فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســـت

شوان تۆفیق
شاعیر، ڕاپەڕین

………………..

جانتاکەم لەبەر باراندا جێ دەهێڵم و
بەدوای ئەدرەسێکی کۆنی تۆدا دەگەڕێم.
دێم و وەکوو پیاوێکی ڕاکردوو لە بەرەکانی جەنگ،
لەناو دڵی تۆدا دەمێنمەوە،
دڵی تۆ ڕەنگە چەتری پارێزگاری بێت
لە ئاشووب..

لەبەر دەمی نیگا گەرمەکانی تۆدا
دەستە ساردەکانم گەرم دەکەمەوە،
پەنجەم لە سێبەری تۆ بترازێ،
تەنیا دەبم، وەک: ئەستێرەی سەرمابردووی پەنای لقی درەختەکان..
غەمگین دەبم، وەک: پەرەسێلکەی
ژێر سەقفی ماڵێکی رووخاو..
پڕ ئازار دەبم، وەک: پشیلەی لاق شکاوی پەنای تەنەکەی خۆڵەکان..

نازانم کەی بوو مانگ گیرا!
من لەناو شەوێکی خۆڵەمێشییدا،
بیرم لە رەنگی چاوەکانی تۆ دەکردەوە،
ئەو ڕۆژەی بەفر باری، من بیرم
لە دەمارەکانی ژێر پێستی تۆ دەکردەوە،
نازانم کەی بوو ڕەشەبا هەڵی کرد،
بەڵام، ئەوەم لەبیرە، ئێوارە بوو، پێویستم بەوە بوو، بتبینم و
بێ سڵاوکردن چاوەکانت دابخەیت و
بەسۆزەوە سێبەرەکەم لە ئامێز بگری.

من دەمرم و
لە دارستانەکاندا هێشتا باڵندەیەک دەمێنێت
کە نەمانتوانی پێکەوە گوێ بۆ دەنگی بگرین،
لە ئاسماندا کەوکەبێکی غەمگین دەمێنێت،
کە نەکرا بەبێ دەنگییەوە بۆساتێک
لێی بروانین،
لەناو شێدارترین ڕۆژی زستاندا پەڵەهەورێک هەبوو،
بێرەدا تێپەڕی و
سێبەری لێ نەکردین،
لەناو دڵی پایزێکی درەنگدا، دووکوپ قاوەی گەرم مابوون بڕژێنە ناو خوێنمانەوە..
دڵتەنگییەک مابوو، لەسەر کورسی دواوەی پاسەکانی شاردا
بۆ یەکترییمان نەگێڕایەوە..
لە شەقامێکی جەنجاڵدا، کزەبایەکی فێنک مابوو، بەنێوانماندا تێنەپەڕی..

چونکە لە شیعرێکدا بۆت گریابووم،
وەرزی بەهار هات، بە هەزاران باوەشی گوڵەوە،
دڵخۆشی نەکردم..
چونکە لە ڕۆژێکی ساردی زستان بیرم کردبووی،
هاوین بێرەدا تێپەڕی و من هێشتا
دەستەکانم سەرمایان بوو..

مادام ئەمڕۆ پیاوی ناو
حیکایەتەکانی تۆم،
بەر لە کوژانەوەی گڵۆپی سەر دیوارەکان، نامەیەکی دوورودرێژم لەبارەی خۆتەوە بۆ بنووسە!
جارجار لە نزیکی هێلانەی پاسارییەکانەوە، بوەستە و
ناوم بێنە،
من لەو دیووی شوورابەرزەکانەوە،
بە دووچاوی داخراوەوە، دەنگت دەناسمەوە،
سولەیمان نییم، بەڵام پاییزان لە دەنگی هەموو باڵندەیەکدا، هەست بەبوونت دەکەم.

بۆ ئەوەی بەیانی نەختێک بۆنی ژیانم لێبێت،
شەوباشێک لەنزیکی پەنجەرەکان
جێبهێڵە!
بۆ ئەوەی لەژێر پێی گەڵازەردەکانی
پاییزیدا جارێکی تر وردنەبم،
بەیادی چاوەکانی منەوە، چرایەک لەبەر دەمی دڵتەنگییدا دابگیرسێنە!
چەپکێک گوڵی سوور، لەبەر دەرگەی خەونەکانمان جێ بهێڵە!

لەو دیووی ماڵەکەی منەوە،
با شەوێک پیاوێکی بریندار، نامەیەکی
شینی تۆ، “وەکوو ڕەنگی دەریا”
بۆ کاتژمێری نووستووی سەر دیواری ژوورەکەی
بخوێنێتەوە،
بۆ سڕینەوەی ئەو هەموو بێ حوورمەتییەی
بەشکۆی ئەوین دەکرێت،
بەلایەنی کەمەوە،
کارێک بکە!
لەبەر من، نا..
لەبەر خۆت،
بۆ بەرگری کردن لە جوانییت،
بۆ ئەوەی لە بیری دونیا نەچیتەوە،
مەهێڵە “پیاوێکی سارد” لە چاوەڕوانی باوەشێکی
گەرمی تۆدا،
هەموو ڕۆژێک، مەرگی خۆی بنووسێتەوە!
مەهێڵە!