کازیوە ھەولێری
ھەولێر
……………….
کە مردم
ئەوسا دەزانی،
دابڕان چەن سەختە
ئەو ڕۆژەی
ئاوارە بووم و دابڕام
چۆن داڕووخام !
لەو ڕۆژەوە
خەندەکانم
لە باوەشی پاییز خەواند .
تۆ نازانی
مینا ژیلەمۆی ئاگرێ
چۆن هەڵوەدام
ھورد و خاش بووم
پارچەکانم و گڕی پاییز
ڕێڕەوی ڕێبوارانی برژاند .
من و باران و شەقامێ
ئاوێزانی مەرگی هەتاو ….
هەناسەیەکی خنکاو
بورکانی شەوەکانم بوو
ئەو شەوانەی
مانگ لێم یاخی
دڵ هەتاوێکی ڕەش پۆش بوو …
نائومێدی و ژانی ڕۆژگار
لە دەڵامەی ئەندێشەدا،
خەمبارەنە ،
بۆ مردن نا
وەلێ بۆ ڕۆژانێ ، وام بەسەرهات؟
چ تاوانێ لە گەردن بوو
خەڵکی وڵاتی بێ پشت !
ساڵانێکی دوور و دڕێژ
پەتی سێدارەی تەوقی ئازادی
داستانێکی بێ سەرەئەنجام !
خودایە چیم لێ بەسەرهات؟
کوا پارچەکانم ھان لە کوێ؟
ئەشقی بەگوڕی ڕابردوو؟
کوا خاکی من ؟
ساڵانێ بوو لە لێواری دەریا گەڕام
مژووڵی کۆکرنەوەی پارچە شکاوەکانم بووم
من و لم و وردە پارچەی ئەستێرەی نەزۆک
لە ئاقارێکی نامۆدا هەراسان ماین.
سەرابی تەمەن بەبا چوو ….
ئەسپی خەیاڵ،
کەوتە دوورگەی تەنیایی و
بە ڕۆخی هەتاو نە گەیشت !!

