فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەبێدەنگی خۆشمدەوێی

سەلما تۆما کاکۆ
شاعیر، ئەڵمانیا

………………

دەڕژێمە چاوەکانتەوە
بەبێدەنگی خۆشمدەوێی
هەموو شەوێ
لەنێو ناخی شەوانی بێ ئەستێرەمدا
دەتوێمەوە
چاوەڕوانی کۆتم دەکا و
لەنێو ناخی دڵما دەڕوێ
نەرم نەرم
وەردی سیا خەمی ئازار و..
تەئریخی ئومێد دەکێڵێ!
دێ لە گۆڤەندی ئەستێران
سەما دەکا و..
چاوشارکێ لەگەڵ شەونمی
تەمی سەرلەپی پەنجەرەی
بوونم دەکا
***
ئازیزی من
لە شەوانی تەنیاییمدا
هانا بۆ نیشتمانی تۆ دەبەم
ئەفسووس
تۆیش وەک مەلی تەریوو
تائەبەد بۆم ماڵی نابی!؟
نازانم بۆچی لە ناخی
ژوانی جێژوانی ئەوینم
حاڵی نابی!؟
***
ئازیزەکەم
ئەمشەو دێمەوە
نێو مێزی مرواری چاوەکانی تۆ
باران ئاسا
بەسەر تەوێڵتا دادەکەم
وەک شۆڕەبی
بەسەر لقی درەختی بڵندی باڵات دەشنێمەوە
لەگەڵ گزنگی تاسەتا
لەنێو بۆنی هەناسەتا
وەك ئەو کەسەی
بێ مەی ، مەست و
سەرخۆش دەبێ!
مەست مەست دەبم !
لەنیگاتا
لە هەواری ئاگرینی لێوەکانتا
ڕەشماڵی خەندە هەڵدەدەم
لەدیدارتا دڵخۆش دەبم !
***
ئەمشەو دێم و…
ئەنگوستە مۆمی شەوانم
لەسەمای ئەستێرەی ئاسۆی
ڕەوە شیعرێکی یاخیدا دەسووتێنم
یاخییەک کە زۆر لەمێژە
وەک شەمی شەو
بۆم دەسووتێ و بۆی دەسووتێم !
عەجەب گەلۆ …
یاخی
لەهەولێرێ قەڵاو
لە کەرکووك گڕ
لەسلێمانی ڕەشەبایە
ئەو بەبێدەنگیی دەسووتێ و
وەك برووسك
بڵێسەی لە سینەمدایە!!
***
ئازیزەکەم
ئەتۆ ..وانەی یاخیبوون و ..
من دەرسی ئەوینم دادای
لەشەوانی تەنیاییتا
دەبوومە شەوچەرەی شەوت و
شەمئاسابۆت دادەگیرسام
دەدەی ئێستا ..ڕێگام بدە
ئەمشەو بێم و …
بەسەر دیواری دڵتەوە
تابلۆی زەردەخەنەو گریان هەڵبواسم
خەندە بۆ تەڵقینی مەرگ و
گریان بۆ گۆچانی ژیان!!
ئەمشەو دێم و تابلۆی،
عەشق و ئەوینی تۆ
لەپێشانگایەکی یاساغ هەڵدەواسم
لەوێ دەبمە خەندە لێوی
ئەو تابلۆیەی من و تۆ دەخوێنێتەوە
دێم و دەبمە فرمێسکی شەو
هێور هێور لەنێو دڵی،..
خەندەیەکتا دەتوێمەوە
دەچمە لێوی موناجاتی زەردەخەنەو
و خەڵوەتی خەواڵووی گریان !
گریان دەڵێ :
گەلۆ …شیعرێکم نووسیووە!
وەرن ..بیکەینە سروودی،..
ژانی ژوان و..
مارشی دابڕانی ئەوین و خۆشەویستی !
خەندەش دەڵێ:
من دێم ، لەگەڵ شنەی شەماڵ
پەنجەرەی نێوماڵ و
ژووری کتێبخانەتان
دەکەمەوەو…
زەردەخەنە بە ماڵتانا دەبەشمەوە و
دەرگای گریان خڕ دادەخەم
دێم و فەرشی سووری عیشق و
خەندە و خولیای خۆشەویستی
لە نێو دڵتانا ڕادەخەم
***