ئاوات مەلا رسول
شاعیر، ھەولێر
……………….
چ تەنهاییەکی بێزارکەرە
سواری پاس دەبم و لەبەر تەنهایی جێ نییە دانیشم،
دەڵێم: دابەزین هەیە
لەبەر دەنگی تەنهایی، ئاژوان گوێی لێم نییە
حاجییەکی گۆپاڵ بەدەست
گۆپاڵەکەی لە کوشینی ئاژوان دەدا، بەو دەنگەی کۆکەی هەزار دانە جگەرەی پێوەیە، دەڵێ: ڕاوەستێ، ئەو حورمەیە دێتەخوارێ.
دوو خولەک لەبەری شەقامەکە دەوەستم
تەنهایی ڕاناوەستێ بپەڕمەوە،
مل دەنێم و دەڕۆم
تەنهایییەک هۆڕنێکی تیژ لێدەدا و دەڵێ: دەشتە؟
دەڕۆم و دەڕۆم، هەموو شوێنێک تەنهایییە
تەنهایییەک دەنگی پێکەنینی بەرز دەبێتەوە
بە تەنیشتمدا دەڕوا و
شانی بەر شانم دەکەوێ، دەڵێ: ببوورە، نەمدیتی.
لە کۆشکی تەنهایی بەر قەڵا، دەیان تەنهایی ڕیزکراون
ڕۆژنامەی تەنهایی، کتێبی تەنهایی، گۆڤاری تەنهایی…
بەخۆم دەڵێم: خۆ تەنهایی نەخوێندراوم زۆرن.
دەڕۆم، کەچی
بۆنی تەنهایی بانگم دەکا
لە مەچکۆ تەنهایییەکی کاڵ و کەم شەکر دەخۆمەوە.
ئەفەندییەک لەولامەوە پێ لەسەر پێ دانیشتووه و دەڵێ:
ئەو ژنانە هەر چایخانە مابوو داگیریکەن!
چۆڕی کۆتایی تەنهایییەکەم دادەنێمەوە و هەڵدەستم.
لەناو تەڕەفرۆشان، چەند کیلۆیەک تەنهایی تازە و جوان دەکڕم
دەچمەوە گەراج و سواری پاس دەبم
لەسەر یەکێک لە تەنهایییەکان دادەنیشم
جامی پاسەکە دەکەمە شان و سەرمی پێدەکەم
بیر لە تەنهایییەکان دەکەمەوە
چ تەنهایییەکی بێزارکەرە، چ بێدەنگییەکی پڕ ژانەسەرە.
26.11.2025

