فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆ دار

سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە
……………..

ئەی هەر نەفەسم دێت و دەچێ دەینە لە ئەستۆم
ئەی ژێلەرەکانم هەموو دۆعایە لە بۆ تۆم
ئۆکسیجنەکەت سینەم ئەکا چەندە فراوان
دڵتەنگ ئەبم ئەو کاتە نەفەس نابێ لە تۆ بۆم
خۆزگەم کە پەل و پۆت نەکەوێ قەت لە گەشە و ناز
خۆزگا کە ڕەگت وەک هەبێ دایم لە بنی گۆم
پەلکت وەشەکێ پڕ لە شەوق یەک کزە گەر هات
خۆزگا بە چ با هەر نەبێ بەژنی پتەوت کۆم
جوانی لە چیا کەی هەیە وەک ئەو دەمە تۆی لێی
چەن ڕوونە لە ناو پەلک و پەلوپۆتەوە ئاسۆم
پاییزت ئەڵێی خۆمم ئەڕووتێمەوە ئەی دار
تا وەرزی چرۆت چەرخی ژیان چەن شل ئەئاژۆم
دەستێ کە دەنێ ئاگری بێ میهریی بە تۆوە
دەستی لە بەزە و مێهری لە گەڵ شەرتە کە داشۆم
تا تۆی هەیە داوێنی دەڵێی جەننەتە زاگڕۆس
وەک تۆی لە گەڵا شەرتە وەمێنم دەمێ ناڕۆم
دەستی من و بەژنی شلەک و پەرچەمی پەلکت
ئاڵا هەیە لەو دیمەنە ڕازاوەتر ئاخۆم؟!
سۆران بە لقی تۆوەیە دەستی وەکوو گۆچان
هاتوومە بەر ئەو سێبەرەت و شێعرێکە کادۆم
وەک خۆمت ئەبێ هەڵنەگرم چاو لە سەر ئەی دار!
دەینت بە ملم، دەستم ئەدەم بۆتی لە ئەستۆم