فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خــێــزان و مــنـداڵـی دڵــخــواز

 

محەمەد بەرزی

نووسەر، ئامريکا

……………..

 

منداڵی دڵخواز ئەو منداڵەیە ، کە لە نێوان هەموو منداڵانی خێزانێکدا ، لە لەلایەن دایک و باوکەوە بە ئاشکرا و بە بەردەوامی پشتگیری و ستایشی زیاتری دەکرێت ، لەگەڵ بەکارهێنانی تۆنێکی دەنگی جیاوازی پڕ خۆشەویستی و پێدانی پاداشت و لێپرسراوێتی و سۆزێکی زیاتر ، نەرمتریش لێپرسینەوە و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت . بە گشتیش لەم دۆخەدا دایکان و باوکان پێ بزانن یان نەزانن بە تەواوی لایەنگیری منداڵێکیان دەکەن و ئاوێکی خراپ دەڕێژن . ئاخر کاتێک بە منداڵێک دەوترێت : ( بۆ ناتوانیت وەک براکەت بیت ) لە هەمان کاتدا بە منداڵێکی تریان دەوترێت : ( تۆ تەنها خۆشەویستی منی  ) ، یان ( تۆ زیرەکترین منداڵمی ) و .. هتد ، ڕێک ئەو قسانە خۆی لە خۆیدا نیشانەی لایەنگیرییەکی تەواوە بۆ ئەو تەنها منداڵە ، نائومێدی و ئازار و کاردانەوەی خراپیشە بۆ منداڵەکانی تری ناو خێزانەکە . دیارە ئەو جیاوازییە ئاشکرایە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر هەموو منداڵەکانی تری ناو خێزانەکە دروست دەکات و وەک نەخشی سەر بەرد لە یادەوەرییاندا دەمێنێتەوە ، کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆر بخاێنێت و لە کۆتایی دا ببێتە هۆی ناڕەزایی و ئیرەیی و ئاڵۆزی و تووڕەیی بەرامبەر بە دایک و باوک و برا دڵخوازەکەشیان . پاشان لەوانەشە منداڵانی ئەفرۆزکراویش وەک ڕێگایەک بۆ دەربڕینی بێزاری خۆیان ، یان بۆ ئەوەی سەرنجی دایک و باوک و منداڵە دڵخوازەکەش بۆ لای خۆیاندا ڕابکێشن ، ڕەفتاری شەڕانگێزی و نەگونجاو پیشان بدەن .  لە ئەنجامیشدا سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و تێکدانی پەیوەندی نێوان خوشک و براکان و دروستبوونی ڕق و قین و ململانێ و کیشەی دەروونی و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ وخەمۆکی و کێشەی تەندروستی ، کە ڕەنگە تا تەمەنی گەورەیی بەردەوامی هەبێت  . لە هەمان کاتیشدا دەبێت بە فشار و کێشەش بۆ منداڵە دڵخوازەکەش خۆشی ، تا بتوانێت بەردەوام وێنەی خۆی بپارێزێت و خەباتی زۆریش بکات بە نیازی ئەوەی پەیوەندی تەندروست لەگەڵ خوشک و براکانیدا بە چاکی بمێنێت .  بە کورتی لایەنگیری منداڵێک و پشتگویێ خستنی منداڵێکی تر ، پرسێکی بچووک نییە ، بەڵکو تێکدەرێکی خراپە و خوشک و برا لەیەک دەکات و تۆوی خەم و ئازار و گرژیی دەچێنێ و منداڵان دابەش دەکات و تووشی کێشەی دەروونی و ئازاریان دەکات . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند مەترسییەکی شارراوەی پشتگیری منداڵێک و پشیگویێ خستنی منداڵی تر بکەین ، کە پێویستە دایکان و باوکان لە پێناوی پاراستنی خێزانەکەیاندا ، بە تەواوی خۆیان لەو ڕەفتارانە بە دوور بگرن .

١ – ئەو منداڵەی پشتگویێ دەخرێت هەست بە ناتەواوی دەکات . ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکێ و هەستی بە کەمزاننین . پاشان گومان لە بەهای خۆی دەکات . لەوانەیە لای وابێ کە شایانی خۆشەویستی نییە . ئەم هەستەش ڕەنگە تا تەمەنی گەورەیی بەردەوامی هەبێت .

٢ – لایەنگیری منداڵی دڵخواز سووتەمەنی ڕکابەرییە .  کارێک دەکات منداڵ وەک رکابەر سەیری یەکتری بکەن ، نەک وەک هاوتەمەن و خوشک و برا . لە جیاتی ئەوەی پێکەوە یاری بکەن ، شەڕ بۆ سۆز و سەرنج ڕاکێشان دەکەن . لە جیاتی ئەوەی یەکتری بپارێزن ، کار بۆ شکاندنی شکۆی یەکتر دەکەن . ڕەنگە دایک و باوک هەست بەو کێشانە نەکەن ، نەشزانن ئەو ناکۆکییەی لە نێوان منداڵەکانیاندایە ، هۆکارەکەی تەنها نایەکسانی خۆشەویستیی ئەوانە بۆیان .

٣ – کاتێک منداڵ هەست بە پشتگوێخستن دەکات ، لە ناخەوە گلەیی و ناڕازییان بەرامبەر دایک و باوکیان دەبێت . تەنانەت لە تەمەنی پیریشدا مامەلەی نادادپەروەری دایک و باوکیان لە یاد ناچێت و هەتا ساڵانێکی زۆریش کاریگەرییان لەسەر پەیوەندی و ناهاوسەنگی خێزانی دەمێنێت .

٤ – لایەنگیری لایەک تەنها زیانی بۆ منداڵان نییە ، بەڵکو دەتوانێت لە نێوان دایک و باوکیشدا کێشە دروست بکات . بۆ نمونە ئەگەر باوکێک پشتی کچەکەی بگرێت و دایکیش لە بەرژەوەندی کوڕەکەیدا بێت ، ئەوا ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دەمەقاڵی و گرژی لە ماڵەکەدا .

٥ –  لەوانەیە منداڵی دڵخواز ، خۆی بە زل بزانێت . بە پێچەوانەشەوە منداڵی پشتگویێ خراویش تووشی ئیرەیی بێت . ئەو دوو بارودۆخە خراپانە ڕق و کینەیەکی قوڵ لە خۆدەگرێت ، کە ڕەنگە هەرگیز بە تەواوی ساڕێژ نەبێ و کارێک بکات لە گەورەیشدا خوشک و براکان شیر و تیر لە یەک بسوون و هەرگیز قسە لەگەڵ یەکتر نەکەن . ئەمەش ڕێک دەگەڕێتەوە بۆ لایەنگریی کوێرانەی دایک و باوکیان .

٦ – دوور نییە منداڵی پشتگویێ خراو یاخی بێت ، وەک ئەوەی بڵێ ( سەرنجم بدەن منیش هەم ) . لەوانەیە ڕەفتاری خراپ بکات ، یان شەڕ و درۆ بکات . تەنها بۆ ئەوەی خۆی دەربخات  ، کە لەڕاستییدا خۆدەرخستن و یاخی بوون نییە ، بەڵکو تەنها ئازاری نەبوونی باوەشی گەرم و گوڕی پڕ لە خۆشەویستی دایک و باوکیانە . 

٧ – کاتێک جیاوازی لە ماڵێکدا زاڵ دەبێت ، ڕەنگە خوشک و براکان لە گەوەرە بووندا خۆیان لە یەکتری بە دوور بگرن . لە شین و شادیدا تووشی شەڕ و گرژیی بن و نەوەکانیشیان لە یەک نزیک نەبنەوە .

٨ –  منداڵی دڵخواز هەتا سەر پارێزراو نابێ ، لەوانەیە لە گەورەیی دا کەسێکی گێژ و وێژ و تەمبەڵ بێت ، بەڵام بە هەمان شێوەی پێشووی خۆی وەک زلزانێک بیربکاتەوە . چونکە هەمیشە وەکو کەسێکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە .  ئەمجۆرە کەسانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا تووشی ئاستەنگ و ماندووبوون و دەردەسەری دەبن ، چونکە کەسێک نابێ وەک دایک و باوکیان نازیان هەڵبگرن .

٩ –  ئەو منداڵە دڵخوازانەی لە ماڵێکدا بەو جۆرە پەروردە دەکرێن ، لەوانەیە کاتێک گەورە دەبن و دەچنە ماڵی خۆیانەوە ، هەمان هەڵەکانی دایک و باوکی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا دووبارە بکەنەوە . کێشەکە لە نەوەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەیەکی تر و بێ چارەسەر دەمێنێتەوە و بۆ نەوەیەکی نوێ بەردەوامی دەبێ .

١٠ –  پەتای جیاوازیکردن سووتەمەنی ڕکابەرییە ، کارێک دەکات منداڵ وەک ڕکابەر نەک وەک هاوتەمەن یەکتری ببینن . لە جیاتی ئەوەی پێکەوە یاری بکەن ، شەڕ بۆ سەرنجدان دەکەن ، لە بری ئەوەی یەکتری بپارێزن ، شکۆی یەکتری دەشکێنن . لە وانەشە دایک و باوک هەست بەوە نەکەن ، کە سووتەمەنی شەڕی منداڵەکانیان هەستی نایەکسانی خۆشەویستی ئەوانە .

١١ – کاتێک منداڵان بە ئاشکرا هەستی جیاوازی خۆیان دەردەبڕن ، کە یەکێک لە خوشک و براکانیان زیاتر گرنگیان پیێ دەدرێت ، پێویستە دایک و باوک بە وردی لێکۆڵینەوە و پرسیار لە منداڵەکانیان بکەن بۆچی بەوجۆرە بیردەکەنەوە ، تا بزانن ڕاستی لە قسەکانیاندا هەیە .

١٢ – خوای گەورە و میهرەبان و دادپەروەر ، هەموو منداڵانی بە یەکسانی خۆشدەوێت . کاتێک دایک و باوک لایەنگر و پشتگیری تەنها منداڵێکیان دەکەن ، وێنەی پاک و بێگەردی یەزدانی مەزن بە ئاشکرا دەشێوێنن . ئەمەش کارێک دەکات وێنەی خوای گەورە لای منداڵان بشێوێنن و گومان لە دادپەروەی و میهرەبانی و خۆشەویستییەکەی بکەن .

لە دواجاردا زۆر پێویستە دایکان و باوکان ئاگاداری ئەو ڕاستییە بن ، خۆشەویستی شتێک نییە تەنها لە منداڵێکدا کۆبکرێتەوە ، پێویستە هەموو منداڵەکانیان بە یەکسانی خۆشبوێت . چونکە ئەو خوشک و برایانەی هەست بە خۆشەویستییەکی یەکسان دەکەن ، پشتگیرییان بۆ یەکتری زیاترە و پەیوەندییەکی بەهێز دەپارێزن . لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا هاوکاری یەکتری دەکەن . بێگومان ( جیاوازیکردنیش ) پرسێکی ئاسایی و سادە نییە ، بەڵکو تێکدەرێکی بێدەنگە . تەنها کەسێک ئازار نادات ، بەڵکو هەموو خێزانەکە ژەهراوی دەکات . خوشک و برا لە یەک دەکات . ئازاری منداڵان دەدات .  هەربۆیە کاتێک بە پەرۆشەوە کچەکەت لە باوەش دەگریت ، کوڕەکەشت لە باوەش بگرە . کاتێک ستایشی منداڵێک دەکەیت ،  هۆکاری ستایشەکەشی ئاشکرا بکە . کاتێک لێپرسینەوە دەکەیت ، دادپەروەرانە بیکە ، چونکە یەکسانی لە لێپرسینەوەدا متمانە دروستدەکات . خۆشحاڵیش بن بە سەرکەوتنەکانی یەک بە یەکی منداڵەکانتان ، گەورەبن یان بچووک .  ماڵێکیش بنیات بنێن گلەیی و گازندەی تیانەبێ و خۆشەویستی هەمووتان بگرێتە باوەش .. لە بیریشتان بێت خۆشەویستی کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە و لایەنگیریی و جیاوازی ناڕەواش برینێکە ، کە هەرگیزا و هەرگیز ئازار و سویێ و چاکبوونەوەی بۆ نییە . دەبا یەکسانی دروشمی هەموو خێزانێک بی .                  

*****    

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .