فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەیهات لە چاوت

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان

……………….

هەیهاتە کە چیم دیوە له دەستی قەد و چاوت
وەک قومری دەناڵێ دڵەکەم شێته لە تاوت

ئەی ڕازی ئەوین ئایەتی ئەسراری خودایی
ئۆقرەی لە دڵم سەندووه پڕشەنگی هەتاوت

یەک غەمزە لە تۆ سەد شەرەری خستەوە گیانم
وەک بەندی قەفەس بەندی دڵم بەندە بە داوت

مەغرووری لە ئاستی من و شایانە کە وابی
چەن جار به گمەی شێعرەوه هاتوومه سڵاوت

سەودایە لە گەڵ تۆیە ئەگەر هاتوو سەری گرت
تۆ تاجی سەری من بە منیش دەبمە کڵاوت

با ماچی نەکا خۆر بە دزی کوڵمی گەشی تۆ
من دەبمە چەتر بۆ گوڵی ڕووت و قژی خاوت

تۆ کانی حەز و تاسە بی بۆ شاعیری ماندوو
ڕێبواری لەدووت وێڵە که تینوویە بە ئاوت