فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێدەنگیی

نوری بێخاڵی
نووسەر، ھەولێر

……………..

لە ناو گوڵستانی قساندا،
بێدەنگیی، وەک شەونمە،
لەسەر پەڕی گوڵی وشەکان دەنیشێ و
دوای چاوەڕوانی،
دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە دڵیانەوە
ئەو دڵانەی،
دەرگاکانیان بە ڕووی هەراوهۆریا داخستووە

کاتێک زمان لە دەم دەمرێ،
دڵ بە زمانی نهێنی دێتە قسە
زمانێک لە ئاگری بێ‌ دووکەڵ
زمانێک کە بە خوێنی ئەستێرەکان نووسراوە و
بێدەنگیی دەبێ بە پردێک
پردێکی ئاودامان لە تاریکیی شەو
کە لەنێوان ئاسمان و زەویدا،
بە تەلەکانی حەسرەتەوە هەڵواسراو

لە چۆڵەوانیی بێ هاواری ڕۆژەکاندا
لەو بیابانەی،
کە دەنگ تێیدا وەک کاروانێک ون دەبێ
بێدەنگیی وەک داربەڕووێکی کۆن
داربەڕوویەک کە سەدان ساڵە،
ڕەگ لە قووڵایی زەوی دادەکوتێ
لە دەمی بێدەنگییدا،
لەو شەوانەی وشەکان پێکەوە دەمرن
هەموو هاوارێک ئاوازێکی شکاوە
ئاوازێک لەسەر تەمبوورێکی بێ‌ خاوەن،
لە گۆڕستانی دەنگەکاندا

کۆترەکانی قسە،
لە ئاسمانی بێدەنگییدا،
وەک ستێرەکانی شەو دەمرن
یەک بە یەک دەکەونە ناو دەریایەکی سپی و
بێدەنگیی، وەک بیرۆکەیەکی نەگوتراو،
لە کتێبێکی داخراودا دەمێنێتەوە
کتێبێک،
کە پەڕەکانی لە پەروانەی ڕۆژگار دروست کراون

لە نێوان وشە و وشەدا
بێدەنگیی دەبێتە پرد
پردێکی نەبینراو،
کە تێیدا ڕووحەکان،
یاریی چاوشارکێ دەکەن و
لە کونجی هەر بێدەنگییەکدا،
کۆمەڵە خەونێک لە خەو کەوتوون

ئەی بێدەنگیی
تۆ مێژووی نەگوتراوی شاعیران
تۆ دایکی هەموو ستایشێک
تۆ گۆڕی هەموو هەناسەیەک
تۆ زمانی خودایی و
نوێژی ئەوانەی لە قووڵاییدا دەژین
تۆ دەریایەکی بێ‌ کەناری
دەریایەک کە شەپۆلەکانی،
بێ دەنگ هەڵدەچن و دەنیشنەوە و
لە ناویدا،
هەموو وشەیەک دەبێتە کەف
هەموو هاوارێک دەبێتە نوێژ
هەموو دەنگێک،
بۆ سەرچاوەی ڕووناکی دەگەڕێتەوە

لەو شەوانەی قسە دەمرێ
بێدەنگیی وەک شاژنێک،
لەسەر تەختی تاریکایی دادەنیشێ و
بۆ ئەوانەی لە ڕێگای دوورەوە،
بە شوێن واتادا دەگەڕێن،
شەمی ئەستێرەکان لە دەستەکانیدا هەڵدەگرێ

ئەی بێدەنگیی، ئەی خاوەنی شار
تۆ سێبەری ئەوانەی،
لە هاواری ڕۆژگاردا شکستیان هێناوە
تۆ ئاوێنەی ئەوانەی،
لە وشەکاندا ون بوون
تۆ باخی ئەوانەی،
لە دڵیاندا باران دەبارێ و
کەس گوێی لە ترپە و تەپەی بارانەکەیان نییە
*****