شیعری: پابلۆ نیرۆدا
کوردییەکەی: ئازاد بەرزنجی
شاعیر، سلێمانی
……………………
هێدی هێدی گیان ئەسپێری
ئەگەر بێتو سەفەر نەکەی
گەر بێتو نەخوێنیتەوە
ئەگەر بێتو
گوێ بۆ دەنگ و ئاوازی ژیان شل نەکەی
هێدی هێدی گیان ئەسپێری
ئەگەر بێتو
قەدری خودی خۆت نەزانی
ڕێزێک لە خودی خۆت نەگری
کە نەهێڵی.. ئەوانی دی یارمەتیت بدەن
هێدی هێدی گیان ئەسپێری
ئەگەر ببیتە کۆیلەی خووەکانت
گەر گشت ڕۆژێ
بە هەمان ڕێگەدا بڕۆی
ئەگەر ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆت نەگۆڕی
ئەگەر ڕەنگە لێکجیاوازەکان نەپۆشی
ئەگەر لەگەڵ کەسانی نەناسدا نەدوێی
هێدی هێدی گیان ئەسپێری
ئەگەر ڕۆحت لە جۆش و خرۆش بەدوور بێ
یان لە هەست و سۆزی سەرکێش
یان لەو شتانەی وا ئەکەن
چاوانت بدرەوشێنەوە و
ترپەی دڵت خێراتر بێ
هێدی هێدی گیان ئەسپێری
کە لە کارێ بێزار ئەبیت
یان لە ئەوین و نەیگۆڕی
یا لەناو دڵنیاییدا
بۆ نادڵنیایی نەگەڕێی
دوای خەونەکانت نەکەوی
یان بۆ تاقە جارێکیش بێ لە ژیانتا
لە ئامۆژگاریی ژیرانە یاخی نەبی.

