فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکستی شیعری

سۆران ناھید
شاعیر، ھەولێر

…………………..

لەم ژیانەدا وەك مەسیح لە ( ✟ ) دراوین
هیچ كەسێ نازانێ زیندووین یا مردوو
گیانمان بەندی قەباڵەی بەرزەخە

نە ئێوارەیەكمان سێبەری دار چنارێك سایەمانە
نە هەنارێكی شەق بردوو بە ڕوومان پێدەكەنێ

زیندەوەرێكی گیرخواردووی نێو كەهرەمانەیەكی دێرینین
مۆزەخانەی دارستان نمایشمان دەكات

گیانمان بەندی بەستەڵەكی گەرمی ژیانەو
هەناسەمان دووكەڵی شەڕی لەمێژینەی هابیل و قابیل

نە مێژوو باسی قارەمانیێتیمان دەكا
نە جوگرافیا پنتێكی خاكمان پێ ڕەوا دەبینێ وەك چاڵێك بۆ قەبر

كەللە سەرمان تۆپی شەقی مناڵە ورتكەی كۆڵانە قوڕینەكانی دوورە دەستی شارە
گوێچكەمان كاسی درۆیینەی بڵندگۆی مێزەر بەسەر و ڕامیارییە خۆفرۆشەكانە

ڕشانەوەی دیرۆكێكی هەرس نەكراوی چارەنووسین
زایەڵەی شەپۆلی بەرزی وڕێنەمان
بەربەستێكە
نایەڵێ
كەشتی چارۆگەی زمانمان
لە كەناری لێومان
لەنگەر بدا

بەرامبەر وێنەیەكی هەڵواسراوی بوكێنی
ڕووخساری تاڵی منداڵە هەتیوێكی بێنازین
لە شینگێڕی دایكیدا

ئێمە بۆ ئەوە هاتووین تا چاڵێك لە كەلۆسی ژیان پڕكەینەوە

ئۆكێسترای مەرگ ئاوازێكی بەرزی گەرەك بوو
ناڵەی ئامێری ژێی قوڕگی ئێمە
ژانی لەدایك بوونی ئەو ئاوازە غەمگینە بوو
تا چەپڵەو فیكەی گوێگرانی بەرزبێتەوە

ڕێبوارێكی غەریبی خەواڵوین
هاكا لە خەوی مردن بەئاگا دێینەوە

ئێوارەیەكی ماندوو و برسییە گەدەی خەیاڵمان
لەتە مانگی برژاوی بەر خۆر دەقرمێنن

هێشتا خۆر باوێشكی نەداوە
كەلی شانمان ئارەقەی خەوی شەوێكی قورسی لێ دەچۆڕێ

مەستیی نێو قاپێك ئارەقی خەیاڵیی تابلۆیەكی سلفادور دالین
شۆخێك بە تێڕامانەوە
بە تیلەی چاو دەمانخواتەوە

ئاوێنەی قۆقزی ڕۆژگار
ڕووخساری هێند بچووك كردینەوە
تەنانەت مێشولەیەكیش هەست بە بوونمان ناكا
لەسەر تەوێڵمان بنیشێتەوە

گەمەو یاری سێبەری پەنجەكانین لەسەر دیواری ژیان
هەر ڕۆژەی دەمانكات بە شێوەی جۆرە ئاژەڵێك
مرۆڤ نەبێت

دەلاقەی بێدەنگی ژیان زۆر بەرزە
لاولاوەی قاچی وشەكانمان ناتوانێ بەو هەورازە هەڵگەڕێ

تەمەن هەموو خۆشییەكانی لێسەندینەوە
بە بناگوێی چرپاندین
ئیتر ئەو منداڵە لاسارە نین
تابلۆیەك بە میز لەسەر خۆڵ بنەخشێنن

كات خولانەوەیەكی تینووە بە دەوری تراویلكەی ژیان
چركە مت بوو و
دەقە ڕۆچوون و
كاتژمێر دەروونشێواوی و
ڕۆژ بێهیوایی و
هەفتە داڕمان و
مانگ هەرەسهێنان و
ساڵ نەخۆشی زگماك و
تەمەن خەندەیەكی درۆزنانەی گەورەیە
مێژووەكەی دەمێكە بەسەرچووە

هیواكانمان
گەرای بۆقێكی نێو قەوزەی گۆمێكی ویشك بووە
ناڵەی سەرە مێكوتەكان
هەورەكان ناگریێنێ

ئەو كاتانەی بە ناو قەرەباڵغی شار ڕەت دەبم
باوەشێك تەنیایی بەرەو پیلمەوە دێ
پێم دەڵێ هاوڕێ من تەنها تۆم هەیەو تۆیش من
وەرە با پێكەوە دووكەلێك دروست كەین لە ساوێر

چاویلكەی ڕاستی و حەقیقەت تەڵخ و
گومانەكان ڕوون
پەنجەی دۆشاومژەی هیوا
زمانی كات شیرین ناكات

دوورگەی هیوا دەمێكە ژێر ئاو كەوتووە
كێوی بێستوون شاهید
ئەوینداران
بە ناكامی سەر دەنێنەوە

زمان بەڵایەكی گەورەیە
بێدەنگی شووم
چون باڵندەیەك نیشانەی شكارە
كاتێ بۆ تەنیاییەكەی دەخوێنێ

پێچكە پەیژەی شكاوی ژیان
باڵای هەنگاوەكانمانی
كووڕ كردووە
بۆ ڕێكردن بەدار شەقە
پشتمانی كردووە بە گۆچان

شەقامە چۆڵەكانی دەرەوەی شاری دڵمان
غەریبی دەنگی تەقەی پێڵاوە دڕاوەكانی ڕێبوارانی خەیاڵمان دەكەن
جەغار
هاوڕێیەتی خاك و پێ
زۆر لە تەوقەی دەست و پەنجەكان ڕاستگۆترن

داری حەوشەی ماڵی تەنییایمان
بە گەڵا بچكۆلانەكانی
هێلانەیەكی چێكردووە
تا خەمە مەلۆتكەكانمان
لەسەر هێلكەی ئازارێك كڕكەوێ
پاش بارانێكی بە لێزمەی یادەوەری
لەگەڵ پێگەیشتنی میوەی خەمۆكی
ئەویش بتروكێنێ

شەونمی سەر پەڕەی گوڵ
فرمێسك و زاری بولبولە
بۆیە شەوانی تەنییایم
بیری
لایەلایەی دەنگی بەسۆزی دایكم دەكەم

كۆلارەی ئاسمانی خەیاڵی بەرزی ئێمە
هەرچەند داوی ئاواتی لەدوو دەدەم
وەك بەختی چۆلەكەكان
قاچی لە وایەری بێهیوایی ژیان گیردەبێ
( حسێن لەتیف )یش ناتوانێ فریایان كەوێ

وەك موسا
تروسكەی ئاگرێكی كزی دوور
تاریكی شەوی بێبەختی چارەنووسم ڕۆشن ناكاتەوە
بۆیە لەو دەشتی بێ ئومێدیەم
ئاڵای خۆبەدەستەوەدان هەڵدەدم

ئاراییشگای زمانمان
تاڵە سپییە پیرە بە تەمەنەكانی ڕاستگۆیی
ڕەشتر دەكەن
تا ئەوەی وشەیەكیش
باوەڕ بە حونجەیەكی تازە لە دایك بوو ناكات

خۆر ڕاستگۆییترین ئایەتی خودایە
بەشی هەمووان ڕووناكی دەبەخشێ بێ جیاوازی
كەچی مانگ
بە دزیەوە هێندێ تاڵی دەشارێتەوە
تا شەو بۆ ماڵی ئەو گوڵانەی بنێرێ مۆمێكیان نییە
تا پەپوولەكان باڵەكانیان بۆ عەشقەكەیان بسوتێنن

دەرگای ژووری دڵی ئێمە
هێند گەرماو سەرمای بێ متمانەیی چەشتووە
ژەنگی بێ ئومێدی گرتووە
هیچ كلیلێكی ئارامی
نایكاتەوە
مەگەر بەو وشە تیژانەی دڵیان كون كردووین
ڕووناكی شیعرێكی هەتیو كەوتوی بێناز
میوانی بێ

پاش بێهیوایی
قولابی تووڕەیی هەڵدەدەم
بەڵكە لە زەریای ڕقدا
وشەی خۆشەویستی ڕاو بكەم !
تا لەسەر سفرەی ئاشتەواییدا
بە یەكسانی
بەشی هەموو جیهانی لێ بدەم