فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆکی سووتاندنی ئەفسەر شەعبانزادە موشلو حلمی یلدرم و هاوڕێکانی

بەکر شوانی

ڕۆژهەڵاتناس و وەرگێڕ،

ئەڵمانيا

……………………

مێژوونووس سەدات ئولوگانا لە کتێبی “فیدایی کوردستان موشلو حلمی یلدرم کە لە ڕێی چوونیدا بۆ بەهاناوەچوونی سەید ڕەزا سووتێندرا”دا تابلۆیەکی پڕ لە شانازی و هەمان کات خەمگینی کۆتایی دەیەی سێیەمی سەدەی ڕابردوو دەخاتە بەرچاومان.

ئولوگانا دەنووسێت حلمی یلدرم ئەفسەرێکی پایەبەز بوو لە سوپای عوسمانی و دواتریش سوپای کۆماری تورکدا و هەمان کات ئەندازیاری ئەلەکتریک و ئەلکترۆن بوو. لەبەرئەوەی خوولیای ڕزگاریی گەل و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە سەردا بوو و بۆی دەرکەوت دەوڵەت نیازی بەرامبەر بە کورد خراپە، هەڵهات و ڕووی لە شام کرد. لەوێ پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی خۆییبوونەوە و زیاتر لە بواری کاری ڕاگەیاندن و هۆشیارکردنەوەی گەلدا چالاک بوو.

ساڵی ١٩٣٧ لە قامیشلو گرووپێکی ١٨ کەسی بە سەرۆکایەتیی حلمی یلدرم پێک دێت بەمەبەستی بەڕێکەوتن بەرەو دەرسیم بۆ بەهاناوەچوونی سەید ڕەزای سەرکردەی شۆڕشی دەرسیم. ئەم گرووپە لە کادرە پێشکەوتووەکانی شۆڕشی ئارارات پێک هاتبوو و یەکێک لە بەشداران شێخ عەبدول ڕەحمان پیرانی برای شێخ سەعیدی پیران بوو. بەشی زۆری ئەندامەکانی گرووپ کوردی سوونی بوون و ئەمەش پێچەوانەی پروپاگەندەکانی ئەو سەردەمەی دەوڵەت بوو کە وای پێشان دەدا گوایە ناکۆکی و دوژمنایەتی لە نێوان کوردی سوونی و کوردی عەلەویدا هەیە.

ئەندامانی گرووپ شەوی ٨ی تەمووزی ١٩٣٧ بە چەک و پێداویستیی سەفەرەوە لە نوسێبینەوە پەڕینەوە باکور و دوای ٩ ڕۆژ گەیشتنە گوندی سەلات لە نزیک ناوچەی بسمیلی نێوان ئامەد و دەرسیم. ئەندامانی گرووپ بۆ خۆپاراستن لە چاوی دوژمن، بە ڕۆژ پشوویان دەدا و بە شەو ڕێیان دەکرد.

لەو دەوروبەرە هەندێک گوندی تورکی مەکەدۆنیایی هەبوون کە دەوڵەت لە کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠دا بەمەبەستی بە تورککردنی کوردستان لە جێی کوردە ئاوارەکان نیشتەجێیانی کردبوو. یەکێک لەو تورکانەی مەکەدۆنیا بەناوی باسوخ دەمەوئێوارە لای گوندی سەلات گرووپی فیداییانی کوردستان دەبینێت و یەکسەر خۆی دەگەیەنێتە نزیکترین قەرەقۆڵ و هەواڵ دەدات.

لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی زۆر لە دەرسیم و ئامەد و چەند ناوچەیەکی ترەوە دەگەن و گرووپی فیداییانی کوردستان گەمارۆ دەدەن. ڕۆژ و نیوێک شەڕ بەردەوام دەبێت. ناوچەکە دەشتایییە و وەرزی دروێنە بەسەرچووە. هێزەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی بەزوویی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، ئاگر لە پەرێز و پووشەڵانەکان بەردەدەن و بەو جۆرە حلمی یلدرم و فیداییانی هاوڕێی هەر هەموویان دەسووتێن و دەبن بە خۆڵەمێش.

حلمی یڵدرم لە یەکێک لە بەیاننامەکانیدا ڕوو لە دەوڵەتی تورک دەڵێت: “بۆ پچڕاندنی زنجیری دیلیتان لە پێماندا تا دواین کورد دەجەنگین.”

سەرچاوە: کتێبی ئاماژە بۆ کراو (وێنەی هاوپێچ)

لە کۆمێنتی یەکەمدا کورتە ڤیدیۆیەک بە زمانی تورکی دەربارەی ئەم بابەتە هەیە.