شاری هەمووان
دڵشاد شەفیق
نووسەر، کەرکووک
……………….
کە باوکی ڕەحمەتیم بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردرین، وەک پێشینان دەڵێن هێشتا چاکە و خراپەی خۆمان نەدەزانی، مامم لەبری پاڵپشتی و سۆز هەموو کارە قورسەکانی نێو ڕەز و باخ و کێڵانی زەوی بە ئێمە دەکرد، بەوەیش نەوەستا زۆر قسە ڕەق و توند و تیژ بوو لەگەڵمان زیاتر دەیویست لە میراتی باوکم کە لە بابامان بۆمان مابووەوە بێبەشمان بکات، ئەگەرچی تا ئەو سەردەمە ئێمە لەو شارۆچکە دابڕاوە گوێمان لەهیچ جۆرە مۆزیکێک نەبووبوو بەڵام دەنگی ئەو گڤە بایەی کە بە نێو درەختەکان دا دەهات و گەڵا زەردەکانی پاییزی بە سەمایەکی جوان دەهێنایە سەر زەوی لە پاڵ دەنگی جۆگەلە ئاوی نێوان ڕەزەکانمان دەمی بردە ئەو جیهانەی کە بێهۆشی دەکرم، تەمەنم شانزە ساڵی تەواو کردبوو لەسێبەری درەختەکان دانیشتبووم تا ڕادەیەک هەستم بە بوونی خۆم دەکرد و خۆم ناسی بوو، کە مامم هەر وەک هەمیشە بەفیزێکەوە بانگی کردم بۆ کێڵگەکە، زۆر ویستم کە تێیبگەیەنم و مافەکانمی پێ بڵێم هیچ ئەنجامی نەبوو تا ئەو ڕادەیەی ناچار بووم لێی بێمە دەست و بەناچاری بێڵەکەم هەڵگرت و دام بەناوشانیدا و هاواری لێ بەرزبووەوە یەکسەر لەسەر دەم کەوت بە زەویدا، زۆر پەشۆکام و بەنێو باخەکان دا هەڵاتم و ملی ڕێگام گرت بەرەو وێستگەی شەمەندەفەری شارۆچکەکە، لەوێ بەخت یاوەرم بوو هەر زوو شەمەندەفەرێک هات و سەرکەوتم، لەو ساتەدا وام دانا ئیتر بۆ هەتا هەتایە ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی باوان و زێدم بوو نەیبینمەوە، دەنگی شەمەندەفەرەکە خەریک بوو مێشکمی ئارام دەکردەوە، لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرەوەم دەکرد هێدی هێدی دوور دەکەوتینەوە و تا جێهێشتنی ئەو کردەی تا گەورەیش بووین بڕوامان وابوو کە عەرشی خودا دەکەوێتە پشتییەوە، بۆیە بەدیقەت و بە پەرۆشەوە سەیری پشت گردەکەم دەکرد، بەڵام چەندین گردی ترمان بەڕێ کرد و هەر عەرشی خودام نەبینی تا گەیشتینە شاری کەرکوک.
کاتێک کە لە وێستگەی شەمەندەفەری کەرکوک دابەزیم زۆر هەستم بە غەریبی و تەنیایی خۆم کرد. سواری گالیسکەیەک بووم تا لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا دابەزیم، ئێوارە لە چایخانەکەی ئەحمەد ئاغا دانیشتبووم چام دەخواردەوە، ئەحمەد ئاغا بە ڕەحمەت بێت ئەوسا خۆی لە ژیاندا مابوو، لێی پرسیم و وتی ؛ کوڕم شێوەت وا پێدەچێت کە خەڵکی ئێرە نەبیت ، وتم بەڵی بۆ کار هاتوومەتە ئێرە، وتی؛ ئەم چەند شەوە بۆ خۆت هەر لە بان ئەو کەرەوێتەیە بخەوە تا بەیانی و ھەتا لە کارێک جێگیر دەبیت، شەو لەوێ خەوتم تا بەیانی گوێم لە دەنگی سەگ و شاوری حەیتە و حەسحەس بوو، ئەوسا چرای شەقامەکان ئەگەر چی کزبوون بەڵام زۆر جوان بوون، چایخانەکەیش هیچ دەرگا و دەڕابەیەکی پێوە نەبوو، پاش چەند ڕۆژێک لە کرێکاری ئێوارەیەکی سارد بەدەم پیاسەوە بە بازاڕی قۆریەدا چوومە خوارەوە ، تا نێزیک عەرەفە چووم، کاتێک لەو چۆڵییە چوومە ناخی خۆم و شارۆچکەکەم بیرکەوتەوە ، لە پڕ کابرایەکم لێ پەیدا بوو هاواری لێم کرد ئەرێ کوڕم تۆ کوڕەکەی خەلیل نیت؟! لە وەڵامدا وتم بەڵێ ، وتی؛ ئێ چی گەیاندتییە ئێرە بۆ چی هاتوویت ؟! نەموێرا ڕاستی بابەتەکە بڵێم وتم بۆ کار هاتووم ، وتی کاری چی؟ وتم کرێکاری دەکەم ، وتی ئەوە بۆ تۆ قورس نییە؟! وتم ناچارم، وتی بەیانی وەرە لە کۆمپانیای نەوت بزانم بە گرێبەست داتنامەزرێنم ، لە خۆشیدا خەریک بوو لە پێستی خۆم بێمە دەرەوە و زۆر سوپاسم کرد، ڕۆژی دواتر لە نەوتی کەرکوک دامەزرام و ژیانێکی نوێم دەست پێکرد. ژیانێک کە هەرگیز لە خەونیشدا نەمبینی بوو.
جگە لە سوودی مادی و پارەی باش، بوونی ئەو ئینگلیزانە بوون کە لە سایەی سیستەمێکی تۆکمە و ڕێک و پێکدا ژیانێکی تریان نیشاندام کە تا ئەمڕۆیش لەو خەوە بە خەبەر نەهاتووم.
پاش هەفتەیەک لە کارکردن و هەستکردن بە خۆشییەکی بێ ئەندازەی قووڵ، ڕۆژێک پیاوێکی ئایینی کە دەم سپی شارەکە بوو، هەمووانی بانگکرد و وتی هەر کەسێک لەگەڵ ئینگلیزەکان کار بکات و پارەی ئەوان بخوات خێزانی لێی حەرامە و چاوی بە بەهەشت ناکەوێت، ئەگەر گەنج بێت خێزانی نەبێت هەرگیز خێر لەو پارەیە نابینێت، بۆیە منیش هەر وەک هەزاران کرێکار و فەرمانبەری شارەکە بەتایبەت لە نەتەوەی کورد بەناچاری و دڵتەنگییەکی زۆرەوە دەستمان لەکار کێشایەوە.
بۆ ڕۆژی دواتر بەخەمێکی قووڵەوە چوومەوە ئەحمەد ئاغا و لە مەیدانی کرێکارەکان بە کەساسییەوە وەستام بۆ کار، هەفتەیەکی تری زۆر قورس و ناخۆشم لەگەڵ ئازارەکانی کرێکاری بەڕێکرد و ڕۆژی هەینی چووم بۆ نوێژ ، پیاوە کارێزماکەی شار پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد؛ برایان ئەمشەو پێغەمبەر ( د.خ) هاتە خەونم و بانگی کردم و فەرمووی؛ ئەو خەڵکە هەژار و بێ دەرامەتن پێیان بڵێ با بچنەوە سەر کارەکانیان، منیش وەک گەنجێک کە تا ئەو کات زۆر گوێڕایەڵ بووم لە خۆشیدا هەر بەڕاکردن چوومەوە سەر کارەکەم و ئەوانیش وەریان گرتمەوە.
چەند ساڵێک دواتر و پاش ئەو ڕووداوە وەک پاشا گوزەرم دەکرد و بووم بە خاوەنی هەموو شتێک و ژیانێکی باش دەژیام تا ڕۆژێک (مستەر گرین) بانگی کردم و هەموو شتێکی لەسەر خەونەکەی پیاوە کارێزماکەی شار بۆ گێڕامەوە و ئیتر لە یاریەکە و هەموو خەونەکانی ناوچەکە گەیشتم.

