ئەرسەلان ئالانی
شاعیر، سۆران
…………….
بە شەقامی بیرەوەری مندا وەرە
بە کۆڵانی دڵی مندا وەرە ژوورێ
ماڵی ئەندێشەکانی من
ژمارە (١)ی سەرەو خوارە
لە دەرگای ڕۆحی من بدە
وەرە حەوشەی هەستەکانم
لەسێبەری تاڵە موویەکی سپی
بم دۆزەوە
لەسەر فەرشی گەڵایەکی زەرد هەڵگەڕاو
وەک ڕەنگی خۆم
ڕاکشاوم
هەندێجاریش
بۆ بەهێز بوونی ماسولکە بێهێزەکانم
خۆم بە تەنافی سەربانی
مەراقەکان هەڵدەواسم
بەدەنگی مۆسیقای پێنووس
بە خشپەی کاغەزی شیعرم
بمناسەوە
لە سێدارەی سینەو باڵت لەخاچمدە
بە ئاوی بارانی چاوت ، بمشۆرەوە
عەتری ئاوازێکی حەزین
بەسەر سەرمدا بڕێژە
لەبەرۆکی جێ نیشتنەوەی کۆتری ڕۆحم
بە پرچی لوولت کفنم کە و، زوو بمنێژە.
٢٠٢٥/١١/٢٦ 12:40 am

