نووسین و خستنە بەرچاوی ئەم کتێبە ڕەخنەییە، مەبەستی ئێمە ئەوەیە، ئەم لێکۆڵێنەوە گرنگ و ترسناکە هەروا بە بێ دەنگی تێنەپەڕێ، کە تائێستا تێپەریوە، ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێی ڕەخنەوە، ڕەخنەی ڕەخنە لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا .
– نووسەر بۆ خۆی کە ئاوا بە گشتگیری شاعیران ڕەتدەکاتەوە، بۆ خۆی داهێنەرێکی بەتوانایە و بەرهەمی زۆری لە بوارەکانی شیعر و ڕۆمان و لێکۆڵێنەوەی هەمەجۆردا هەیە .
– من کە کتێبە ڕەخنەییەکەی ڕەخنەگری بەڕێز بەگرنگ دەزانم، ئەوە بەو واتایە نیيە، کە من لەگەڵ تەواوی ڕەەخنەکانی ئەوم بەرامبەر بە سەد ساڵەی شیعری کوردیمان تا دەگاتە ئەمڕۆ.
لای من ژیان بە ئەدەبیشەوە ڕەنگاوڕەنگە، ئەمەيش یاسای ژیانە لە هەموو ڕهەندەکانەوە ، ئەدیب و شاعیرانیش ناکرێ هەموویان بەیەک ئاست و بەیەک جۆر و بەیەک ڕێباز بنووسن، وەک ئەوەی ناکرێ هەموو گوڵەکانی وڵاتەکەمان یەک ڕەنگ و یەک بۆن و یەک شێوەیان هەبێت .
– تکا دەکەم و هیوادارم گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی پڕ لە زانست و ئاستی بەرزی ئەدەبی سەرهەڵبدا و دوور بێ لە گیانی یەکتر شکاندن و تۆمارکردنی ڕەخنەیەکی نا ئەدەبی .
– ئەگەر برای ڕەخنەگر لە هەندێ جێگا وشە و ڕستە و دەربڕینی وای بەکارهێناوە بە دڵێ ئێمە نیيە ! ئێمە خۆيشمان شتێک نەنووسین دواجار بەدڵی کەسانی تر نەبێت .
**
لەگەڵ داوای لێبووردنی زۆرەوە، لە( ڕەخنەگرێک ..شەڕ بە هەموو شاعیرەکان دەفرۆشێ ) کە لە گۆڤاری ( نووسەری کورد / ژمارە ٧ ) بڵاو کراوەتەوە چەند جارێک لە جیاتی ( ئازاد سوبحی) نووسراوە ( سوبحی کۆیی ) ئەمە هەڵەی زهنيیە!! ڕاستیيەکە ئازاد سوبحی یە . پیر مەولود

